دیموكراسییەت.. گشتپرسی .. دەوڵەت
September 13, 2017
وتار و بیروڕا
ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە سەیری بارودۆخی ئێستای كوردستان بكەین كە هەتا ئێستاش لەقۆناخی رزگاریی نیشتمانیدایەو هەڵكەوتەی جوگرافیاكەی لە ناوچەیەكدایە كە نامۆیە بە كەلچەری سیاسیی یەكتری قبووڵكردن، كە زۆر زەحمەتیشە مەزندەی ئەوە بكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا گۆڕانكاری بەسەر ئەم كەلچەردا بێت و بگۆڕێت بۆ یەكتری قبوڵكردن و پێكەوەژیانی ئاشتییانە، ئەوا دەبێت بەو جۆرە سەیری ماف و گشتپرسی وەك ئامراز بكرێت كە بە هۆیەوە كۆتایی بە دوو ستەمی گەورە دێت كە سەدان ساڵە دەرهەق بە خەڵكی كوردستان پیادە كراوە، ئەو دوو ستەمەش بریتین لە:
1- كۆتاییهاتن بە داگیركاریی كوردستان.
2- دووبارە نەبوونەوەی تاوانی ژینۆساید دژی خەڵكی كوردستان.
هەر بۆیە گرنگە لەم ئاراستەیەوە سەیری گشتپرسی بكرێت وەك ئامرازێك بۆ كۆتاییهێنان بەو دوو ستمە گەورەیە، ئەگەر بەمشێوەیە سەیری پرۆسەی گشتپرسی نەكەین، خۆمان دووچاری هەڵەیەكی گەورە دەكەین.
لێرەوە دەكرێت بڵێین، گشتپرسی هەم مافە، هەم ئامرازە، ئەمەش بەو مانایەی مافی خەڵكی كوردستانە كە بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆی بدات، هەروەها ئامرازیشە بۆ ئەوەی داگیركاری كوردستان كۆتایی پێ بێت و ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، لەم بازنەیەدا ناكرێت گشتپرسی وەك ماف و ئامراز گرێ بدرێتەوە بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دیموكراتی، ئەوجا لە عێراقی عەرەبی بێت، یان لە كوردستان، یاخود ببەسترێتەوە بە هەلومەرجی ئابووری و كۆمەڵایەتی، یان بڕوبیانووی جۆراوجۆری بۆ بدۆزرێتەوە، بە ئامانجی ئەوەی ئاستەنگ بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی دروست بكرێت.
پرۆسەی گشتپرسی خۆی لە خۆیدا ئامرازێكە خزمەتی پرۆسەی دیموكراتی دەكات و دەسەڵاتی راستەقینە دەگەڕێنێتەوە بۆ گەلی كوردستان، دیاریشە گەورەترین شانازیی سیستمی دیموكراتیش لە مێژوودا ئەوەیە كە دەسەڵاتی راستەقینە بگەڕێتەوە بۆ گەل و گەل خۆی سەرچاوەی بڕیار و دەسەڵات بێت، لەم چوارچێوەیەدا بڕیاردانی گەلی كوردستان لە 25ی ئەیلوولی ئەمساڵ، بڕیاردانە بۆ بەدەستهێنانی دەوڵەت و دەستپێكی قۆناخی ئازادییە.
كوردستان لە ئێستادا كە لەلایەن دراوسێكانی خۆیەوە داگیركراوە، لەماوەی مێژووی ئەم داگیركارییەشدا كە نزیكەی 100ساڵە، چەندین جار گەلەكەی ژینۆسایدو كۆمەڵكوژ كراوەو شارو گوندەكانی لەگەڵ زەوی تەخت كراوە، بەزۆر گەلەكەی راگوێزراوە، یاخود لەناو پرۆسەی بەدناوی تەعریبدا هەوڵدراوە كە ناسنامەی نەتەوەیی تەواوی نەتەوەو پێكهاتەكانی كوردستان بسڕنەوە. مێژووی مرۆڤایەتی راشكاوانە ئەو راستییەی تۆمار كردووە كە هەر گەلێك وەك گەلی كوردستان ئەو هەموو نەهامەتی و كارەساتەی بەسەردا هاتبێت، ئەوا هەرگیز نەیتوانیوە لەگەڵ جەلادەكانی خۆی بە ئازادی و یەكسانی بژی، یاخود لە ناو پرۆسەیەكی سیاسیی هاوسەنگدا شەراكەت و هاوبەشیی راستەقینە دروست بكات.
مێژووی گەلە ئازادەكانی جیهان پێمان دەڵێت، تەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەیی و نیشتمانیدا كۆتایی بە جەور و ستەم دێت و قۆناخی ئاشتی و سەقامگیری دەست پێدەكات، ئەمەش بۆتە ئەو هۆكارەی كە گەل و نەتەوەكانی جیهان پرۆسەی گەیشتن بە ئازادی، بە پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی گرێ بدەنەوەو دەوڵەت وەك لانكێك بۆ لەدایكبوونی ئازادی و دیموكراتی پێناسە بكەنەوە.
لەو رۆژەوەی كوردستان بۆتە خاكێكی داگیركراو، گەلی كوردستان دەستی داوەتە شۆڕش و مقاوەمەت بۆ ئەوەی كۆتایی بەو داگیركارییە بهێنێت. دیارە لە ماوەی مێژووی 100 ساڵی رابردووی شۆڕشەكانی كوردستاندا، ئامانجی شۆڕشەكان سەربەخۆیی كوردستان بووە، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخە نێودەوڵەتییەی كە لە ئاكامی شەڕی یەكەم و دووەمی جیهانی هاتبووە ئاراوە، زۆر جاران بەلەبەر چاوگرتنی ئەو بارودۆخە نێودەوڵەتییە، خەباتی شۆڕشەكانی كوردستان دوو ئامانجی لەخۆی گرتووە كە یەكەمیان بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی دیموكراتیی راستەقینە، یاخود بونیادنانی دەوڵەتێكی نەتەوەیی و نیشتمانی مۆدێرن بووە، بەڵام دەركەوت نە ئەو كۆمەڵگە دیموكراسییە راستەقینەیە لەدایكبوو، نە عێراقیش بووە ئەو دەوڵەتە نیشتمانییە هاوچەرخەی كە پێكهاتەكانی بە ناسنامە و نیشتمانی خۆیانی بزانن.
دیارە لەدوای رووخانی خەلافەتی تالیبان لە ئەفغستان و رژێمی سەدام حوسێن لە عێراقدا، جیهان بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە لەناو دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی زۆر زەحمەتە پرۆسەی بونیادنانی دیموكراسی لەچوارچێوەی ئەو دەوڵەتانە سەركەتوو بێت، بۆیە ئێستا بەو ئاراستەیە هەنگاو هەڵدەگرن كە پرۆسەی راستكردنەوەی دەوڵەت و دروستكردنی دەوڵەتی تازە لە پێكهێنانی كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی ئاسانترە.
ئەوجا ئەگەر لێرەوە هەردوو ئامانجە گەورەكەی شۆڕشەكانی كوردستان لەماوەی 100 ساڵی رابردوو پێكەوە گرێ بدەینەوە كە بریتین لە بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی دیموكراتیی راستەقینەو دەوڵەتێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی هاوچەرخ، ئەوا رێگەی راست گشتپرسی خەڵكی كوردستانە بۆ سەربەخۆیی، گەیشتن بەم قەناعەتەش بەرەنجامی تاقیكردنەوەی هەموو رێگەچارەكانی دیكە كە پێشتر تاقیكراونەتەوەو هەمووشیان شكستی هێناوە، بۆیە لە ئێستادا نەك هەر تەنیا خەڵكی كوردستان، بەڵكو جیهانی ئازادیش بەرەو ئەوە دەچێت كە تەفەهومی ئەو راستییە بكات، بەوەی بڕیاری گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی، رێگەیەكە بۆ چارەسەری كێشەكان.
ئەوەی لە دوماهی ئەم دێڕانەدا دەمەوێت جەختی لەسەر بكەمەوە، ئەوەیە كە جێگەی سەڕسورمانە لەناو كەشوهەواوی ئازادی كوردستاندا خەڵكانێك هەبن رزگاری و ئازادیی نەتەوەیی خۆیان رەتبكەنەوە، بەڵام بوونی ئەو خەڵكانەش دەرهاویشتەی نەبوونی دەوڵەتە، بۆیە كاتێك خەڵكی كوردستان لە پرۆسەی گشتپرسیدا بڕیار بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەدات، ئەوا زەمینەیەك بۆ گەلی كوردستان دروست دەبێت كە وەك هەموو گەل و نەتەوەكانی جیهان لە چوارچێوەی دەوڵەتی خۆیدا رێگەچارەی گونجاو بۆ هەموو گرفتەكانی خۆی دیاری بكات، بە گرفتی ئەوانەشەوە كە ئێستا دژی گشتپرسی پڕوپاگەندە دەكەن.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
تایبەت بۆ گوڵانی نووسیوە