كوردانى ئه وروپا پشتيوانى سه ربه خؤيى ده كه ن
August 28, 2017
وتار و بیروڕا
كوردانی ئەوڕوپا بە پێچەوانەی ئەم سەرلێشێوێنراوانەوە، لەبایەخی دەوڵەت و دەوڵەتداری تێگەیشتوون و دەزانن بوونی دەوڵەت مانای چییەو بێ دەوڵەتیش واتای چییە.
ئەوان ئەو ڕاستییە بەكردار دەزانن كە دەوڵەت واتا سنوور، سوپا، ئەمن و ئاسایش. خۆشگوزەرانی و ئاڵا و سەروەری و چوونە ڕیزی گەلانەوە، هەر بۆیەش وا بەگەرم و گوڕی پشتیوانی ئەو داخوازییە ڕەوایەی گەلەكەیان دەكەن.
بەڵام ئەم (نەخێر)یانەی نێوخۆمان، ئەمانیش بەكردار دەیانەوێ گەلەكەمان بۆ هەتا هەتایە لەژێر دەستەیی بمێنێتەوە و نەبینە خاوەنی هیچ و ئەو هەموو خەبات و خوێنەیش بەفیڕۆ بڕوات و جارێكی دیكە سوپا و دەسەڵاتی بەغدا بگەڕێتەوە كوردستان و تاكە عەریفێك یان ئەفسەرێك حوكمی شارێك بكات و هەرچی پیرۆزی وڵاتە بخاتە ژێرپێی و حساب بۆ كەسیش نەكات.
ئەوانەی ئەو ڕۆژانەیان بیرە، دەزانن كە چۆن وڵاتمان ببووە زیندانێكی گەورە و گەلەكەمانی تێدا بەندكرابوو، ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان زوڵم و زۆر ناهەقییان دەرهەق دەكردین كە كار گەیشتە قڕكردنی بە كۆمەڵ و چۆڵكردنی خاكمان.
ئیدی دەبێ گەڕاندنەوە بۆ ئەو ڕۆژانە سوودی بۆ كێ هەبێت، جگە لە كۆمەڵێك بێ هەست و ویژدان كە پشت دەكەنە نیشتیمان و خوێنی شەهیدان زیاتر كە ئاوا بێ شەرمانە ڕووبەڕووی گەلەكەمان لەم پرسە چارەنووسسازەدا دەبنەوە.
ئەوە هیچ گومانی تێدا نییە كە ئەو دەنگە نەخۆشانە سەرناكەوێت و ئیرادەی خەڵكی شۆڕشگێر و قوربانیدەر بە دڵنیاییەوە سەردەكەوێت و ئەوانیش تەنیا پەشیمانیان بۆ دەمێنێتەوە كە ئەمجارە ئەویش دادیان نادات.
گەلەكەمان و سەركردایەتی سیاسی لەمەوپێش زۆر لێبوردە بووە، هیوادارین ئەمجارە وانەبێت و هەر نەبێت ئەوانە ڕەوانەی لای مامۆستاكانیان بكات، چونكە گوناهە ئیتر ئەو جۆرە توخمانە لەسەر خاكی پیرۆزی كوردستان و لەنێو گەلی خۆڕاگر و قوربانیدەری كوردا بەردەوامی بەژیان بدەن.