كوردستان و ڤایرۆسەكانی نەخۆش كەوتنی دیموكراتی

كوردستان و ڤایرۆسەكانی نەخۆش كەوتنی دیموكراتی
كاتێك دەڵێن بونیادنانی سیستمی دیموكراتی بەبێ بوونی دەوڵەت بێجگە لە خەیاڵ شتێكی دیكە نییە، زۆر كەس ئەو پرسیارە دەورووژێنن و دەڵێن، كوردستانی باشوور دەوڵەتیش نییە و هەنگاوی بۆ ئەزموونێكی دیموكراتی هەڵگرتووەو، ئەگەر ئەم ئەزموونە كەموكورتیشی هەبێت، بەڵام بۆچی هەروەك هەنگاوێك بۆ بونیادی سیستمی دیموكراتی لەسەر ئاستی جیهان مامەڵەی لەگەڵ كراوە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێین: ئەگەر دوای كۆڕەوەكەی ساڵی 1991و دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، رژێمی بەعس دامەزراوە دەوڵەتییەكانی لە كوردستان نەكێشابایەتەوە، كورد نەیدەتوانی بڕیاری هەڵبژاردن بۆ دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی كوردستان بدات، ئەمەش بەو مانایەی دوای ئەوەی رژێمی بەعس وەك دروستكردنی گوشارێك بۆ سەر كوردستان، دامەزراوە دەوڵەتییەكانی كشاندەوە، راشكاوانە پێی گوتین: فەرموون ئێوە ببن بە دەوڵەت و خۆتان خۆتان بەڕێوە بەرن، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا، بناخەی سەرەكی بۆ بونیادی سیستمی دیموكراتی، یان ئەزموونی دیموكراتی لە ژینگەی دەوڵەتی ئەمری واقیعی كوردستان دەستی پێكردووە، ئەگەر كوردستان بە ئەمری واقیع نەبوایەتە دەوڵەت، ئەم ئەزموونە دەستی پێنەدەكرد.
بەڕێز مسعود بارزانی كە ئەوكات سەرۆكی بەرەی كوردستانی بوو، هەموو هەوڵ و توانای خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی سەركردایەتی بەرەی كوردستانی بەوە رازی بكات، باشترین میكانیزم بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئیدارییەی رژێمی بەعس لە كوردستان دروستی كردووە، ئەوەیە كە خەڵكی كوردستان هەڵبژاردن ئەنجام بدات و گەلی كوردستان خۆیان ببنە سەرچاوەی دەسەڵات و دەوڵەتی قانوون دابمەزرێت، رازیبوونی بەرەی كوردستانی بەم بژارەیە هەنگاوێكی مێژوویی و گەورە بوو، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە كامڵنەبوونی سیاسی لە حزبە سیاسیەكاندا وایكرد كە ئەم پرۆسەیە وەك ئەوەی نەخشەی بۆ كێشرابوو بەسەلامەتی لەدایك نەبێت، هەربۆیە لەبری ئەوەی هەڵبژاردنی كوردستان ئەزموونی سیستمێكی لیبڕاڵ دیموكراتی سەقامگیر بەرهەم بهێنێت، شتێكی سەیری لێ بەرهەم هات كە ناویان لێنا حوكمڕانیی (فیفتی – فیفتی).
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئایا بێجگە لە پەسەندكردنی بژارەی (فیفتی- فیفتی)، بژارەی بەدیلی دیكە نەبوو كە پەنای بۆ ببرێت و نیشانەی پرسیار نەكەوێتە شەر بونیادی ئەم ئەزموونە دیموكراتییە؟ بێگومان ئەوانەی چاودێریی بارودۆخی ئەو كاتە بوون و لەناو پرۆسە سیاسییەكەدا كاراكتەری چالاك بوون، وەڵامی ئەم پرسیارە بەو جۆرە دەدەنەوە، كە بژارەی رازیبوون بە (فیفتی – فیفتی) لەبەرامبەر هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و تێكدانی سەقامگیری كوردستان و لەباربردنی ئاكامەكانی هەڵبژاردن بووە، بۆیە لەنێوان ئەم دوو بژارەیە سەركردەی خاوەن لۆژیك و بەرپرسیار بەرامبەر ئایندەی نەتەوەكەی (فیفتی – فیفتی) هەڵدەبژێرێت، هەربۆیەش لەسەر ئەم بنەمایە بەڕێز مسعود بارزانی بەوە رازی بوو كە ئاكامی هەڵبژاردن وەك خۆی رابگەیەندرێت، بەڵام پەرلەمان و حكومەت لەسەر بنەمای (فیفتی – فیفتی) پێكبهێنرێت.
ئاماژەكردن بۆ دەستپێكی بونیادنانی ئەزموونی دیموكراتی لە كوردستاندا، كای كۆن بە باكردن نییە، بەڵكو هەوڵدانە بۆ دەستنیشانكردنی ڤایرۆسی هەڕەشەی تێكدانی سەقامگیریی كوردستان، كە لەماوەی 25 ساڵی ئەزموونی حوكمڕانیدا، بواری ئەوەی نەداوە دیموكراتییەكی ساغلەم لە كوردستاندا بێتەئاراوە. ئەوجا لەبەر ئەوەی هەر لە سەرەتاوە مەرجی درێژەپێدان بە ئەزموونی دیموكراتی لە كوردستان بەوە گرێدرایەوە كە نابێت هیچ كام لە دوو حزبە سەرەكییەكە (پارتی و یەكێتی) لە هەڵبژاردن براوە و دۆڕاو بێت، ئەوا كاتێك هەوڵی ئەوە درا كە سندوقی دەنگدان ببێتە میكانیزمی یەكلاكردنەوەی دەسەڵات، ئەوا لەبری ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، چەند جەولەیەكی شەڕی ناوخۆ لە كوردستان هەڵگیرساو سەرەنجامیش لەگەڵ ئەوەی هەوڵە ناوخۆییەكان نەیانتوانی سەركەوتوو بن، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ساڵی 1998 و لە چوارچێوەی رێككەوتنی واشنتۆن پارتی و یەكێتی كۆكردەوەو بۆ ئەوەی پێش هەموو شت سەقامگیری لە هەردوو ئیدارەی (هەولێر و سلێمانی) بەردەوام بێت و پاشان هەنگاو بۆ ئەوە هەڵبگیرێت كە پارتی و یەكێتی پێكەوە بەرپرسیاریەتی ئەم قۆناخە هەڵبگرن و پێكەوە بە یەك لیست داببەزن و ئیدارەی هەرێمی كوردستان بكەن، ئەم هەنگاوانە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە 2003 و نووسینەوەی دەستووری عێراق و پاشانیش بەشداری كورد لە حكومەتی فیدرالی عێراق، هەنگاوی بۆ رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی هەڵگرت.
ئامانج لە رێككەوتنی ستراتیژی و دابەشكردنی دەسەڵات و پشكەكانی كوردستان لە حكومەتی فیدرالی عێراق لە نێوان پارتی و یەكێتی، پێش ئەوەی ئامانج لێی پەرەپێدانی دیموكراتی بێت، ئامانجی سەرەكیی پاراستنی سەقامگیریی كوردستان بووە، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر سەقامگیری بوونی نەبوو، دیموكراتییش بوونی نابێت، هەروەها دەكرێت لەسەر زەمیەنەیەكی سەقامگیر هەنگاو بۆ بونیادی دیموكراتی هەڵبگیرێت، بەڵام بە دیموكراتی ناتوانرێت پاشاگەردانی و بێ نیزامی بگۆڕێت بۆ سیستمێكی دیموكراتی.
ئەم هەموو هەوڵە خرانەگەڕ بۆ ئەوەی زەمینەیەك دروست بێت، هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی لە چوارچێوەی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەك بگرنەوە، لەگەڵ ئەوەی توانرا بە كابینەیەكی 42 وەزارەتی پرۆسەیەكی سەركەوتوو بۆ ئەم یەكگرتنەوەیە ئەنجام بدرێت، بەڵام مخابن لەو رۆژەوەی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەكار بوو، خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان جیابۆوە و لێكترازانێكی گەورەی لەناو ماڵی یەكێتی دروست كردو سەقامگیری سیاسیی ناو یەكێتی گۆڕی بۆ ناسەقامگیرییەكی تەواو، هەروەها هەموو هەوڵی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی هەڵبوەشێنێتەوە.
بێگومان هەتا ئەو كاتەی جەنابی مام جەلال نەخۆش نەكەوتبوو، خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا نەیتوانی درز و كەلێن بخاتە رێككەوتنی ستراتیژی و مام جەلال زۆر بە دەنگی بەرز جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە، رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی موقەدەسە و دەبێت وەك بیلبیلەی چاو بپارێزرێت، بەڵام مخابن كاتێك جەنابی مام جەلال نەخۆش كەوت، یەكێتی نیشتمانی لەژیر گوشاری بزووتنەوەی گۆڕان و گوشاری شەخسی خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا لە 2013 بەكردەیی لەیەكێك لە خاڵە گرنگەكانی رێككەوتنی ستراتیژی هاتەدەرەوە كە ئەویش دابەزینی پارتی و یەكێتی بوو بە لیستێكی هاوبەش لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان و عێراقدا، بەڵام وێڕای ئەوەی یەكێتی كەلێنێكی گەورەی خستە ناو رێككەوتنی ستراتیژی، كەچی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەر رۆشنایی رێنماییەكانی سەرۆك بارزانی و تێگەیشتنی لە گرنگیی ئەم رێككەوتنە بۆ سەقامگیری كوردستان، لای خۆیەوە پێوەی پابەندبوو، جەختیشی لە سەركردایەتی یەكێتی دەكردەوە بەم رێككەوتنەوە پابەند بن.
لەدوای هەڵبژاردنەكانی 2013، بزووتنەوەی گۆڕان و خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا، دروشمی چوارساڵ ئارامییان بەرزكردەوەو لە چوارچێوەی ئەم دروشمەدا پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداریكردن لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێككەوت، بەپێی ئەم رێككەوتنەش بزووتنەوەی گۆران هەر مەرجێكی هەبوو لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پەسەند كرا و لەسەر ئاستی بەشداریی كوردیش لە حكومەتی بەغدا، دیسان پارتی سازشی لەسەر جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرد كە بەركەوتەی هەڵبژاردنی خۆی بوو، تەنیا لەپێناوی ئەوەی سەقامگیری بگەڕێتەوە ناو پرۆسەی سیاسی و كوردستان بتوانێت رووبەڕووی هەڕەشە و تەحەدداكان ببێتەوە.
ئەگەر تەنیا سەرنجی ماوەی یەك ساڵی سەقامگیریی پرۆسەی سیاسیی كوردستان بدەین لە ئایاری 2014 – ئایاری 2015، بە راشكاوی دەبینین كە كوردستان لەماوەی ئەم ساڵەدا رووبەڕووی ئەو هەموو كارەسات و نەهامەتییە بووەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی فاكتەری ناسەقامگیری بوونی نەمابوو، لەهەموویاندا بە سەركەوتوویی دەرچووین لەوانە:
لە ساڵی 2014 حكومەتی نوری مالیكی بوودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕی.
لە حوزەیرانی 2014 رێكخراوی تیرۆریستی داعش موسڵی داگیركرد و كوردستان رووبەڕووی شەڕێكی گەورە بووەوە و پاشانیش لە ئابی 2014 داعش هێرشی كردە سەر كوردستان و شنگال و چەندین ناوچەی دیكەی كوردستانی داگیركرد.
بەهۆی هاتنی نزیكەی 1.8 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ و كوردانی سووریا بۆ كوردستان، دیموگرافیای كوردستان زۆر بە كتوپڕی بە رێژەی 30% زیادی كرد.
هێزی پێشمەرگەی كوردستان وێڕای ئەوەی پاشەكشەی بە تیرۆریستانی داعش لە باشووری كوردستان كرد، لە هەمانكاتدا پەرلەمان بڕیاری دا كە هێزی پێشمەرگە بنێرێت بۆ هاوكاری رۆژئاوا و كۆبانێ لە كەوتن رزگاری بوو.
شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی بارزانی سەردانی كۆشكی سپی كردو زۆر بە راشكاوانە باسی پرۆسەی سەربەخۆیی لەگەڵ سەرۆك ئۆباما كراو ئەمریكا راشكاوانە بە شاندەكەی راگەیاندبوو كە ئەوان دژی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان نین.
خەڵكی كوردستان وێڕای بێ مووچەیی و شەڕێكی نەخوازراوی گەورە، بەڵام دەستە دەستە روویان لە بەرەكانی شەڕ دەكردو بەرگرییان لە كوردستان دەكرد، بە شێوەیەكی گشتی سەقامگیری پرۆسەی سیاسی ببووە هۆكاری ئەوەی ئیرادەی خەڵكی كوردستان بارتەقای هەموو ئەو هەڕەشە و تەحەددییانە بوەستێتەوە، بەسەر هەمووشیاندا زاڵ بێت.
بەڵام مخابن، لەپڕ و بەبێ ئەوەی هیچ هۆكارێكی موقنیع و پێویست بوونی هەبێت، لەژێر پەردەی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، جارێكی دیكە شەخسی خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەی گۆڕان، باری سەقامگیریی سیاسیی كوردستانیان تێكداو جارێكی دیكە خەریك بوو كوردستان بگەڕێتەوە بۆ ناو بازنەی پاشاگەردانی و شەڕی ناوخۆ، بەڵام ئەمجارەیان پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری دا بەهەر نرخێك بێت، رێگە لە ناسەقامگیری و پاشاگەردانی بگرێت، بۆیە رێككەوتنەكەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆران هەڵوەشاندەوە.
ئەگەر بێ لایانەنانە سەیری پرۆسەی ئەزموونی دیموكراتی هەرێمی كوردستان بكەین لە ماوەی 25 ساڵی رابردوودا، دەبینین ڤایرۆسی ترسناك لە جەستەی ئەم ئەزموونە دیموكراتییە، ئەو هەوڵانەیە كە بۆ ناسەقامگیری سیاسی دراون، بەپێچەوانەوە ئەگەر ناسەقامگیری سیاسی بوونی نەبووبێت، ئەوا كوردستان رووبەڕووی هەر كێشە و كارەساتێك بووبێتەوە، ئیرادەی خەڵكی كوردستان لە هەموو كێشەو كارەساتەكان گەورەتر بووە .
Top