لۆژیك و هۆكارەكانی ریفراندۆم ... ماناو ئامانجی پرۆسەكە دیاری دەكات
August 21, 2017
وتار و بیروڕا
ئەم مێژووە پێمان دەڵێت، ریفراندۆم بەرهەمی شۆڕشی ئەمریكایە و وەرچەرخانە لە پەنابردن بۆ شەڕ بۆ بەدەستهێنانی مافە سیاسییەكان، پەنابردنە بۆ میكانیزمێكی ئاشتییانە كە وەرگرتنی رای گەل یان خەڵكانێكی دیاریكراوە بۆ دەستنیشانكردنی ئەو ئامانجەی كە هەیانە.ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر گەلی ئەمریكا پەنای بۆ شەڕ و شۆڕش بردبێت بۆ ئەوەی لە گەلی بەریتانیا جیابێتەوە و سەربەخۆ بێت، ئەوا یەكەم ئەزموونی دوای ئەو شۆڕشە ئەوەیە كە ویلایەتێك دەیەوێت بە رێگەیەكی ئاشتییانە و بەرێگەی دیالۆگ و دانوستاندن بگاتە سەربەخۆیی. لە ئێستاشدا كە نزیكەی دووسەدە و نیو بەسەر یەكەم ئەزموونی ریفراندۆم وەك میكانیزمێكی ئاشتی بۆ گەیشتن بە ئامانجەكان تێدەپەڕێت، جارێكی دیكە ریفراندۆمی ئاشتییانە و وتویژ و دانوستاندن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بۆتەوە بە جێگەی بایەخی ناوەندەكانی فیكر و لێكۆڵینەوە و بەرنامەی بڕیارسازانی جیهانی بۆ ئەوەی كێشەكانی پێ چارەسەر بكەن.
ئەنجامدانی ریفراندۆم، تەنها بۆ پرسی سەربەخۆیی و بەدەستهێنانی سەروەریی نییە بۆ نەتەوە بێ دەوڵەتەكان، بەڵكو سەركەوتنی ئەم ئاراستەیە لەچارەسەری ئاشتیانەی كێشەكاندا، گەلێك بوار و لایەنەی دیكەشی گرتۆتەوە لەوانە:
1. ریفراندۆم بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان نەتەوەكان بەرێگەی دووبارە دابەشكردنەوەی سەروەریی لە نێوانیان و جیاكردنەوەیان لەچوارچێوەی دوو دەوڵەتی سەربەخۆدا.
2. ریفراندۆم بۆ یەكگرتنەوەی دوو نەتەوە، بۆ نموونە دەكرێت هەردوو كۆریای باكوور و باشوور بە ریفراندۆم یەكبگرنەوە، یان یەكگرتنەوەی دوو نەتەوەی جیاواز بە رێگەی ریفراندۆم لە چوارچێوەی یەك دەوڵەتدا پێكەوە بژین.
3. ریفراندۆمی سەرووی نەتەوەیی بۆ وازهێنان لە هەندێك مافی سەروەریی لە پێناوی هاوپەیمانییەك یان یەكێتییەك، ئەمەش وەك هاوپەیمانی ناتۆ، یان فیدراسیۆنی یەكێتیی ئەوروپا، ئەم جۆرە ریفراندۆمە هەم بۆ ئەندامێتییە لەو یەكێتی و هاوپەیمانییانە، هەمیش بۆ دەرچوونە لەو یەكێتی و هاوپەیمانییانە، لەوانە وەك دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا.
4. ریفراندۆم بۆ رێكخستنی شێوازی حوكمڕانی و پەسەندكردنی دەستوور، كێشەی خاك لە نێوان دوو نەتەوە.
ئەم بەرچاو روونییە ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەكات، كە پرۆسەی ریفراندۆم هەموویان بۆ یەك ئامانج و یەك مەبەست ئەنجام نادرێن، بەڵكو لۆژیك و چوارچێوەی ریفراندۆمەكە، ئامانجی ریفراندۆمەكە دیاری دەكات.
لێرەوە ئەگەر سەرنج لەو لۆژیكە بدەین كە سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان داوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی كردووە بۆ ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و عێراق، دەبینین لەچەندین خاڵی هەمەجۆردا ئەو لۆژیكە چوارچێوەیەك بۆ ریفراندۆمەكە دروست دەكات كە دەكرێت ئاماژە بە هەندێكیان بكەین:
كاتێك سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای كرد، ناچارین بگەڕێینەوە بۆ گەلی كوردستان و بزانین ئەوان چ بڕیارێك دەدەن، ئەمە ئەو كاتە بوو كە حكومەتی نوری مالیكی پابەند نەبوو بەو 19 خاڵەی رێككەوتنی هەولێر لەنێوان تەواوی لایەنە عێراقییەكاندا، كە ئامانج لەو رێككەوتنە چەسپاندنی بنەمای دەوڵەتی تازەی عێراق بووە، وەك دەوڵەتێكی فیدرالی و پەرلەمانی و دیموكراتی و فرەیی و پێكەوەژیانی ئارەزوومەندانە، هەنگاوهەڵگرتن بووە بەرەو پێشێلكردنی دەستوور و دیكتاتۆریەت لە عێراقدا، ئەم لۆژیكە ئەوەمان پێدەڵێت، لەو كاتەوەی حكومەتی دەسەڵاتدارانی شیعە بەرەو دیكتاتۆریەت هەنگاوی هەڵگرتووە، لۆژیك و چوارچێوەی ریفراندۆمی كوردستان دیاریكراوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئامانجی ریفراندۆمی كوردستان بۆ ئەوەیە بەشێوەیەكی ئاشتیانە كوردستان و عێراق ببنە دوو دراوسێی باش.
خاڵێكی دیكە سەبارەت بە لۆژیك و چوارچێوەی ریفراندۆمی كوردستان ئەوەیە، كە جارێكی دیكە ناكرێت و ناشێت، كوردستان وەك بەشێك لە عێراق، پشت بەو بەشە بودجەی عێراق ببەستێت، یان بۆ پاراستنی كوردستان پشت بە سیستمی بەرگریی عێراق ببەستێت، بۆیە بژێویی و پاراستنی خەڵكی كوردستان وا دەخوازێت كە كوردستان ژێرخانی ئابووری و بەرگریی سەربەخۆی هەبێت، ئەمەش پێویستی بەوەیە لەگەڵ حكومەتی عێراق وتووێژ و دانوستاندنی جیددی بكات لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی سەروەریی بۆ ئەوەی كوردستانیش ببێتە خاوەنی سەروەریی خۆی و بتوانێت هەردوو ژێرخانی ئابووری و سەربازی بۆ خۆی دابین بكات.
كوردستان وەك ئێستا دەوڵەتی ئەمری واقیع بێت یان بەفەرمی و ئاشتیانە ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، هیچ كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر دەوڵەتی عێراقی عەرەبی نابێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەو سیستمە سیاسییەی لە كوردستاندا بوونی هەیە و پیادە دەكرێت، ناكرێت و ناشێت تێكەڵی سیستمی سیاسیی شكستخواردووی عێراق بكرێتەوە، هەروەها ئەو پرۆسەی ریفۆرمەی لە كوردستان دەستی پێكردووە، ناتوانرێت بە هەمان ئاست لە عێراقیش پیادە بكرێت، لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە بوونی كوردستان لە دەوڵەتێكی ئەمری واقیعەوە بۆ دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی فەرمی، خزمەتێكی گەورە بە رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی لە نێوان شیعەو سوننە دەكات و عێراق دەبێتە یەكەمین دەوڵەت لەناو ئەو چوار دەوڵەتەی كوردستانی بەسەردا دابەشكراوە، كێشەی كوردستانی نامێنێت، نەمانی ئەم كێشەیە دەبێتە هۆكاری ئەوەی، پرسی قەومییەتی عەرەبی، عەرەبی شیعە و سوننە باشتر پێكەوە كۆبكاتەوە، ئەگەر عێراقی عەرەبی بتوانێت خۆی لەژێر هەژموونی ئێران بێنێتە دەرەوە و زیاتر هەنگاو بەرەو خۆنزیككردنەوە لەگەڵ سعودیە و دەوڵەتانی كەنداو عەرەبی هەڵبگرێت.
حكومەتی ئێستای عێراق و لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق، لەهەمبەر لۆژیك و چوارچێوەی ریفراندۆمی كوردستان، كەو توونەتە هەڵوێستێكەوە كە ناتوانن سنووری ئەو لۆژیك و چوارچێوەیە رەتبكەنەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەر پرۆسەیەك بۆ دووبارە رێكخستنەوەی عێراق لە نێوان كوردستان و عێراق لە شاهیدی و میانگیری ئەمریكا و دەوڵەتانی هاوپەیمان و نەتەوە یەكگرتووەكان بێتە ئاراوە، هیچ كام لەو دەوڵەتانە و نەتەوە یەكگرتووەكانیش ناتوانن، پێداگیریی لەسەر ئەوە بكەن كە جارێكی دیكە پەیوەندیی نێوان كوردستان و عێراق لەچوارچێوەی دەوڵەتێكی فیدرالی رێكبخرێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە، سیستمی سیاسیی حكومەتی عێراق تەواو بەرگی فیدرالی و فرەیی و پێكەوەژیانی ئارەزوومەندانەی لەخۆی داماڵیوە و باردۆخی سیاسیی عێراق و كاریگەریی نفوزی ئێران لەناو هێزە سیاسییەكانی شیعە، بواری ئەوە نادات، جارێكی دیكە عێراق بگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتێكی فیدرالی و پەرلەمان و تەوافوقی و دیموكراتی و هاوبەشی راستەقینەوە، هەر لەم حاڵەتەدا پاراستنی وەزعی راهینی پرۆسەی سیاسی بۆ عەرەبی شیعە لەوە باشترە كە بگەڕێتەوە بۆ دەستووری 2005 و دووبارە رێكخستنەوەی عێراق لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، بۆیە ئەگەر حكومەتی شیعەی عێراق بە تەنگ ئەوەوە بوایە كە پارێزگاری لە عێراق بكات و لە هەوڵی ئەوەدا بوایە كە سیستمە سیاسییەكەی لەسەر دەستووری 2005 رێكبخاتەوە، ئەوا دەیتوانی لە چوارچێوەی دەسەڵاتە دیاریكراوەكانی حكومەتی فیدرالی عێراق، پەیامی خۆی ئاراستەی گەلی كوردستان بكات، بۆ ئەوەی گەلی كوردستان لەبری تەنیا بژارەی سەربەخۆیی، بژارەی هاوبەشیكردنی راستەقینەی لەگەڵ عێراقدا لەبەر دەست بوایە، بەڵام لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی شیعە ناتوانن ئەو هەنگاوە هەڵبگرن، ئەوا دەبینین، لەچوارچێوەیەكی گشتیدا ریفراندۆم رەتدەكەنەوەو بەشێوەیەكی كردەییش هیچ هەنگاوێك هەڵناگرن كە ئەو كێشانەی پێویستیان بە دانوستاندن نییە وەك (گێڕانەوەی بودجە و مووچەی كوردستان، گێڕانەوەی بودجە و مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە لەچوارچێوەی بودجەی سەروەریی عێراق، جێبەجێكردنی ماددەی 140 و دانپێدانان بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم وەك بەشێك لە جوگرافیا و سنووری كوردستان، هەربۆیە كاتێك حكومەتی عێراق وەك دەوڵەتێكی دراوسێ مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكات، ئەوا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراقە كە كوردستان ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجامبدات.
دەوڵەتانی دراوسێی عێراق، بەتایبەتی هەردوو دەوڵەتی توركیا و ئێران، خۆیان زۆر باش دەزانن، كە ئەوان ناتوانن ببنە میانگیرێكی باش بۆ دووبارە رێكخستنەوەی عێراق، رێكخستنەوەی عێراق بەو شێوەی لە دەستووری 2005 ئاماژەی پێكراوە، ئەگەر تا ئاستێك لە بەرژەوەندیی توركیا نەبێت، بەڵام بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران، بوونی عێراق بە دەوڵەتێكی مەدەنیی ئەوتۆ كە دەسەڵاتی مەرجەعییەتی شیعە لە دەسەڵاتی حكومڕانی مەدەنی جیاكرابیتەوە، ئەمە بۆ ئێران مانای ئەوەیە كۆتایی خەونی مەددی شیعەگەرایی یان هیلالی شیعە، بەڵام ئەگەر كوردستان ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، ئەوكات ئێران باشتر لە رێگەی وەكیلەكانییەوە دەتوانێت پارێزگاریی بە نفوزی خۆیەوە لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بكات، لەم حاڵەتەشدا كە شیعەی عێراق بەپێی سیاسەتی ئێرانی مامەڵە لەگەڵ عەرەبی سوننەی عێراق دەكات، ئەوا هەموو كات مەترسییەكی ئاشكرا لەسەر شیعە دەبێت و، لەم حاڵەتەشدا مەرجەعییەتی شیعەی نەجەف ناتوانێت فەتوا بدات و سنوورێك بۆ وەكیلەكانی ئێران لەناو هێزە سیاسییەكان و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دابنێت.
سەبارەت بە بەرژەوەندیی ئەمریكا و دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، لەدامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، بێگومان، مەترسیی سەرەكیی ئەوان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان ئەوە نییە كە دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە لەگەڵ ئامانجی شەڕی دژی داعش یەكناگرێتەوە، بەڵكو ئەوانە لەو گۆشە نیگایەوە سەیری دەكەن، ئەگەر لەئێستا دەوڵەتی كوردستان رابگەیەنرێت كە هێشتا شەڕی داعش لەناوچەكانی عەرەبی عێراقی كۆتایی نەهاتووە، ئەوا لەم حاڵەتەدا عێراقی عەرەبی دەبێتە دیارییەكی گرنگ بۆ ئێران، بۆیە ئەوان دەخوازن كورد ببێتە فاكتەرێك بۆ رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسیی عێراق و دامەزراندنەوەی حكومەتی عێراق دوور لە كاریگەریی نفوزی ئێرانی، بۆ ئەمەش دەیانەوێت، د.حەیدەر عەبادی بە پشتگیریی رەوتی سەدر و مەرجەعییەتی نەجەف جارێكی دیكە ببێتەوە سەرۆك وەزیران و لەرێگەی حكومەتە تازەكەی عەبادییەوە، ئەو هێز و لایەن و سەركردەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە پرۆسەی سیاسی عێراق دووربخرێنەوە، هەر بۆیەشە داوا دەكەن ئەم پرۆسەیە دوابخرێت، بەڵام بەراشكاوی لە چوارچێوەی هەڵوێستێكی فەرمی و نووسراوە ئەوەیان دیاری نەكردووە كە تاكەی دوابخرێت، بۆیە ئەگەر وەك پارێزگاری كەركوك دەڵێت، ئەوا راشكاوانەو بە نووسراو و فەرمی، كورد لەوە دڵنیا بكەنەوە كە ئەوان پشتگیریی لە مافی چارەنووسی گەلی كوردستان دەكەن و ئامادەن دوای ئەو ماوەیەی كە دایدەنێن، پشتگیریی لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بكەن، لەوانەیە ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بتوانێت لەم چوارچێوەیەدا وتوێژ یان دانوستاندن لەگەڵ ئەمریكا یان دەوڵەتانی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژی داعش و نەتەوە یەكگرتووەكان بكات، بەڵام ئەمەش گەرەنتی سەدلەسەد نییە، چونكە لە هەموو حاڵەتیكدا ئەم پرسە پەیوەستە بە ئیرادەی خەڵكی كوردستانەوە و ئەوان دەتوانن بڕیاری لەو جۆرە بدەن.
ئەم خاڵانە كە لۆژیك و چوارچێوەی ریفراندۆمی كوردستان بۆ بڕیاردان لەمافی چارەنووس دیاری دەكات، ئێستا لای جیهان ئاشكرایە و تێكڕای جیهانیش بژارەی دیكەیان لەبەر دەستدا نییە بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بەوە قایل بكەن، كە لەنێوان دوو بژارەی تارادەیەك لێكنزیكدا یەكێكیان هەڵبژێرێت، بەڵام وەك ئەوەی پێی دەڵێن تەحسیڵ حاسڵ، جارێكی دیكە ناتوانن پشتگیری یان گوشار لەسەر ئەوە بكەن كە كوردستان ببێتەوە بە بەشێك لە عێراق. بەڵكو داوای ئەوە دەكەن عێراق رێكبخەنەوە پاشان كوردستان بڕیاری خۆی بدات، بۆ ئەمەش كوردستان كە هەرگیز دەرگای لێكتێگەیشتن و وتووێژی بە رووی هیچ پرسێكدا دانەخستووە، پسپۆران پێیان وایە ئەگەر ئەمریكا و دەوڵەتانی هاوپەیمان بە شێوەیەكی فەرمی و نووسراو گەرەنتی بدەنە كوردستان، لەوانەیە كوردستانیش وەڵامێكی ئیجابیان بداتەوە، بەڵام ئەگەر هەر قسە بێت، ئەوا ئەمجارەیان گەلی كوردستان بڕیاری خۆی دا و لە بڕیاری خۆشی پاشگەز نابێتەوە.