بەڵێی ریفراندۆم .. بەڵێ یە بۆ ئاشتی و چارەسەركردنی كشێەی خاك و ناسنامە بە دیالۆگ
August 19, 2017
وتار و بیروڕا
سەركردایەتی سیاسی كوردستان كاتێك بەشداریەكی كارای لە نووسینەوەی دەستوری عێراقی ساڵی 2005 كرد ، باش دەیزانی كە مەحاڵە ئەقڵیەتی عەرەبی عێراق پابەندبێت بەو دەستورەوە، بەڵام بۆ ئەوەی ئۆباڵی شكستی حكومرانی و پارچەپارچە بوونی عێراق نەكەوێتە ئەستۆی كورد و كوردستانیەكان، نەك هەر نەبوونە بەشێك لە كێشەكانی نێوان عەرەبی سونە و عەرەبی شیعە، بەڵكو بوونە لایەنێكی میانگیر بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا سەركەتوو بێت و دەستورەكەش جێ بەجێ بكرێت. لێ وەك بینمان نە توانرا دەستورەكە جێ بەجێ بكرێت و نە توانراش ریگە لە پارچە پارچە بوونی عێراق بگیرێت. دیارە عێراق لە ئاكامی ئەوە پارچە پارچە نەبوو كە كوردستان داوای سەربەخۆیی دەكات، بەڵكو عێراق لە ئاكامی سیاسەتی شیعەگەرایی حكومەتەكەی مالیكی و پەراوێزخستنی عەرەبی سونە پارچە پارچە بوو و سەرەنجامیش كار گەیشتە ئەوەی بەشێكی زۆری عەرەبی سونە پششتگیری كردنیان لە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش لە حكومەتە دیموكراتیەكەی نوری مالیكی پێ باشتر بوو!!. لەبەرامبەریشدا وێرای ئەوەی داعش هێرشی كردە سەر كوردستان و خافلگیرانە چەند ناوچەیەكی دوورە دەستی وەك شنگالی داگیر كرد و كۆمەڵكوژی و ژینۆسایدی دژی كوردانی ئێزدی و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان وەك توركمان و كریستیان ئەنجامدا، بەڵام لەناو گەرمەی شەڕی داعش ، جیا لە ئازادكردنەوەی ناوچە داگیركراوەكانی ژێر دەستی داعش لە هەمانكاتیشدا سنوری جوگرافی و میژووی كوردستان كەوتە ژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگە و حكومەتی عێراق بە میانگیری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ریككەوتنی سەربازی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ناوچە كوردستانیە ئازادكراوەكانی ژێردەستی پێشمەرگە ئیمزا كردووە. ئەمەش مانای ئەوەیە شەڕی دژی داعش ئەمری واقیعی جوگرافیایەكی سەربازی بەسەر هەموو لایەكدا( حكومەتی عێراق، دەوڵەتانی دراوسێ ، دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش) فەرزكردووە و دەبێت لەسەر زەمینەی ئەم ئەمری واقیعەوە هەنگاو بۆ چارەسەر و میكانیزمی چارەسەكردنی ئاشتیانەی كێشەكانی عێراق بە گشتی و پەیوەندی داهاتووی نێوان كوردستان و عێراق هەڵبگرن.
ئەو خەڵكانەی لەو ئەمری واقیعە سەربازییەی دوای شەڕی داعش تێدەگەن، هەموویان بە ( ئەمریكاو دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داشەوە) جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، كە هیچ چارەسەرێكی نیودەوڵەتی و ئیقلیمی بۆ ریكخستنەوە و گێرانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ عێراق بوونی نیە، بێجگە لەوەی كە دەبێت پێكهاتە سەرەكیەكانی عێراق بە تایبەتی ( كوردستان و عەرەبی شیعە و عەرەبی سونە) خۆیان بە وتوێژ و دانوستاندن بگەنە شێوازێك لە رێككەوتن بۆ ئەوەی ئەو ریككەوتنە ببێتە نەخشەی رێگە بۆ دووبارە ریكخستنەوەی نێوماڵی عەرەبی عێراق بە شیعە و سونەوە ، هەروەها ریكخستنەوەی پەیوەندیەكانی نێوان كوردستان و عێراقیش.
كەواتە ئێستای عێراقی دوای داعش بە قۆناخێكی راگواستن دەچێت ، لە عێراقە كۆنەكەی سایكس پیكۆەوە بۆ عێراقێكی دیكە كە تیایدا رەگ و ریشەی فیكری داعشی تێدا هەڵبكەنرێت و ئاشتی و سەقامگیری بگەرێتەوە بۆ عێراق و تەواوی ناوچەكە.ئەمەش وەك ئەو قۆناخە راگوزەرییەی لەدوای رووخانی رژێمی بەعس و سەدام حوسێنەوە دەستی پێكرد و ، بۆ قۆناخی دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێنیش، وەك هەموو لایەك بینیمان عێراقی تازە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە بریاری 4ی 10ی 1992 ی پەرلەمانی كوردستان دووبارە ریكخرایەوە و لەمەش زیاتر چەند هەوڵی ئەوە درا كە شێوازی دەوڵەتی فیدرالیی عێراق لەسەر بنەمای جوگرافی و میژووی بگۆرێت بۆ بنەمای فیدرالیەتی ئیداری، بەڵام سەركردایەتی سیاسی كوردستان پێداگیری كرد و سەرەنجامیش، عێراقی دوای رژێمی سەدام حوسێن، هەر لەسەر بنەمای بڕیاری پەرلەمانی كوردستان و خواستی گەلی كوردستان بونیادنرایەوە و هەر لەسەر ئەم بنەمایەش دەستوری ساڵی 2005 عێراق بەوجۆرە نوسرایەوە كەلەگەڵ ئەمری واقیعی ساڵی 2003ی هەرێمی كوردستان بگونجێنرێت، نەك هەرێمی كوردستان خۆی لەگەڵ دەستوری عێراقدا گونجاندبێت.
بۆ ئێستای دوای شەڕی داعش و دووبارە رێكخستنەوەی عێراق، بیگومان دەبێت ئەمری واقیعی 20ی 11ی 2016 لەبەرچاو بگێرێت ، ئەمەش واتە ئەو رۆژەی كە سەرۆك مسعود بارزانی لە باشیك پەیامی رزگاركردنی تەواوی ئەو ناوچانەی دا كە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بڕیاری لەسەر درابوو ، بۆیە هەر میكانیزمێك بۆ ریكخستنەوەی پەیوەندیەكانی كوردستان و عێراق بۆ قۆناخی دوای شەڕی دژی داعش بدرێت، دەبێت وتویژ و دانوستاندنەكان لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنە سەربازییە بێت كە بۆ ئازادكردنەوەی شاری موسڵ ئیمزا كراوە.
بۆ ئێستای كوردستانی باشور كۆمەڵێك پرسی تازە هاتوونە پێشەوە كە جیاوازە لە واقیعی دوای 2003 كە ئەوكات كوردستان بڕیاریدا لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی فیدرالی و پەرلەمانی و فرەیی و پێكەوەژیانی ئارەزوومەندانە لەگەڵ عێراق بمێنێتەوە، ئەوكات سەركردایەتی سیاسی كوردستان پێی وابوو، بەرووخانی رژێمی بەعس و، پیادەكردنی فیدرالی و دیموكراتی لە عێراقدا، شێوازێك لە گۆڕێنی ئەقلیەتی عەرەبی عێراقی بۆ دووبارە بونیادنانەوەی عێراق دێتە ئاراوە، هەروەها لەچوارچێوەی ئەم دەوڵەتە فیدرالی و دیموكراتیەدا، لەبەر ئەوەی عەرەبی شیعە زۆرینەن، ئەوا بەشێوەیەكی ئۆتۆماتێكی عەرەبی شیعە دەسەڵات دەگرنە دەست، ئەوانیش لەبەر ئەوەی بە دریژایی میژووی عێراق ، قوربانی دەستی سیاسەتی دیكتاتۆری بوون، ئەوا نابنە جەلاد و بە هەمان شێوە بەرەو دیكتاتۆریەت هەنگاو هەڵناگرن.
بەڵام دوای ئەوەی عەرەبی شیعە جێ پێی خۆیان لە دەسەڵاتدا جێگیر كردوو پاشانیش هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كشانەوە، ئەوا ئەوەی رژێمی سەدام حوسێن لەماوەی 35 ساڵەدا دژی شیعەی عەرەب كردبووی، نوری مالیكی لە تەنها 3 ساڵدا زۆر لەوە زیاتری بەعەرەبی سونە كردەوە، ، هەروەها ئەوەی بەدرێژایی نزیكەی 80 ساڵی رابردوو تەواوی رژێمە یەك لەدوایەكانی عێراق بەرامبەر بە كوردستان نەیانكردبوو، حكومەتەكەی مالیكی بە بڕینی مووچە و بودجەی كوردستان و ، هەروەها برینی بودجە و مووچەی پێشمەرگە و حساب نەكردنی وەك بەشێك لە سیستمی بەرگری عێراق لەكاتی شەڕی دژی داعشدا،دژی كوردستان كردی و، ئەمەش خۆی لە خۆیدا هاوكاریەكی ناراستەوخۆ داعش بوو بۆ ئەوەی ئەزموونی كوردستان بروخێنێت و داگیر بكات.
بۆیە لەم چوارچێوەیەدا ، نەك تەنها سەركردایەتی سیاسی كوردستان، بەڵكو ئەمریكا و دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشیش ، گەیشتوونە ئەو قەناعەتەی كە عێراقی دوای داعش بەو دەوڵەتە فیدرالیە ریكناخرێتەوە كە دەستورەكەی دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدرالی بەغدای دیاریكردووە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سیستمی فیدرالی عێراق و دەستورەكەشی لەسەر بنەمای ( دابەشكردنی دەسەڵات و دابەشكردنی داهات) دامەزراوە و عەرەبی شیعەی عێراق كە دەسەڵاتدارە ، ئەم دوو بنەمای هەردووك پێشیل كردووە و چیدیكە دەوڵەتی عێراق دەوڵەتێكی فیدرالی و یەكپارچەی خاوەن یەك دەستور نیە.
لەم خاڵەوە كە ئامانجی ئەمریكاو دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەوەیە، دوای كۆتایهاتنی شەڕی دژی داعش ، ئاشتی و سەقامگیری بێتە ئاراوە، ئەوا ئەم ئامانجە لای ئەوانیش بەو شێوەیە پەسەندە كە بزانن، كوردستان و عێراق چۆن لەسەر ئایندەی خۆیان وتو ویژ دەكەن.
بۆ ئەم پرسە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2012 پاش ئەوەی نوری مالیكی سەرۆكی حكومەتی پێشتری عێراق، تەواوی ریككەوتنامەی هەولێری بۆ پێكهێنانی حكومەتی پێشیلكرد، بە ئاشكرا جیهانی ئاگادار كردەوە كە جارێكی دیكە كوردستان نابێتە پاشكۆی حكومەتێكی دیكتاتۆری ، ئەگەر حكومەتەكەی نوری مالیكی هەر بە ئاراستەی دیكتاتۆریەت هەنگاو هەڵبگرێت، ئەوا سەرۆكی هەرێمی كوردستان ناچار دەبێت بگەرێتەوە بۆ گەلی كوردستان ئەو هەر بریارێك بدات ، هەر ئەو بریارە جێ بەجێ دەكرێت،بەڵام نەك هەر نوری مالیكی خۆی راستنەكردەوە، بەڵكو هەنگاوی گەورەتری دیكتاتۆریانەی هەڵگرت كە ئەویش سزادانی گەلی كوردستان بوو بە بڕینی بووجە و مووچەی خەڵكی كوردستان و ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر براوە، بۆیە ئێستا كە جارێكی دیكە كەوتووینەوە هەمان قۆناخی راگواستن بۆ دووبارە ریكخستنەوەی عێراق، ئەوا دەبێت گەلی كوردستان بریار بدات، ئایا پەیوەندیەكانی داهاتووی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا چۆن دەبێت، بیگومان هەموو جیهان گەواهی ئەوەدات، كە ئەزموونی دەوڵەتی فیدرالی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق شكستی هێنا، بۆیە گەلی كوردستان سورە لەسەر ئەوەی نابێت جارێكی دیكە ئەزموونێكی شكستخواردوو دووبارە بكرێتەوە ، لەبر ئەمە گەلی كوردستان كە ئامانجی ئەوەیە شەڕ و ئاژاوە كۆتایی بێت و ئاشتی و سەقامگیری باڵ بەسەر كوردستان و عێراق بكێشێت، لە 25ی ئەیلوولی داهاتوو بڕیاری خۆی دەدات، بریارەكەش ئەوە دەبێت ، ئەگەر نەمانتوانیبیت دوو هاوبەشی سەركەتوو بین لە چوارچێوەی یەك دەوڵەتدا، با هەوڵبدەین دوو دراوسێی باش بین لە چوارچێوەی دوو دەوڵەتدا.