پارتی لە قۆناخی ئەزموونی دەوڵەتداری و ژینگەی فرەحزبی و ململانێی سیاسیدا
August 17, 2017
وتار و بیروڕا
قۆناخی ئەزموونی دیموكراتیی كوردستان كە دەكرێت پێشی بڵێین قۆناخی ئەزموونی دەوڵەتداریی، بۆ پارتی قۆناخێكی هەستیار و ئاڵۆزی راگوزەری ئەوتۆیە كە نە ئەوەیە بووبینە دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی و ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان، بۆ ئەوەی هەست بكەین هیچ هەڕەشەیەكی دەرەكیمان لەسەر نییەو دەتوانین بە تەواوەتی گەمەی دیموكراتی و یاسای حزبایەتی رێكبخەینەوە، نە لە قۆناخی خەباتی شاخیشداین كە چاوپۆشی لەهەندێك مافی حزبی بكرێت و پاشان رووبەڕووی سندوقی دەنگدان نەبینەوە.
بۆیە لەم قۆناخەدا پارتی شانی داوەتە بەر دوو ئەركی گرنگ، یەكەمیان دریژەپێدانە بە پتەوكردنی قۆناخی ئەزموونی دەوڵەتداری و پاراستنی سەقامگیری و یەكڕیزی و یەكدەنگیی خەڵكی كوردستان، دووەمیشیان پاراستنی ژینگەی فرەحزبی و ململانێی سیاسییە لە چوارچێوەی رێساكانی دیموكراتیدا، لە هەردوو ئەركەكەشدا بارودۆخی كوردستان وایكردووە كە دەبێت پێش هەر لایەنێكی دیكە پارتی قوربانی بۆ پاراستنی هەردوو ئەركەكە بدات.
تێگەیشتن و بیركردنەوەی مسعود بارزانی وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەك و هەست بە بەرپرسیاریەتی بۆ ئەم قۆناخە وەك رێبەرێك لەلایەكی دیكەوە بەو جۆرەیە: ئەو كاتە پارتی و گەلی كوردستان سەركەوتوو دەبن، كە لە هەردوو ئەركی دەوڵەتداری و گەمەی دیموكراتی هاوسەنگی رابگیرێت و دەستكەوتە نیشتمانییەكان نەكرێت بە قوربانی سەركەوتنی حزبی، یان بردنەوەی سندوقەكانی هەڵبژاردن، بەداخەوە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم تێگەیشتن و بیركردنەوەی مسعود بارزانی بۆ ئایندەی ئەزموونی دەوڵەتداری و سەركەوتنی پرۆسەی دیموكراتی لە كوردستاندا، زۆر جاران بەو جۆرە بووە كە هەندێك لایەنی سیاسی هەڕەشە لە تێكدانی ئەو هاوسەنگییە بكەن لە پێناوی ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر لەسەر مافەكانی خۆی سازش بكات و لە پێكهێنانی حكومەت و دامەزراوەكانی دەوڵەتدا رەچاوی ئەو ئیستحقاقە نەكرێت كە پارتی لە رێگەی سندوقی دەنگدانەوە بەدەستی هێناوە. بۆیە لە یەكەم هەڵبژاردنی كوردستانەوە لە ساڵی 1992ـەوە هەتا ئێستا، بەردەوام ئاكامەكانی هەڵبژاردن پێوەر نەبوون بۆ پێگەو شكۆی پارتی و بەردەوام پارتی لە پێناوی راگرتنی هاوسەنگی لە نیوان دەوڵەتداری و سەركەوتنی پرۆسەی دیموكراتیدا، لە مافەكانی سازشی كردووەو داكۆكی لەسەر نەكردووە. هەر ئەمەش بۆتە بنەمای رێككەوتنی ستراتیژی لە نێوان پارتی و یەكێتی كە وەك دوو هێزی گەورە پێكەوە حوكمڕانی بكەن و ئاشتی و سەقامگیری كوردستان بپارێزن و جارێكی دیكە شەڕی دەسەڵات و هەڵبژاردن دووبارە نەبێتەوە.
لەم روانگەیەوە و لەمیانەی شرۆڤەكردن بۆ رۆڵ و پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم قۆناخە راگوزەرە هەستیارەدا، هەموو كات پارتی ئەركێكی زیاتری لە حزبێكی سیاسی لەناو پرۆسەی سیاسیی كوردستان لەسەر شان بووە و نەیتوانیوە وەك هەر حزبێكی سیاسیی دیكەی كوردستان بە تێڕوانینێكی موجەڕەددی حزبییانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكە بكات و تەنانەت ئەگەر لە كاتێكدا پارتی بۆ ماوەیەكیش وەك حزب پێداگیری لەسەر مافەكانی خۆی كردبێت، ئەوا كە قۆناخەكە پێویستی بە یەكڕیزی و یەكدەنگیی نێوماڵی كوردستان هەبووبێت، پارتی لەبەر رۆشنایی رێنمایەكانی سەرۆك بارزانی جارێكی دیكە دەستبەرداری مافەكانی خۆی بووە و لە پێناوی یەكڕیزی و یەكدەنگیدا نەرمی نواندووە.
لە ئێستادا كە بەرەو ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەنگاو هەڵدەگرین و پارتی شانی داوەتەبەر بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییەكانی كوردستان ئەم ئەركە نیشتمانییە بەرەو سەركەوتن بەرن، جارێكی دیكە لەگەڵ ئەوەی بەشە قورسەكەی ئەم ئەركە كەوتۆتە سەر شانی پارتی، بەڵام لە هەمانكاتدا، بەداخەوە هەندێك لایەنی سیاسی ئەم واقیعەیان بۆ بەرژەوەندیی حزبی بە فرسەت وەرگرتووە و پێداگیری دەكەن بۆ ئەوەی گوشار لە پارتی بكەن و مەرامە حزبییەكانی خۆیان بەدەست بهێنن، بەڵام لەبەر ئەوەی پارتی بە درێژایی مێژووی خۆی هەر بەو جۆرە رەفتاری كردووە كە بەرژەوەندیی پارتی بكات بە قوربانیی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی، ئەوا ئەمجارەش لە پێناوی ئەوەی یەكڕیزی و یەكدەنگی بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان لە ناوماڵی كوردستاندا دروست ببێتەوە، وازی لەهەموو مافەكانی خۆی هێناوەو مەرج و داواكاری لایەنەكانی دیكەی قبووڵ كردووە.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا بە سازشكردنی پارتی لەسەر مافەكانی خۆی تاسەر، ئەم پرۆسەیە هاوسەنگ دەبێت و دەتوانین ئەو قۆناخە راگوزەرە بە سەركەوتوویی تێپەڕێنین؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە لای پسپۆڕانی زانستی سیاسەت بەو جۆرەیە، رەگ و ریشەی كێبڕكێ و ململانێی نێوان حزبە سیاسییەكانی كۆمەڵگەی دیموكراتی، بە راهاتن و فێربوونی جێبەجێكردنی رێساكانی گەمەی دیموكراتی دەپارێزرێت و دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكان پابەندی رێساكانی گەمەی دیموكراتی بن، ئەوجا هاوسەنگی لەناو سیستمە دیموكراتییەكە دروست دەبێت، بەڵام وەڵامی هەمان پرسیار لای پارتی بەگشتی و شەخسی سەرۆك مسعود بارزانی بەو جۆرەیە، هەتا كۆمەڵگەی ئێمەش وەك كۆمەڵگەكانی دیكەی جیهان دەگاتە ئەو ئاستەی پابەندی رێساكانی گەمەی دیموكراتی بن، باشترە بیر لەكاری پێكەوەیی و نزیككردنەوەی خاڵە هاوبەشەكانمان بكەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەت و دیموكراتی پێكەوە سەركەوتوو بن.
تێگەیشتن و لێكدانەوەی پارتی بۆ ئەم قۆناخەی ئەمڕۆ كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، ئەركی سەرشانی ئەندام و لایەنگر و جەماوەری پارتی لە لایەنەكانی دیكە قورستر كردووەو دەبێت سنگفراوانەتر لەگەڵ ئەو بارودۆخە مامەڵە بكەن و زیاتر خۆیان ماندوو بكەن بۆ ئەوەی لە چەمكی (پارتی) وەك رەشماڵێكی فراوانی بیری نەتەوەیی تێبگەن و شان بدەنە بەر ئەوەی كە ئەركی پارتی، لە ئەركی هەر حزبێكی سیاسیی دیكەی كوردستان قورسترە، هەروەها دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو چوارچێوەیەی كە فیكری بارزانی پارتی كردۆتە سەروەرییەكی مێژوویی بۆ بەدیهێنانی ئامانجێك كە ئەویش رزگاربوونی نەتەوەیەكە لە ژێردەستەیی و كۆیلەیی، ئەوجا ئەگەر پشكی شێر لەم رێگەیەدا و بۆ گەیشتن بۆ ئەو ئامانجە بەر پارتی بكەوێت، ئەوا دەبێت لەوە دڵنیابین كە پشكی پارتی لە دەستكەوتەكانی ئەم پرۆسەیە لە هەمووان كەمتر دەبێت و وەك سەرۆك بارزانی چەندین جار ئەمەی پێ راگەیاندووین: پارتی بۆ قوربانیدان هەموو كات لە پێشی پێشەوە دەبێت بۆ دەستكەوتەكانیش باكی نییە ئەگەر لەدوای دواشەوە بێت.