خوێندنەوەیەكی ئەركیۆلۆژییانە بۆ ساڵیادی دامەزراندنی پارتی وەك (حزب) یان رەشماڵێكی گەورەی بیری نەتەوەیی
August 14, 2017
وتار و بیروڕا
پارتی وەك چەمكێكی بیستراو، نەك نووسراو
هەتا ئەمڕۆ 71 ساڵ بە سەر تەمەنی پارتی دیموكراتی كوردستان تێدەپەڕێت، ئەم مێژووە دوورودرێژە بۆتە مێژووی ئەو چەمكەی كە پێی دەگوترێت: «پارتی»، بەڵام چەمكێكی گوتراو و بیستراو، هەر بۆیە كاتێك دەگوترێت «پارتی» و ئەم چەمكە دەبیسترێت، وێنایەك لەناخماندا دروست دەبێت كە پارتی تەنیا بریتی نییە لە حزبێك، یان ئایدێولۆژیەتێكی دیاریكراو، بەڵكو «پارتی» وەك چەمكێك، بە گەڕانەوە بۆ مێژووەكەی، بۆ ئەم بۆچوون و بیركردنەوانەی بە درێژایی ئەم مێژووە لەسەری كەڵەكە بوون، بە راڤەكردنی ئەم چەمكە لەناو فەزای تایبەتی خۆی، بە وەرچەرخان و تۆڕێك لە بۆچوونی جیاواز و تا ئاستێك تەمومژاوی دەناسرێتەوە.
ئەم خەسڵەت و تایبەتمەندییانەی لەسەر پارتی وەك (چەمك) دروست دەبن، تێگەیشتنی تەواو لێی، كارێكی ئاسان نابێت، نیچە گوتەنی، دەبێت بۆ تێگەیشتنی تەواو لە چەمكەكان خوێندنەوە بگاتە ئاستی هونەرێك لە هونەرەكان، دەبێت مرۆڤ پێش هەموو شت خاوەنی ئەو توانایە بێت كە هەموو ئەو بۆچوونانەی ئەمڕۆ چوونەتە خانەی لەبیرچوونەوە، جارێكی دیكە بەبیریان بێنێتەوە، دەبێت مرۆڤ ئەو توانایەی هەبێت گاسن بەدوای خۆیدا رابكێشێت و ناودێرەكان بكێڵێت و مانا شاراوەكانی چەمكەكە ئاشكرا بكات.
ئەگەر بیرمەندێكی وەك نیچە بەم ئاستە هەستی بە قورسی و گرانیی خوێندنەوە و تەفسیر و لێكدانەوەی چەمكەكان كردبێت، ئەمە مانای ئەوەیە ئەو هەستی بە مەترسیی مامەڵەكردن لەگەڵ چەمكەكان كردووە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو مانایەی چەمك وەك هێما پیشانمانی دەدات، لەگەڵ ئەو مانایانەی دەیشارێتەوە، یان پەردەپۆشی دەكات، مەودایەك لە نێوانیان هەیە، ئەو مەودایەش بوار بۆ تێگەیشتن و تەفسیر و لێكدانەوە دروست دەكات و دەبێتە فاكتەری ئەوەی خوێندنەوە بكاتە هونەرێك لە هونەرەكان بۆ ئەوەی هەوڵەكانی بەو ئاراستەیە بێت، بەشێك لەو مانا و لێكدانەوە شاراوانە بخاتەڕوو كە چەمك لەناو خودی خۆیدا دەیشارێتەوە.
بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو (چەمك)ـانەی وەك هێما ئاماژە بۆ شتێك دەكەن و لەناو خودی خۆشیدا كۆمەڵێك مانا و لێكدانەوەی دیكە پەرەدەپۆش دەكات، میشێل فۆكۆ لە ئەركیولۆژیای مەعریفەدا، رێنمایی ئەوەمان دەكات، دەبێت خوێندنەوەیەكی ئەبستمۆلۆژییانەی بۆ بكەین، ئەمەش واتە هەڵكۆڵین لە چوارچێوەی (سیستمێكی مەعریفیدا) بۆ ئەوەی لەناو مێژووی ئەو چەمكەدا تەواوی ئەو پەیوەندییانە پێكەوە گرێ بدەینەوە كە ئەو چەمكە پێكەوە گرێیان دەداتەوە، لەم راستەوە ئەم جۆرە خوێندنەوەیە، جۆرێكی دیاریكراوی مەعریفە، یان میتۆدێك نییە كە زانستێك لە زانستەكانی تێپەڕاندبێت، بەڵكو ئاشكراكردنی تەواوی ئەو پەیوەندییانەیە كە لەسەردەمێكی مێژووی دیاریكراودا دروست بوون و، لەسەر شێوازی رێكخستن، یان دروستكردنی گوتارێك شرۆڤەی لەسەر دەكەین.
كەواتە كاتێك دەگەڕێنەوە بۆ چەمكی (پارتی)، دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین، ئەم پێنج پیتە كە پێكەوە دەبنە ناوی (پارتی)، ئایا دەكرێت بەبێ شرۆڤەكردنی وەك بابەتێكی رۆشنبیری و تەفسیركردنی بە شێوەیەكی مەنهەجی، بە تەواوی بەو مانایانە ئاشنامان بكات كە دەیبیستین، یان پێویستە ئەم پێنج پیتە جارێكی دیكە بخرێتەوە ناو سەروەریی مێژووی بۆ ئەوەی هەموو رەهەندە جیاوازەكانی دەربكەوێتەوە؟ ئەمەش بەو مانایەی بەم رێگەیە چەمك كاراكتەری سەرەكیی خۆی لە مێژوودا هەڵدەكۆڵێت و لەسەر ئەو مێژووە دەمێنێتەوە، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا ئەم چەمكە (پارتی) وەك زەوییەكی ئۆرگانی هەموو شتێكی تێدا شین دەبێت، یان تەنیا ئەو گوتارەی تێدا بەرهەم دێت كە لەگەڵ گوتار و بۆچوونەكانی دیكە رووبەڕوو نەبێتەوە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لەو مانایانەی چەمكی (پارتی) دروستی دەكەن، بریتی دەبێت لەوەی چۆن ئەو سەردەم و مێژووە دیاری دەكەین كە پێداویستیی نەتەوە لە لاشعورەوە، دامەزراندنی پارتی كردۆتە شێوازێك لە ئومێد بۆ ئامانجی نەتەوەكەی.
مسعود بارزانی كە ئێستا رێبەرایەتی نەتەوە دەكات و بە كردەیی هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەدات، بەو جۆرە پێناسەی پارتی كردووە كە دەڵێت: «پارتی نائومێدی گۆڕی بۆ ئومێد.» ئەم پێناسەیە لە ناوەڕۆكدا پێمان دەڵێت: چەمكی پارتی لە مانای حزبێكی سیاسی گەورەترە و ئامانجی بیركردنەوەی مستەفا بارزانی لە دامەزراندنی پارتی تەنیا دامەزراندنی حزبێكی تەقلیدی هاوشێوەی ئەو حزبانە نەبووە كە لەو سەردەمەدا بوونی هەبووە، بەڵكو ئامانجەكەی ئەوە بووە كە رایەڵەیەك دروست بكات بۆ ئەوەی تەواوی ئەو حزبانەی لەو سەردەمە هەبوون و ناسنامەیان كوردستانی بووە، لەگەڵ تەواوی سەرۆك هۆز و كەسایەتی و ناوداران و سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستان لەژێر یەك رەشماڵدا كۆبكاتەوە، بە ناوی پارتێكی تازە كە پارتی دیموكراتی كوردستانە.
كەواتە پارتی بۆتە ناوێك بۆ دیاردەیەكی مێژوویی، نەك دامەزراندنی حزبێكی تەقلیدی، هەروەها بۆتە ناوێك بۆ وەرچەرخانێك كە پێشتر ئەو وەرچەرخانە بوونی نەبووە. پارتی بۆتە سەردەمێكی دیاریكراو بۆ وەرچەرخان، بۆتە تۆڕێك لە بۆچوونی جیاواز و مانایەكی فرەڕەهەند، هەر بۆیە ئەگەر لەناو فەزای بیركردنەوەی نەتەوەیدا مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت، ماناكەی وەك خۆی دەرناكەوێت.
ئەگەر لەسەر ئەم میتۆدەوە بگەڕێینەوە بۆ ناو فیكر و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی كە پارتی دامەزراند، ئەوا ئەو راستییانە دەردەكەون كە بیركردنەوەی مستەفا بارزانی بۆ دامەزراندنی پارتی تەواو جیاوازە لە بیركردنەوە تەقلیدییەكانی ئەو سەردەمە بۆ دامەزراندنی حزبی سیاسی، لەمەش زیاتر چەمكی پارتی لە فیكری مستەفا بارزانی-دا، ئامرازێك بووە بۆ یەكخستنی هەموو تواناكانی نەتەوە، دروستكردنی فەزایەك بووە بۆ ئەوەی تاكەكانی نەتەوە بە ئازادی بیربكەنەوە، مۆدێلێكی جیاواز بووە بۆ شێوازی خەبات و مقاوەمەت لەسەر بنەمای یەكڕیزی و یەكدەنگی، نەك دامەزراندنی حزبێكی سیاسی تەقلیدی بووبێت بۆ نوێنەرایەتیكردنی چین و توێژێكی جیاوازی كۆمەڵگە، یان ئایین و ئایدیۆلۆژیەتێكی دیاریكراو، بەڵكو دامەزراندنی پارتی بۆ ئەوە بووە كوردستانییەكان بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە ببنە خاوەنی یەك ناسنامە كە ئەویش ناسنامەی كوردستانیبوونە، هەربۆیە ئەگەر وەك دیاردەیەكی مێژوویی خوێندنەوەیەكی مەنهەجییانە بۆ چەمكی پارتی بكەین، ئەوا لەناو سەروەریی ئەو مێژووەدا نەبێت، هەموو رەهەندەكانی ماناكانی پارتی دەرناكەون و لەوە تێناگەین بۆچی پارتی بۆتە ناوێك بۆ دیاردەیەكی مێژوویی، ناسینەوەی قۆناخێكی خەباتی نەتەوە، تۆڕێك لە بۆچوونی جیاواز. هەندیك جار ئەم بۆچوونانە دژ و یەكتربڕیش دەبن، وەرچەرخانێك كە دوو سەردەمی جیاواز (سەردەمی پێش دامەزراندن و دوای دامەزراندنی) پارتی لە یەكتری جیادەكاتەوەو، سەرەتای نائومێدی دەڕەوێنێتەوەو نەتەوە بە ئومێدەوە بەرەو خەبات و ئایندەیەكی گەش هەنگاو هەڵدەگرێت.
راشكاوانەتر ئەگەر راستگۆیانە لەناو مێژووی زیاتر لە 70 ساڵی خەبات و قوربانیدانی نەتەوەكەماندا، گوێ بۆ ماناكانی پارتی بگرین كە وەك چەمكێك بەر گوێمان دەكەوێت، ئەوا وێنایەك لە ناخماندا دروست دەبێت كە زۆر زەحمەتە وێنەكەی لە حزبێكی سیاسی تەقلیدی بچێت، تۆڕێك لە مانای پێكەوەگرێدراو دروست دەبێت كە زۆر زەحمەتە بتوانین رایەڵەكانی لە یەكتری جیابكەینەوە، جوگرافیایەكی سەرتاسەری و گشتگیر و پێكەوە گرێدراو وێنادەبێت كە زۆر زەحمەت دەبێت بتوانین ناوچەیەك لەناوچەیەكی دیكە، یان پارچەیەكی كوردستان لە پارچەیەكی دیكەی كوردستان جیابكەینەوە، ئەمە وایكردووە بەدوای ئەوەدا بگەڕێین، پارتی ناوە بۆ چ شتێك؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئەو ئیشكالیەتە دروست دەكات كە میشێل فۆكۆ لە كتێبی (وشە و شتەكان) هەموو رۆشنبیرانی جیهانی پێوە سەرقاڵ كردووە، لەگەڵ ئەوەی یەك كتێبی تەواوی بۆ پێناسەكردنی خوێندنەوەی ئەبستمۆلۆژی تەرخانكردووە، بەڵام بە تەواوی مانای ئەبستمۆلۆژیامان پێناڵیت، ئەوە نەبێت كە بیرمەندان بەوە پێناسەیان كردووە، خوێندنەوەی ئەبستمۆلۆژییانە مەرجێكە بۆ بارودۆخی مەعریفەیەكی تازە، قۆناخێكی دیاریكراوی مێژوو، وەرچەرخان و تۆڕێك لە بۆچوونی جیاواز كە كۆمەڵێك پەیوەندی پێكەوە گرێیان دەداتەوە، لەم چوارچێوەیەدا چەمكی پارتیش وەك چەمكێكی گوترا و بیستراو هەمان حاڵەتە و پارتی دیاردەیەكە بۆ مەعریفەیەكی تازە، بیركردنەوەیەكی تازە، وەرچەرخانێكی گەورە، كۆكردنەوەی هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەكان، هەموو ئەمانەش پێكەوە لە فەزایەكدا ئاكامی دەبێت كە زەوییە ئۆرگانییەكەی یەكڕیزی و یەكدەنگیی هەموو نەتەوە پێكەوە كۆبكاتەوە.