بەنگاربوونەوەی جەنگی دەروونیی
August 14, 2017
وتار و بیروڕا
ئەم وێنە دراماتیکییە تراژیدییە، مەترسیدارترین وێنەیە بۆ پێشمەرگەکان. هاوکات بۆ ئەو سیاسییانەش کە رابەرایەتی رەوایەتی ئەو سیاسەت و ئامانجانە دەکەن، کە پێشمەرگەکان لە پێناویاندا گیاندەبەخشن. بۆیە هێندەی ئەوەی کە ئەرکی سەرشانی پێشمەرگەیە رووبەڕوو لەگەڵ دوژمندا بجەنگێ، سەد ئەوەندەی ئەوەش ئەرکی سیاسییەکان و میدیا و پیاوانی ئایینی و کۆمەڵگای مەدەنییە کە رووبەڕووی جەنگی دەروونیی ببنەوە.
شێوازەکانی بەرەنگاربوونەوەی جەنگی دەروونیی زۆر و بە پەل و پۆن. زیاتریش دەبێ لە توێژینەوەی ئەکادیمیدا دیاری بکرێن. بۆیە لەم وتارەدا زیاتر تیشکی رۆژنامەنووسییانە لەسەر هێڵە گشتییەکانی ئەو شێوازانە دادەنێم، کە ئەمانەن:
۱_ دژە پروپاگەندەی شکسپێهێنەر. واتە کە دوژمن پروپاگەندە دەکات وەکوو شا شێوازی جەنگی دەروونیی، ئەوا تۆش دەبێ پروپاگەندەی دژبەر بکەی بۆئەوەی لەلایەکەوە شکست بە پڕوپاگەندەی ئەو بهێنی. هەروەها بۆئەوەی تووشی کەشێکی دەروونی خراپی بکەی و بە خۆیەوەی سەرقاڵ بکەی. لەوانەیش گرنگتر ئامانجەکە ئەوەیە کە بوونی دوو پڕوپاگەندەی ناکۆک لە یەک کاتدا لەبارەی هەمان پرس و بابەتەوە جۆرێک لە هاوسەنگیی دەروونی کۆمەڵایەتی دروست دەکات. لەوانەیە تۆ قازانجێکی تەواو نەکەی ( چونکە ناچاربووی وەک کاردانەوە، تۆش پڕوپاگەندە بکەی و دواجار، لەدوای کۆتایی ململانێکان دەبێ ئاسەواری پڕوپاگەندەکەی خۆت بسڕیتەوە)، بەڵام دوژمنەکەت زیانی زۆر دەکات چونکە ئامانجەکەی شکستدەهێنێ.
۲_ بەدرۆخستنەوە. ئەمەش بە دوو شێواز ( راستەوخۆ، ناڕاستەوخۆ). لەمەدا ئەرکەکە ئەوەیە کە پڕوپاگەندەی دوژمنت بەدرۆبخەیتەوە. جا یان راستەوخۆ لەرێی بەیاننامەی سەرچاوەیەکی رەسمی و کاریگەرەوە. یان کەسایەتییەکی سیاسی متمانەپێکراو لێدوان بدا بە دەزگاکانی راگەیاندن. یان چەند کەسی ئەکادیمی و پسپۆر لەو بوارە کە پڕوپاگەندەکەی لەبارەوە کراوە کۆڕ و کۆبوونەوەی فراوان و دیمانەی میدیایی بە کۆ یان تاک تاک بکەن و راستەوخۆ باسی بابەتەکە و ئەو پڕوپاگەندەیە بکەن کە لە ئارادایە. یان هەموو ئەوانەی سەرەوە بکرێن بەڵام بێ ئەوەی ناو بهێنن. بێ ئەوەی باسی بابەتی پڕوپاگەندەکە بکەن، ناڕاستەوخۆ وەڵامی هەموو ئەو پێدراوانە بدەنەوە کە لە ناوەڕۆکی پڕوپاگەندەکەدا هەن.
رەوتێک لەناو توێژەرانی بواری جەنگی دەروونیی پێیان وایە شێوازی راستەوخۆ باش نیە، چونکە خۆی لە خۆیدا ریکلامە بۆ پڕوپاگەندەکە و چەندجار بڵاوکردنەوەیەتی لە زاری خۆتەوە. بۆیە باشتر وایە ناڕاستەوخۆ بەرەنگاری ببیتەوە.
۳_ بێ دەنگیی. هەر لەسەرینی رایەکەی پێشووەوە، تەوژمێک دیکە پێی وایە بێدەنگیی لە ئاستی پڕوپاگەندە شێوازێکی گونجاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی جەنگی دەروونیی. بەو بیانووەی وتنەوەی پڕوپاگەندەو بایەخدان پێی و خۆخەریک کردن بە وەڵامدانەوە و تەرخانکردنی کات و دەزگا و پسپۆران یان سەرکردەکان بۆ قسەکردن لەو بارەیەوە، ئەسەرێکی دەروونی لای وەرگر دەبێ و ئەو گومانەی لا دروست دەبێ کە ئەگەر ئەم پڕوپاگەندەیە راست نەبێ ئەم عالەمە بۆ پێوەی مەشغوڵن و هەوڵ دەدەن بە درۆی بخەنەوە، ئەمەش ئامانجێکی پڕوپاگەندەکە بەدی دەهێنێ. هاوکات ئەم رەوتە کە بێدەنگیان پێ باشترە لەوبڕوایەدان کە پڕوپاگەندەچی کەسایەتییەکی نادروست و دوژمنکارانەی هەیە و چێژ لەوە دەبینێ کە ببینێ خەڵکی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە. بەڵام کە لێی بێدەنگ دەبی و باسی ناکەیت و ناوی ناهێنی، دووچاری شکست و نیگەرانی و پەشێوی دەروونی دەبێ و هیچ متمانە بەخۆی نامێنێ.
٤_ لە خشتەبردن. واتە زانیاری و پێدراوی نادروست دزە پێ بکە بۆ دوژمنەکەت، بۆئەوەی بیانکاتە بابەت بۆ گووتاری سیاسی و پڕوپاگەندە و وتی وتییەکانی، ئەوسا بە درۆخستنەوەیان زۆر ئاسان دەبێ و دوژمنەکەت ریسوا دەکەی و لە چاوی خەڵکدا متمنەی ناهێڵی و راستگۆییەکەی مۆلەق دەکەی.ئەمەش وای لێ دەکات ماوەیەکی زۆر سەرقاڵی خۆ رێکخستنەوە و دروستکردنەوەی پردی نێوان خۆی و خەڵک بێ. لەو ماوەیەشدا نایپەرژێ پروپاگەندە بکات و وتی وتی بڵاو بکاتەوە. بەواتایەکی دیکە خۆی لەگەڵ خۆیدا تووشی جەنگی دەروونیی دەکەی.
٥_ تەیارکردنی خەڵک بەشێوەیەکی گشتی بەرامبەر جەنگی دەروونیی و پڕوپاگەندە و وتی وتی نەیاران. لەم پێناوەدا پێویستە هەموو سەرکردە سیاسییەکان، رابەرانی ڕا، پیاوانی ئایینی، ئەکادیمیست و چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی و راگەیاندن، هەریەکە بە شێوازی گونجاو لەگەڵ بوارەکەی، بەشداری بکەن لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە جەنگی دەروونیی. پێناسەکەی، شێوازەکانی، کەرەستە و ئامڕازەکانی، کێن ئەوانەی بەرپای دەکەن، ئامانجەکانی، چۆنێنتی بەرەنگاربوونەوەی.
گەرچی ئەم رێگەیە درێژخایەن و بە مەسرەف و کارێکی هەمەلایەنەیە کە زۆر کەسی دەوێ تێیدا بەشدار بن، بەڵام لە مەودای دوردا قازانجی زۆرە چونکە کۆمەڵگایەک دروست دەکەی کە خۆ بە خۆ پارێزبەندی دژی پڕوپاگەندە و هەموو شێوازەکانی جەنگی دەروونیی دەبێ.
٦_ راکێشانی بەڕەی ژێر پێ. واتە ئەو بەهانە و بیانووانە مەهێڵە یان کەمیان بکەوە کە دوژمن سوودیان لێوەردەگرێ بۆ دروستکردنی کەرەستەکانی جەنگی دەروونیی و کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر خەڵک دەبێ. بەتایبەتی هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندی راستەوخۆیان بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە هەیە، لە مووچە و نرخ و کاڵا و کوالیتی کاڵاکانی ناو بازاڕ و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەکوو ئاو و کارەبا و مەترسییە ئەمنییەکان.
بێگومان رێوشوێنی دیکەش هەن، بەڵام ئەمانە گرنگترینیان بوون.