بەبێ سەربەخۆیی كوردستان ئاكامی شەڕی دژی داعش وەك شەڕی ڤێتنام دەبێت
August 7, 2017
وتار و بیروڕا
نەبوونی پڕۆژەیەكی نێودەوڵەتی لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و تەنانەت دەوڵەتانی دراوسێ و حكومەتی بەغداشەوە بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ عێراقی دوای داعش، مانای ئەوەیە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تەواوەتی گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە لە چوارچێوەی سنوورە جوگرافییە كۆنەكەی عێراق و سیستمی سیاسیی عێراق (هەتا ئەوەشی پێی دەگوترێت سیستمی فیدڕاڵی و پەرلەمانی و دیموكراتی) كێشەكان چارەسەر ناكات و ئەگەر پێداگیری لەسەر یەكپارچەیی عێراق و ئەوەی پێشتر پێیان دەگوت (سیاسەتی یەك عێراق) بكەن، ئەوا خۆیان بەدەستی خۆیان ژینگەیەكی لەبار بۆ توندڕۆیی و سەرهەڵدانی چەندین رێكخراوی تیرۆریستی هاوشێوەی داعش و بە شێواز و ناوی دیكە دروست دەكەنەوە.
هەربۆیە ئەگەر ئامانج و ستراتیژیەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، تێكشكاندنی داعش و لە ریشەهەڵكێشانی ئەو فیكرە توندڕۆیە بێت كە داعشی بەرهەم هێناوە، ئەوا ئەم ئامانجە بەوە نایەتەدی كە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی بڕووخێنرێت و لە شوێنی ئەودا كۆمارێكی ئیسلامی دابمەزرێت.
دۆناڵد ترەمپ جیاواز لە سەرۆكەكانی پێش خۆی، سەرچاوەی فیكری توندڕۆیی بە رادیكاڵیزمی ئیسلامی پێناسە كردووە، ئەوجا سەرچاوەی ئەو توندڕۆییە رادیكاڵیزمی سوننە بێت، یان شیعە وەك یەك حیسابیان بۆ كراوە. ئەمە مانای ئەوەیە دەبێت سەرچاوەی فیكری توندڕۆیی رادیكاڵیزمی ئیسلامی لەناو هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە ریشەكێش بكرێت و سەرلەنوێ پڕۆژەی دووبارە گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەكەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پرۆسەیەكدا جێبەجێ دەكرێت كە رادیكاڵیزمی ئیسلامیی شیعە و سوننە پێكەوە لە ریشەوە هەڵكێشرابن.
لە ئێستادا كە پرۆسەی ئازادكردنەوەی شاری موسڵ كۆتایی هاتووە و جۆرێك لە سەرەتاكانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی هاوپەیمانان بۆ رووخاندنی خەلافەتی ئیسلامی داعش بەرەو كۆتایی دەچێت، بەڵام زۆر بە ئاشكرا ئەو حاڵەتانە دەبینرێت كە رادیكاڵیزمی ئیسلامی شیعە لەناو میلیشیا پرۆ ئێرانییەكانی حەشدی شەعبی عێراقیدا هەمان هەڕەشەی داعش دووبارە دەكەنەوە، ئەوجا لەبەر ئەوەی ئەو میلیشیا پرۆ ئێرانییانە خۆیان بەلایەنی سەركەوتووی شەڕی دژی داعش دەزانن، شەرعییەتی ئەوەیان بەخۆیان داوە، هەر لە ئێستاوە دژایەتی ئامانجەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعش بكەن و مەبەستیانەو بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن كە عێراقی دوای داعش بەرەو كۆمارێكی ئیسلامی هاوشێوەی ئێران بەرن.
ئەم واقیعە ئەوەمان پێدەڵێت: شەڕی هاوپەیمانیی نیودەوڵەتیی دژی داعش بریتییە لەدوو قۆناخ، قۆناخی یەكەمیان جەنگ و هێرشی سەربازی بوو بۆ رووخانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش، قۆناخی دووەمی پرۆسەیەكی سیاسییە بۆ دووبارە رێكخستنەوە و گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەكە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی ناوەندەكانی توێژینەوە لەسەر ئاستی جیهان لەسەر عێراق ئامادەی دەكەن و نەخشەی رێگە بۆ دووبارە رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەخەنەڕوو، هەموویان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بە ئاستێك شێواوە و بە ئاستێك سیاسەتی ئێرانی كاریگەری لەسەر هەیە، بۆیە هەر چۆنێك مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، یان هەوڵبدرێت لەچوارچێوەی هەڵبژاردنێكی تەقلیدیدا پرۆسەكە راست بكرێتەوە، ئەوا پرۆسەكە خراپتر دەبێت و سیستمی سیاسیی عێراق بەرەو كۆپیكردنەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران هەنگاو هەڵدگرێت، لەم حاڵەتەشدا هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا لەبری ئەوەی هەنگاو بەرەو بردنەوەی شەڕەكە هەڵبگرێت، شەڕەكە دەدۆڕێنێت و دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی دەگۆرێتەوە بۆ كۆمارێكی ئیسلامی هاوشێوەی ئێران، كە ئێستا ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدەست كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گیریان خواردووە.
كەواتە لە روانگەی ستراتیژیەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە، ئەوەی لە ئێستا گرنگ نەبێت، پرسی یەكپارچەیی خاكی عێراق و سیاسەتی یەك عێراقە بۆ مامەڵەكردنی نێودەوڵەتی لەگەڵ عێراقدا و ئەوەشی زۆر گرنگە بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، بردنەوەی ئەم شەڕەیە، مەفهوومی بردنەوەی شەڕەكەش لای ئەمریكا و هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی مانای ئەوەیە قۆناخی (پۆست رۆژئاوا و پۆست سیستمی جیهانی) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆتایی پێ بێت، ئەوەشی بۆتە هۆكاری ئەوەی ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە (پۆست رۆژئاواو پۆست سیستمی جیهانی) بوونی نفووز و كاریگەریی ئێرانە بەتایبەتی لە عێراقدا، بۆیە پسپۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، ئێستا عێراق كە بۆتە پاشكۆی ئێران، تەواوی هاوسەنگیی هێزی لە ناوچەكە تێكداوەو ئەگەر سنوورێك بۆ نفووزو كاریگەریی ئێران لە عێراقدا دانەنرێت، ئەوا مەترسیی شەڕێكی گەورەی ناوچەیی لەنێوان سعودیەو كەنداو لەلایەك و ئێران و وەكیلەكانی لەلایەكی دیكەوە لەئارادایە، ئەگەر ئەمەش رووبدات، ئەوا هێندەی دیكە پاشاگەردانی و ئاژاوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە.
دانانی سنوور بۆ باڵادەستیی سیاسەتی ئێرانی لە عێراقدا، مەبەست لێی تەنیا ئەوەندە نییە چەند سەد راوێژكارێكی سەربازیی سوپای قودسی ئێران بە سەرۆكایەتی قاسم سولەیمانی عێراق بەجێ بهێڵن، بەڵكو مەبەست لە سنوورداكردنی باڵادەستیی سیاسەتی ئێرانی لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا ئەوەیە كە رێگە نەدرێت میلیشیا پرۆ ئێرانییەكانی حەشدی شەعبی تێكەڵی پرۆسەی سیاسیی عێراق ببن و لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقدا پرۆسە سیاسییەكە كۆنتڕۆڵ بكەن، لەم حاڵەتەدا ئەگەر ئەمە رووبدات، یان بوار بدرێت وەكیلەكانی ئێران كۆنتڕۆڵی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بكەن، ئەوا ئەمەش جارێكی دیكە مانای ئەوەیە ئەمریكا و هاوپەیمانانی شەڕەكەیان دۆڕاند و ڤێتنامێكی دیكەیان بۆ خۆیان دروستكردووە.
بۆ قوتاربوون لەو تەلزگەیەی سیاسەتی ئێرانی لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعش لە عێراق و سووریا دروستی كردووە، ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئەوەی پێیان بكرێت لە عێراقدا خۆیان دژی نفووزی ئێرانی دەیكەن و لە سووریاش لە هەوڵی ئەوەدان لەگەڵ رووسیا بگەنە چارەسەرێكی مامناوەندی و بە هاوبەشی لەگەڵ رووسیا سنوورێكی بۆ دابنێن.
ئەگەر ئەم واقیعە گرێبدەینەوە بە شێوازی مامەڵەكردنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەمری واقیعی دەوڵەتی كوردستاندا، ئەوا بە ئاشكرا ئەو راستییە رەنگی داوەتەوە كە تەنیا پێگەیەكی جوگرافی لە تەواوی ئەو جوگرافیایەی شەڕی داعشی تێدا بەڕێوەدەچێت و دەشێت بكرێتە وێستگەی یەكەم بۆ بردنەوەی شەڕی دژی داعش بەتەواوەتی، ئەوا ئەو جوگرافیایە تەنیا كوردستانەو پشتگیریی كوردستانە بۆ ئەوەی لەناو گێژاوی مەدی شیعەگەرایی وەك دەوڵەتێكی ئەمری واقیع و ژینگەیەكی سەقامگیر بمێنێتەوە. بۆیە ئەگەر هەر هەوڵێك بدرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ داكۆكیكردن لە سیاسەتی پێشووی یەكپارچەیی عێراق، یان مامەڵەكردن لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتەی كە پێی دەگوترێت (سیاسەتی یەك عێراق)، ئەوا جارێكی دیكە شەڕی دژی داعش هەتا ئەگەر لە رووی سەربازییشەوە شەڕێكی براوە بێت، ئەوا لە رووی سیاسییەوە دەبێتە شەڕێكی دۆڕاو، خۆ ئەگەر ئەمریكاو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەمجارە شەڕی داعش بدۆڕێنن، ئەوا قۆناخێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێدەكات كە دەبێت جاڕی كۆتایی ئەمریكا و رۆژئاوا و ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بدرێت.