كورد دؤستيكى گرنگى له ده ستدا
August 7, 2017
وتار و بیروڕا
كۆچێرا ڕۆژنامەنووس، فۆتۆگراف و نووسەرێكی دیاری فەڕەنسا بوو كە 45 ساڵی تەمەنی خەریكی نووسین و توێژینەوە بوو سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش كورد و شۆڕشەكانی كە تا ساڵی 1971 (131) ڕاپۆرتی رۆژنامەوانی لەسەر كورد نووسیووە ئەمە جگە لە (4) كتێب كە تایبەتن بە كورد و بزووتنەوەی نەتەوەیی نووسیووە.
كۆچیرا لە سەرەتادا لە ڕۆژنامەی لۆموند دیبلۆماتیك وەك فری لانس كاری ڕۆژنامەوانی دەكرد و بابەتەكانی نە تەنیا لە ڕۆژنامە فەڕەنسیەكاندا، بەڵكو لە ڕۆژنامە گەورە و بەناوبانگەكانی جیهاندا بڵاودەكردەوە كە دەتوانرێ بە دڵنیاییەوە بووترێت كە دۆزی كوردی بەتایبەت لەكوردستانی عێراق بەجیهان ناساند، هەر بۆیەش لە ساڵی 2013 لەلایەن سەرۆك مسعود بارزانیەوە خەڵاتی مەدالیای بارزانی پێبەخشرا بۆ ئەو خزمەتە زۆرەی كە بە گەلی كورد و دۆزی ڕەواكەی گەیاند.
سەرۆك بارزانی لە بروسكەی هاوخەمی بۆ هاوسەری كریس كۆچیرا دەڵێ: »ئەو دۆستێكی مەزنی گەلی كوردستان بووە، بەهۆی نووسین و كتێب و توێژینەوەكانی لەبارەی كورد و كوردستان ڕۆڵێكی گەورەی لە ناساندنی كورد بە جیهان هەبووە«، لێرەدا نابێ رۆڵی هاوسەری خانم ئیدیت لەیاد بكرێ كە هاوكارێكی چالاكی بووە لە بەجێگەیاندنی كار و بەرهەمەكانی.
بۆ هێشتنەوەی ناوی ئەو بەڕێزە كە بەشی هەرە زۆری تەمەنی بۆ كورد و دۆزە ڕەواكەی تەرخانكرد پێشنار دەكەین كە یەكێك لە شەقامە گەورەكانی پایتەختی هەرێمی كوردستان بەناوی كریس كۆچیرا ناو بنرێ و لەسەرەتای شەقامەكەشدا پەیكەرێكی شیاوی بۆ دابنرێ كە هەمیشە بێتەوە یاد هاووڵاتیانی هەرێم و هەروەها هەموو نووسینەكانیشی -ئەوانەی نەكراوە بە كوردی- تەرجومە بكرێ بۆ ئەوەی تەواوی دانیشتوانی هەرێم لە هەوڵ و تەقەلڵای بەردەوامی ئەو مرۆڤە مەزنە ئاگاداربێت.