دەوڵەتێك بە خوێنی پێشمەرگە سنوری كێشرا بێت هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژی داعش رێزی دەگرێت
August 5, 2017
وتار و بیروڕا
رێز گرتن لە كوردستان مانای ئەوەیە لە پاكستانەوە تاوەكو دەگاتە نەیجیریا و پێی دەگوترێت (كەوانەی داعش)، هیچ دەوڵەتێك بوونی نەماوە كە پێناسەی دەوڵەتی بەسەردا جێ بەجێ بكرێت ، راشكاوانەتر چیتر دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامیەوە ( بێجگە لە ئیسرائیل) ، ئەو هێزە سەربازییەیان نیە كە بتوانن جوگرافیای دەوڵەتەكانیان لە هەرەشەی دەرەكی و ناوەوە و تیرۆریستان بپارێزین.
فرانسیس فۆكۆیاما لە كۆتایی ساڵی 2014 و لە پەنێڵیكدا كە بەبۆنەی بڵاوكردنەوەی كتێبەكەی ( لەبەر یەكهەڵوەشانی سیستمی سیاسی) بۆی گریدرابوو، راشكاوانە جەختی لەسەر ئەوەكردەوە ، لەو جوگرافیایەی پێی دەگوترێت كەوانەی داعش و تیرۆریستانی داعش توانیوویانە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی تێدا رابگەیەنن، ئەمە لەبەر ئەوەنیە كە ریكخراوی تیرۆریستی داعش و دەوڵەتەكەیان زۆر بەهێزە و لە شكاندن نایەن، بەڵكو هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە ، دەوڵەتان ئەو ناوچەیە دەوڵەتی لاواز و شكستخواردوون و ئەو توانایەیان نەماوە كە بتوانن خاوەنی ئەو هێزە بن خاكەكەی خۆیان بپارێزن ، هەربۆیە ئەگەر بمانەوێت ریكخراوی تیرۆریستی و دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی بروخێنن، ئەوا دەبێت بیر لە دروستكردنەوەی دەوڵەتی بەهێز بكەین ، ئەو دەوڵەتەی كە دەبێت خاوەنی سوپایەك بێت كە هەست بە ئینتمای نیشتمانی بكات و پارێزگاری لە خاكەكەی بكات و تیرۆریستان تێكبشكێنت.
لەناو ئەم باردۆخە پڕنائومێدی و دەستەوەستانیەی جیهان بەرامبەر تێكشكاندنی تیرۆریستان و رووخانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش لەساڵی 2014 تێكەوتبوو، هیچ هێزێكی سەربازی ( بێجگە لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان) لەسەر زەوی بوونی نەبووە كە بتوانێت بەرامبەر تیرۆریستان رابوەستێت، هەربۆیە كاتێك جیهان ئازایەتی و قارەمانیەتی پێشمەرگەی لە تێكشكاند و راگرتنی پێشرەویەكانی داعش بینی ، گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە پێویستە شەرعیەت بدرێتە كوردستان و دانبنرێت بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و راستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، ئەمەش دروست بەو مانایەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەیەكەم هەنگاویدا بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش، گەیشتە ئەو قەناعەتەی كەدەبێت( شەرعیەتی نێودەوڵەتی بدرێتە هێزی پێشمەرگە و پشتگیری ئەم هێزە قارەمانە بكرێت بۆ ئەوەی بتوانێت جوگرافیای كوردستان لە هێرشی تیرۆریستانی داعش و هەرەشە ناوخۆیی و دەرەكیەكان بپارێزێت) ، ئەمەش مانای ئەوەیە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش خۆی پێناسەی دەوڵەتی بەسەر ئەمری واقیعی كوردستاندا جێ بەجێ كردوو هەر لەو چوارچێوەیەشدا پشتگیری هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە و چەك و پێداویستی شەڕی پێداوە و لە هەمانكاتیشدا راوێژكارانی سەربازیان ناردۆتە كوردستان بۆ ئەوەی بە ئاستی سوپایەكی مودێرن هێزی پێشمەرگە بكەنە سوپای كوردستان.
كەواتە دەوڵەت وەك ماكس ڤێبەر پێناسەی كردووە بەوەی ( ئەو كیانەیە كە شەرعیەتی مۆنۆپۆلكردنی هێز و بەكار هێنانی ئەو هێزەی هەیە بۆ پاراستنی لە هەرەشەی دەرەكی و ناوەكی) ، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ، ئەو مافەی بە كوردستانداوە و ئیعترافیشی پێكردووە ، بۆ پشتراستكردنەوەی ئەم بۆچوونەش وەك لە تاسكفۆرسی ئایندەی عێراق كە بەسەرپەرشتی باڵێۆز رایان كرۆكەر لە مانگی ئایاری رابردوو لەلایەن ئامۆژگای ئەتڵەنتیكەوە بڵاوكراوەتەوە ، راشكاوانە ئاماژە بەوە كراوە كە دووبارە بونیادنەوەی عێراق لەلایەن راویژكارانی سەربازی ئیتاڵیا و بونیادی هێزی پێشمەرگە وەك سوپای كوردستان لەلایەن راوێژكارانی سەربازی ئەڵمانیاوە سەرپەرشتی دەكرێت، ئەم هەنگاوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە ( وەك سوپای كوردستان) و هەروەها مامەڵە كردن لەگەڵ سوپای عێراق ( وەك سوپایەكی وڵاتێكی دیكە) مانای ئەوەیە دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، سەرقاڵی دۆزینەوەی میكانزمێكی تازەن بۆ ئەوەی بتوانن پەیوەندی نێوان دەوڵەتی ئەمری واقیعی كوردستان و دەوڵەتی عێراق بدۆزنەوە.
گەڕان بەدوای میكانیزمێكی گونجاودا بۆ پەیوەندی ئایندەی نێوان كوردستان و عێراق، پرسێك نیە لەچوارچێوەی یەكپارچەیی خاكی عێراق یان ئەوەی پێدەگوترێت مامەڵە كردن لەگەڵ لە عێراق لە چوارچێوەی سیاسەتی ( یەك عێراقدا) ، بەڵكو پرسێكە پەیوەندی بەبردنەوەی شەڕی دژی داعش و گێرانەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەگشتی و عێراق و كوردستان بەتایبەتی هەیە، ئەم ئامانجە وەك ئەمری واقیع خۆی فەرز كردووە كە نابێت و ناكرێت جارێكی دیكە پاراستنی جوگرافیای عێراقی كۆن بە سوپای عێراق بسپرێتەوە، هەروەها نابێت و ناكرێت جارێكی دیكە پشتگیری حكومەتێكی سەنتراڵی لە بەغدا بكرێتەوە ، بەڵكو پێوستە بەشێوەیەكی جیاواز مامەڵە لەگەڵ كوردستان و عێراق بكرێت هەتا ئەو كاتەی لە باشور و ناوەراستی عێراق كێشەی عەرەبی سونە و شیعە بەلایەكدا دەكەوێت ولەچوارچێوەی پرۆسەیەكی سیاسیدا پێكەوە كۆدەكرێنەوە و كێشەكانیان چارەسەردەكرێن، پاشان بیر لەوە دەكرێتەوە پەیوەندی نێوان كوردستان و عێراق چۆن ریكبخرێتەوە.
بەپێی رێككەوتنی 27ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2016 لەنێوان سوپای عێراق و سوپای كوردستان بە شاهیدی و میانگیری ئەمریكا ، جوگرافیای كوردستان و عێراق لەسەر نەخشەی سەربازی لێكجیاكراونەتەوەو هەر سوپایەك سنوری ئەو جوگرافیایەی كە دەبێت بیپارێزێت بۆی دیاریكراوە و ، بەبێ رێككەوتن لە نێوان ئەم دووسوپایەدا، هیچ لایەكیان بۆیان سنوری ئەو جوگرافیایەی بۆی دیاریكراوە بیبەزێنت. دابەشكردنی جوگرافیای كوردستان و عێراق لەسەر نەخشەی سەربازی، تێگەیشتنێكی زۆر گرنگە لە نێوان كوردستان و عێراق بۆ ئەوەی دوای تەواوبوونی شەڕی دژی داعش لەسەر بنەمای نەخشەی سەربازی هەنگاو بۆ چارەسەری سیاسی كێشەی خاك لەنێوان ئەو دوو كیانەدا بدرێت ، ئەوجا لەووردكردنەوەی چارەسەری سیاسیانەی نێوان عێراق و كوردستان لەسەر كێشەی خاك ، پرسەكە ئەوەنیە كە وتوێژ و دانوستاندن لەسەر ئەوەبكرێت كە كەركوك و خانەقین و مەخمور و شنگال بەشێكن لە جوگرافیای عێراق یان كوردستان، نەخێر دیالۆگ و دانوستاندنی سیاسی لەسەر چارەنووسی ئەو ناوچانە دەكرێت كە بە هاوبەشی لەنێوان سوپای كوردستان و سوپای عێراق لە چوارچێوەی پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ ، ئازادكراونەتەوە ،ئەمەش بەو مانایەی ئایا ئەم ناوچانە بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو سوپادا پارێزگاریان لێدەكرێت، هەردوو سوپاكە لەو ناوچانە دەكشێنەوە و پارێزگاریكردنی ئەو ناوچانە دەدرێتە ئەو هێزە لۆكاڵانەی لەو ناوچە دروست دەكرێن و پارێزگاریكردنی ئەو ناوچانەییان پێ دەسپێرێت.
لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئەگەر لەسەر ئاستی سوپا كە گرنگرترین كۆڵەگەی دەوڵەتە ، عێراق و كوردستان گەشتبنە ئەم لێكتگەیشتنەو ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتگیری ئەم لیكتێگەیشتنە بن، ئایا لەسەر ئاستی چەسپاندنی سەروەریی یاسا و هەڵسوراندنی دامەزراوە دەوڵەتیەكان كە ئەمانیش دوو كۆڵەگەی دیكەی دەوڵەتن، هیچ پرۆگرامێكی جیاواز لە نێوان عێراق و كوردستان دروست بووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە مامەڵەكردنی بانكی نێودەوڵەتی و بازاری وزەی جیهانی لەگەڵ پرۆسەی ریفۆرم و كرینی نەوت و گازی عێراق و كوردستان دەییداتەوە، لەسەر ئاستی ئەم دوو كۆڵەگە گرنگەی دەوڵەت، ئێستا بانكی نێودەوڵەتی و بازاری وزەی جیهانی وەك دوو دەوڵەتی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ كوردستان و عێراق دەكەن، ئەو پرۆسەی ریفۆرمەی كە بانكی نێودەوڵەتی پشتگیری دەكات لە كوردستاندا جێ بەجێ بكرێت، زۆر زۆر جیاوازە لەو پرۆسەی كە بانكی نێودەوڵەتی لەگەڵ حكومەتی عێراق مامەڵەی پێدەكات و ئاشكراشە بازاری وزەی جیهانیش لە بەبازاركردنی نەوتیشدا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ كوردستان دەكات نەك لە ریگەی كۆمپانیا بە بازاركردنی نەوتی عێراق ( سۆمۆ) ەوە، ئەمانە هەمووی پێمان دەڵێن ، جیهان گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی بەهیچ جۆرێك گرێدانەوەی كوردستان بە عێراقەوە نە لەبەرژەوەندی ئاشتی و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەراستدایە نە لەبەرژەوەندی ئاشتی و ئاسایشی جیهاندایە، بۆیە ئەوەی ماوەتەوە تەنیا جیاوازییە لەسەر میكانیزمی ریكخستنەوەی پەیوەندی تازەی نێوان كوردستان و عێراق ، كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە ، باشترە عێراق و كوردستان خۆیان لەسەر ئەو پەیوەندیە تازەیە رێكبكەون و تێگەیشتنێكی هاوشێوەی رێككەوتنە سەربازییەكەی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دروست بێت بۆ ئەوەی ئەوانیش پشتگیری لێ بكەن.