پاساو نييه بؤ ده نگى نه خێر
July 30, 2017
وتار و بیروڕا
ئەگەرچی بڕواناكرێ ئەم دەنگە دژانە كاریگەری ئەوتۆی لەسەر كۆی دەنگدانی دانیشتوانی هەرێم هەبێت، بەڵام بۆ گەلێك كە خاوەنی ئەو هەموو شەهید و قوربانی دانەبێت ناخۆشە كە دەنگی لەوجۆرە ببیستێ كە تەنها سوودمەن لێی هەر دوژمنان و ناحەزانی ئەم گەلە دەبێت.
ئێمەی كورد لە كەنەدا ناژین تاوەك كیوبیكیەكان ڕازی بین بە ژیان لە كەنەدا، چونكە كەنەدا وڵاتێكی دیموكراتی و شارستانی و خودانی خۆشگوزەرانی و مافی مرۆڤە بۆیە پاساو بۆ ئەوانەی دەیانەوێ لە چوارچێوەی كەنەدا بمێننەوە پاساوی زۆر هەیە.
یان سكوتلەندیەكان گەر دەنگی نەخێر بۆ جیاوبوونەوە زیاتربێت لە بەڵێ هەر پاساو هەیە بۆ ئەوانیش، چونكە ئەوان ئێستا بەشێكن لەو وڵاتەی كە بە دایكی دیموكراسی لە قەڵەم دەدرێ و مێژووی پەرلەمانیان بۆ چەندین سەدە پێش ئێستا دەگەڕێتەوەو گەلانی جیهان لەوانە فێری پێكەوەژیان و دیموكراتی و مافی مرۆڤ و پێشكەوتن بوون.
یان وڵاتێكی وەكو سویسرا كە چوار نەتەوەی جیاواز كە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆشیاننن لەگەڵ ئەوەدا پێكەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی سویسرا بە ئازادی و خۆشگوزەرانی دەژین.
بەڵام مێژووی ئێمە لەگەڵ ئەم عێراقە دەستكردە كەوا بۆ سەد ساڵ دەچێت كورد لە ماڵوێرانی و سەركوتكردن و دواكەوتوویی سەرەڕای ئەو هەموو كوشتار و قڕكردنە چی دەستكەوتووە تا مرۆڤ حەز بكات لەبۆ تەقەی ئەو دەوڵەتە سەركوتكەرەدا ژیان بەسەرببات.
بۆیە ئەوانەی بانگەشەی دەنگی نەخێر دەكەن پێبزانن یا نەزانن ئەوا خزمەتی داگیركەر دەكەن و دژی گەلەكەی خۆیان ڕادەوستن كە ئەوەش لوتكەی شەرمەزارییە. تۆ بتەوێت زوڵم و ناهەقی و مافخواردن بەردەوام بێت و لەجیاتی سەربەخۆیی ژێردەستەیی هەڵبژێریت، ئیدی تۆ مرۆڤێكی نامۆیت و هەق نییە خۆت بە كورد بزانیت، تۆ بتەوێت لە وڵاتێكدا بەردەوامی بە ژیانت بدەیت كە بە سەرە قەڵەمێكی سەرەكوەزیرانەكەی مووچە و بودجەت ببڕێت و نە پەرلەمان و نە ئەنجومەنی وەزیران ناڕەزایەتیەك دەرببڕێ، ئیدی چاوەڕێی چی لەو وڵاتە دەكەن.
وڵاتێك كە بەرەو تایفەگەری و دەوڵەتی تیوكراتی بەپەلە مل دەنێت، وڵاتێك كە جێی مرۆڤی خاوەن هۆشی تێدا نابێتەوە، نەك گەلێك كە مێژووی سوورە بەخوێن و قوربانی.