مسرور بارزانی..نوێنەری نەتەوەكەی لەناو كۆنگریسی ئەمریكادا
July 29, 2017
وتار و بیروڕا
دوای 41 ساڵ بەسەر ئەم پەیامەی مستەفا بارزانیدا، ئەمجارەیان مسرور بارزانی لە رۆژی 28ی تەموزی 2017 لەناو تەلاری كۆنگرێیس ئەمریكا لەواشنتۆن و لەبەردەم ئاڵای كوردستان وئەمریكادا،بەهەموو جیهانی راگەیاند ئێستا كاتێكی گونجاوە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و پێویستە گەلی كوردستان بڕیاری خۆی بدات و، داوای لێكردن كە دەبێت ئەمریكا و جیهانیش رێز لە بڕیار و خواستی گەلی كوردستان بگرێت.
موحسین دزەیی سیاسەتمەداری ناسراوی كوردستان دەربارەی هەوڵەكانی مستەفا بارزانی بۆ كۆكردنەوەی پشتگیری نیودەوڵەتی بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان دەڵێت: مستەفا بارزانی دوای ئەوەی لە سۆڤیەت گەڕایەوە گەیشتبووە ئەو قەناعەتەی كە بەهۆی باردۆخی شەڕی ساردەوە، یەكێتی سۆڤیەتی پێشان پشتگیری لە سەربەخۆیی دەوڵەتی كوردستان ناكات، هەر بۆیە هەموو هەوڵەكانی بەو ئاراستەیە بوو كە پشتگیری ئەمریكا بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەدەست بهێنێت، سەبارەت بەم هەوڵانە د.شەفیق قەزار كە لەشەستەكانی سەدەی رابردوو قوتابی زانكۆی ئەمریكی بووە لەواشنتۆن، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بۆی گێراینەوە كە ئەو لەلایەن مستەفا بارزانیەوە راسپێراوە كە هەموو هەوڵی خۆی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی لەناوەندە دبلۆماتیەكانی ئەمریكادا دۆست بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان پەیدا بكات، بەڵام بەهۆی هەلومەرجی سەختی شەڕی سارد و ئەو پیلانە نیودەوڵەتیەی لە ساڵی 1975 لەدژی كورد ئەنجامدراو نسكۆی شۆرشی ئەیلولی بەسەردا هات، ئیدی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان ئەو دەرفەتەی لەبەردەمدا كەمبووەوە كە بتوانێت پشتگیریەكی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان دروست بكات، ئەمە درێژەی كێشا هەتا راپەرینی بەهاری 1991 كە جارێكی دیكە دەروازەیەك بۆ كوردستان كرایەوە بۆ ئەوەی هەوڵەكانی بەو ئاراستەیە بخاتەوە گەڕ كە پێشتر مستەفا بارزانی هەوڵی بۆدابووە.
مسرور بارزانی كاتێك لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، قوتابی بوو لە زانكۆی ئەمریكی لە واشنتۆن ، هەستی بەوە كردبوو، دروستكردنی پەیوەندیەكی تۆكمە لەگەڵ ئەمریكاو رۆژئاوا بەو ئاستەی مستەفا بارزانی ئومێدی بۆ خواستووە، پێویستی بە وەرچەرخانێك هەیە لە شێوازی ئەو میكانیزمەی ژێرخانی ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی بۆ دروست دەكرێت، بۆ ئەمەش بیری لەوە كردەوە ، شێوازی پەیوەندی تازەی كورد لەگەڵ رۆژئاوا و ئەمریكا پێویستی بە فراوانكردنی بازنەی پەیوەندییەكان هەیە ، بەجۆرێك كە ناوەندەكانی فیكر و لیكۆڵینەوە و زانكۆكانیش بگرێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە ژێرخانێك بۆ وجودی كورد و كوردستان لەناو رای گشتی رۆژئاواو ئەمریكادا. بۆ جێبەجێكردنی ئەم شێوازە نوێیەش بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی تازەی كورد لەگەڵ رای گشتی رۆژئاوا و ئەمریكادا، هەنگاوی یەكەمی لە ساڵی 1999 بە كردنەوەی مەڵبەندی مستەفا بارزانی لەناو سەنتەری ئاشتی بۆ جیهان لە زانكۆی ئەمریكا دەستی پێكردو، یەكەم كاری ئەم مەڵبەندەش كۆنفرانسێك بوو بە ناونیشانی ( كورد و گەڕان بەدوای ناسنامەدا) ، ناونیشانی یەكەمین كۆنفراسی مەڵبەندی مستەفا بارزانی پێی گووتین، كورد نەتەوەیەكە بەسەر چوار دەوڵەتەدا دابەشكراوە و هەموو ئامانجی دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان و سیاسەتی نیودەوڵەتی هەتا ئێستا بەوجۆرە بووە كە ناسنامەی كورد بتووێنەوە و كورد خاوەنی ناسنامە و خاك و دەوڵەت خۆی نەبێت.
كەواتە ئەم باكگراوەندە كورتە ئەوەمان پێدەڵێت كە مسرور بارزانی ماوەی نزیكەی 20 ساڵە لە هەوڵی ئەوەدایە كورد بە ناسنامەی راستەقینەی خۆیەوە لەناو رای گشتی ئەمریكا و رۆژئاوا بوونی هەبێت و، ئێستاش كە بەدەنگی بەرز و بوێرانە خواست و ئامانجی نەتەوەكەی لەناو كۆنگرێسەوە بە هەموو جیهان رادەگەیەنێت، مانای ئەوەیە دۆستەكانی كورد لە ئەمریكا گەیشتوونە ئەو ئاستەی كە بۆ بەرژەوەندی كورد و كوردستان پشتگیری خۆیان لەناو كۆنگرێسەوە رابگەیەنین و زەمینە بۆ كاریگەری لەسەر سیاسەتی ئەمریكا دروست بكەن.
لە سەرەتای ساڵی 2017 شەوە كە ئیدارەی ئەمریكی بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ دەستبەكارە و هەموو ئاماژەكان بەوجۆرەن گۆرانكاریەكی ریشەیی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەراست دێتە ئاراوە، دیسان مسرور بارزانی وەك نوێنەری نەتەوەكەی چەندین جار سەردانی واشنتۆنی كردووە و لەگەڵ ستاڤی ئیدارەی ترەمپ كۆبۆتەوە و زۆر بە لیهاتوویی و زیرەكان باردۆخی ئێستای كوردستان و ئایندەی كوردستانی بۆ روونكردونەتەوە و هەوڵیداوە بۆ ئەوەی كوردستان وەك هاوپەیمانێكی ستراتیژی و پشت پێ بەستراو لە سیاسەتی ئەمریكادا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، بۆ ئەمەش وەك لە كۆنفراسەكەی هەینی رابردووی كۆنگرێس بینمان، ئەو هەموو دۆستە لەو كۆنفراسە ئامادەبن و بەو ئاستە بەرزە بەرگریان لە مافی كوردستان بۆ سەربەخۆیی دەكرد، ئەمە نیشانەی ئەوەیە ، مسرور بارزانی نوێنەرێكی راستگۆ و بوێر و لیهاتووی نەتەوەكەیەتی و توانیوویەتی بەرگریەكی تەواو لە خواست و ئامانجی نەتەوەكەی بكات.