لە ئەنفالەوە بۆ نوكە قەڵەمێك

لە ئەنفالەوە بۆ نوكە قەڵەمێك
كورد بە نان و ئاو و كارەبا قایل بوایە، سەد ساڵ بوو خوێنی لێ نەچۆڕا. هەموو ئەو شەهیدانەی ژیانیان بە نان و ئاو و كارەباوە كرد بە قوربانی ژینێكی بەكەرامەت، نەدەرۆیشتن و داخیان بە دڵی ئازیزانیانەوە نەدەنا. ئەو هەموو گەنجە لە جیاتی لە بەهاری تەمەندا هەڵوەرێن، دەمان و ماڵ و حاڵیان پێكەوە دەنا و ژیانیان تا كۆتایی دەگوزەراند.
كورد عەیایامێك لەوەوبەر، بە هۆشیارییەكی كەمتر و لە هەلو مەرجێكی پڕ نائومێدی و بێ تروسكەدا، قایل نەبوو بەشی میللەتانی دیكە سەربەخۆیی و ئازادی و بەشی ئەمیش تەنیا نانەسكەی ملكەچی بێت. ئەدی ئێستا، دوای روبارێك خوێن و بارتەقای سەد ساڵ قوربانی، دوای قڕكردن و جینۆساید، دوای ئەوەی هێندەی هەموو میللەتانی دونیا، باجی بۆ ئازادی بەخشی، چۆن تازە بە تازە بەو هاوكێشە لاسەنگ و ناعادل و زاڵمانەیە قایل بێت كە بەشی میللەتان ئازادی و بەشی ئەم تەنیا نانی كۆیلەیی بێت!!
ئەوانەی لە بەرامبەر بانگەوازی سەربەخۆییدا، تاكی كورد بە (برسیبوون و ئابڵوقە و شەڕ و پەلاماری داگیركەران) دەترسێنن، ئەو راستییە رۆشنە دەشارنەوە كە كورد پێشەكی نرخ و باجی سەربەخۆیی داوە، هێندەی نرخی سەربەخۆبوونی دەیان میللەت، خوێن و قوربانی داوە و كارەسات و مەینەتی و مەرگەساتی بینیوە. ئێستا ئیدی نەك هەر هیچ تاوانێك نەماوە بە كورد بكرێت و هیچ ئاگر و ئاسن و قەتل و عام و شەڕ و پەلامارێك نەماوە نەكرێتە سەر كوردستان، بەڵكو ئەو دنیا و هەلو مەرجەش بەسەرچووە جارێكی دیكە داگیركەران بۆیان بڕەخسێ هەمان چەكی جاران لە دژی كورد بخەنەوە كار. هاوكات لە كوردیش مەتڵوب نییە خۆ بۆ ئەنفال و كیمیایی و ماڵوێرانی و ئابڵوقەی دیكە ئامادەكات. تێكۆشەر و مێژووكردانی كورد، بەسەر ساڵ خەبات توانییان ئاست و ئامرازی خەبات بۆ ئازادی لە (ئامادەیی بۆ ئەنفال)ەوە بگەیەنین بە (ئامادەیی بۆ نوكە قەڵەمێك) كە بنوسێ بەڵێ بۆ سەربەخۆیی.
بۆ دەستهەڵگرتنی كورد لە داوا رەواكەی،گرەوی دوێنێی داگیركەران لەسەر ئەنفال و كیمیایی و ئاگر و ئاسن و تەعریب و تەرحیل بوو، ئەمڕۆ تەنیا و تەنیا لەسەر هۆشیاریی نەتەوەیی تاكی كورد و شەڕێكی ترسنۆكانەی دەرونییە كە بە و هۆشیارییەی دەفرۆشن.
جا پرسیار ئەوەیە: ئینسانی كورد كە عەیامێك لەمەوبەر و لەوپەڕی نائومێدی و بێ پشت و پەنایی و دابڕان لە دونیا و لە هەلو مەرجێكی سەخت و دژواردا، لەوپەڕی بێتوانیی خۆی و بەتوانایی و ملهوڕیی داگیركەراندا، لە زەمەنێكی بێ رەحم و بێ بەها و نامرۆفانەدا، ئازادی و سەربەخۆیی بە مافی خۆی زانیبێ، قایل نەبوبێ بەوەی گەلانی دیكە سەربەخۆبن و ئەمیش تەنیا بە نان و ئاو و كارەبا رازی بكرێ، ئەدی چۆن ئێستا و لەوپەڕی هۆشیارییدا، دوای ئەوەی سێ چوار نەوەی لە نیمچەئازادیدا پێگەیشتن، لە دەور و زەمان و هەلو مەرجێكی لەبار و هەڵكەوتووی تەواو جیاوازدا، لەسەروەختی بەهێزی خۆی و لاوازی داگیركەرانیدا، ئازادی و نانی سەربەرزانە، بە نانی ملكەچی و سەرشۆڕانە دەگۆڕێتەوە؟؟.
Top