شینی كوردزمانەكانی وەكیلی ئێران .. بۆ یەكپارچەیی عێراق

شینی كوردزمانەكانی وەكیلی ئێران .. بۆ یەكپارچەیی عێراق
ئەوەی جێگەی نیگەرانییەو لەوانەیە رۆژێك لە رۆژان هیچ كەسێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بیری لێ نەكردبێتەوە، قسەو هەڵویستی ئەو كوردزمانانەیە كە بە ئاشكرا و بەبێ هیچ هەستێكی نیشتمانی و نەتەوەیی دژایەتیی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن!
پرۆسەی ریفراندۆم وەك رێگەچارەیەكی دیموكراتی و هاوچەرخانە بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی گەلێك، كارێكی ئاسایی و سروشتییە كە بیروبۆچوونی جیاوازی لەسەر دروست بێت، بەڵام دەبێت بیروبۆچوونی جیاواز لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانی و نەتەوەیی بێت و لایەنی بەرامبەریش كە نەتەوەی سەردەستە بایی هێندە وەڵامدانەوەی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەكانی ئەم پرۆسەیە هەڵبسەنگێنرێت.
بەداخەوە ئەوانەی بە زمانی كوردی لە كوردستانەوە دژایەتیی ریفراندۆم دەكەن، بەشێوەیەكی رەها دەرگای دیالۆگ و لێكتێگەیشتنیان داخستووەو بوونەتە پارێزەرێكی بەلاشی داگیركارانی كوردستان، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سەركردایەتی سیاسیی كوردستان كە رۆژی 25ی ئەیلوولی 2017ی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم راگەیاندووە، ئەمەی نەشاردۆتەوە كە لەسەر بنەمای بڕیاری گەلی كوردستان وتووێژ و دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی عێراق دەكات و هەموو ئەو سیاسەتە هەڵانەی حكومەتی بەغدا دەخرێنەڕوو كە بوونە هۆكاری ئەوەی گەلی كوردستان ئەم بڕیارە بدات، بۆ ئەمەش شاندی كوردستان سەردانی بەغدای كردووە.
بۆیە لەم حاڵەتەدا پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم پەیوەندی بە ژیان و كەرامەت و ئایندەی هەر تاكێكی كوردستانەوە هەیە و ئەركی سەرشانی هەرتاكێكی كوردستانییە بە جیاوازی نەتەوەو ئایینەوە پشتگیری لە ریفراندۆم بكات، بەڵام دواتر لەسەر پرۆسەی دیالۆگ و دانوستاندن لەسەر ئاكامی ریفراندۆم لەگەڵ حكومەتی عێراق، ئەگەر بۆچوونێك هەبێت و پێمان بڵێت، ئەو سازشەی حكومەتی عێراق لەبەرامبەر بڕیاری ریفراندۆم بۆ ئیرادەی گەلی كوردستانی كردووە، باشترە لەوەی كە سوور بین لەسەر ئەوەی لە عێراق جیاببینەوە، بەڵام ئەوەی دەبێتە هەڵوێستێكی شەرمەزارییانە دژی نەتەوەكەی خۆی، ئەوەیە كە ئەو مافە بە گەل و نەتەوەی خۆی نەدات لەسەر مافەكانی خۆی دیالۆگێكی راشكاوانە و جددی بكات.
لێرەوە زۆر گرنگە موناقەشەیەكی راشكاوانە و شەفاف بكەین و پرسیار لەو كەسانە بكەین كە بە زمانی كوردی دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بێ شەرمانە راوەستاون و پێیان بڵێین: فەرموو ئەوە ماوەی مانگێك زیاترە حزبە سیاسییەكانی كوردستان ( بێجگە لە گۆڕان و كۆمەڵ) رۆژێكیان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاری كردووە، ئایا حكومەتی عێراق، لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق، چ هەنگاوێكیان هەڵگرتووە، یان چ پەیامێكیان ئاراستەی گەلی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی خەڵك بڵێت وەڵاهی مانەوەمان لەگەڵ عێراق لەچوارچێوەی دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە بۆ ئێستا لە جیابوونەوە، یان راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ باشترە؟ پرسیاری دیكە ئەوەیە: ئایا حكومەتی شیعەی عێراق، هێز و لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق، مەرجەعییەتی شیعەی نەجەف، ئەگەر تەنیا بۆ دڵنەوایی گەلی كوردستانیش بێت، رایانگەیاندووە كە بڕیاری بودجە و مووچەی گەلی كوردستان، بڕیارێكی زاڵمانە و ژینۆسایدیەكی ئابورییە كە دەرحەق بە گەلێكی مەزڵووم و بەشخوراو كراوە؟ پرسیاری دیكە لە هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەیە كە ئێستا پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیان هەیە، لێیان دەپرسین، ئێوە بە رێگەی هەڵسووڕاوەكەتان كە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقە، هەموو مافی خەڵكی سلێمانی و گەلی كوردستانتان بۆ پێدانی مووچە بچووك كردەوە، ئایا حكومەت و لایەنە شیعەكانی عێراق چ وەڵامێكیان دانەوە؟ ئایا ماوەی زیاتر لە شەش مانگ بۆ مەرامی سیاسیی خۆتان مامۆستاو فەرمانبەرانتان رژانە سەر شەقامەكان و دروشمی وەفا و دڵسۆزیتان بۆ حكومەتی بەغدا بەرز كردەوە، ئایا حكومەتی بەغدا چ وەڵامێكی دانەوە؟
ئێستا كاتی ئەوە هاتووە راشكاوانەو شەفافانە لەگەڵ ئەوانەی بە زمانی كوردی دژایەتی سەربەخۆیی دەكەن، موناقەشەیەكی جددی بكەین و پێیان بڵێین: ئەگەر ئێوە هەر دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و نەتەوەیی و نیشتمانی خەڵكی كوردستان ئەم موناقەشە و دیالۆگە درێژە بدەن و پێمان بڵێن ئەگەر خەڵكی كوردستان بڕیاری سەربەخۆیی و چارەسەری یەكجارەكی لەگەڵ عێراق نەدات، ئایا بە چ زمانێك تێگەیشتن و رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی بەغدا دروست بكەین؟ مادام ئێوەی كوردزمان هەر سەنگەری دژە سەربەخۆییتان هەڵبژاردووە، لەبری ئەوەی گەلەكەی خۆتان كردۆتە تاوانبار و لەسەر یەكپارچەیی عێراق دادگایی دەكەن، پێمان بڵێن ئێوە خۆتان بكەن بە وەكیلی عێراق ئەگەر ئەو بڕیارە نەدەین، عێراقی یەكپارچە چی بۆ خەڵكی كوردستان دەكات؟ پێمان بڵێن ئایا ئێوە وەك وەكیلێكی راستگۆی شیعە و عێراق، دەتانەوێت كورد لە عێراقدا چۆن بژی و مافەكانی چی بن؟ پرسیاری دیكە ئەوەیە ئایا ئێوەی كوردزمان كە دژایەتی نەتەوەی خۆتان دەكەن و گەلەكەی خۆتان بە تاوانبار دەزانن، بەوەی داوای سەربەخۆیی دەكات، ئایا حكومەت و دەسەڵاتی شیعەی عێراق ئامادەیە تەنیا ئێوەی كوردزمان وەك هاووڵاتی پلە یەكی عێراق سەیر بكات و گوێتان لێ بگرێت؟ یان ئایا بوارتان دەدات بەرگری لەمافی نەتەوەی خۆتان لەبەغدا بكەن؟ یان وەك ئێستا تەنیا ئەو ئەركەی پێتان سپێردراوە، ناشیرینكردنی هەموو جوانییەكانی كوردو كوردستانە، ئەمەش بە راستی قبووڵ ناكرێت و نابێت لە پێناوی هەندێك ئیعتباری سیاسیدا پەردەپۆش بكرێت.
Top