ریفراندۆم نمایشكردنی تاجی سەركەوتنەكانی ئیرادەی گەلی كوردستانە كاریزمای سەرۆك لە رۆژە سەختەكاندا ..پەنجەرەی ئومێد بەرووی نەتەوە دەكاتەوە

ریفراندۆم نمایشكردنی تاجی سەركەوتنەكانی  ئیرادەی گەلی كوردستانە  كاریزمای سەرۆك  لە رۆژە سەختەكاندا ..پەنجەرەی ئومێد بەرووی نەتەوە دەكاتەوە
پێش ئەوەی تیرۆرییستانی داعش خەلافەتی ئیسلامی رابگەیەنن و هێرش بكەنە سەر كوردستان، بێجگە لەوەی داعش باشترین و تازەترین چەك و كەلوپەلی سەربازی 5 فیرقەی سوپای عێراقی لەبەر دەست بوو، لە هەمانكاتیشدا نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق ماوەی 8 مانگ بوو شەڕێكی ئابوری گەورەی بە بڕینی بودجە و مووچەی فەرمانبەران لەدژی هەرێمی كوردستان راگەیاندبوو، لەبەرامبەریشدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان بیجگە لە چەكێكی كەمی شەستەكانی سەدەی رابردوو ، هیچ جۆرە چەكێكی بەرگری لەبەر دەستدا نەبوو. لەمەش زیاتر بەهۆی كەوتنی موسڵ و پاشانیش هێرشكردنی داعش بۆ سەر كوردستان، نزیكەی 2 ملیۆن ئاوارە روویان لەكوردستان كردبوو، لەباردۆخێكی لەو جۆرەدا ، بەبێ بوونی سەرچاوەیەكی دارایی و بەبێ بوونی هیچ جۆرە چەكێكی پێشكەتوو سەرۆك مسعود بارزانی بە پشتبەستن بە خوا و بە ئیرادەی گەلی كوردستان بریاری شەڕی مان و نەمانی دژی تیرۆریستانی داعشدا.
شەڕی دژی داعش تەنیا بۆ سوپایەكی بێ چەك و بێ ئیمكانیەتی وەك هێزی پێشمەرگەی كوردستان ، شەڕێكی تازە نەبوو، بەڵكو بۆ هەموو دەوڵەتانی ناتۆ و دواتریش كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دامەزرا، بۆ ئەوانیش شەڕێكی تازە بوو، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو پێشتر شەڕی دژی تیرۆریستان ، تەنیا رووبەرووبوونەوە بوو لەگەڵ چەندە كردەوەیەكی خۆكوژ، ئوتومبیلێكی بۆمبرێژكراو، هێرشێكی گەریلایی بچووك، بەڵام بەراگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی ، ئیدی دەوڵەتێكی تیرۆریستی دروست بوو كە باشترین چەكی مودێرنی لەبەردەست بوو.
سوپا مۆدێرنەكانی دەوڵەتانی هاوپەیمانی ئەتڵەسی بەگشتی و ئەمریكا، لەبەرامبەر هێرشی تیرۆریستانی لە عێراق و ئەفغانستان ، بڕستیان لێ برابوو ، بۆیە كە داعش خەلافەتی راگەیاند و بووە دەوڵەتێكی تیرۆریستی ، ئیدی گەورەترین گرفت و ئاستەنگ لەبەردەم سوپا مودێرنەكانی جیهان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەوەبوو كە هیچ هێزێك نیە كە بتوانێت لەسەر زەوی تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنت.
بۆیە كاتێك بەرێز مسعود بارزانی بریاری شەڕی سەرتاسەریدا و لەسەر زەوی پێشڕەوی هێرشەكانی داعشی راگرت و ئەفسانەی داعشی بەتاڵكردەوە ، ئەمە بووە خاڵێكی وەرچەرخان نەك تەنها بۆ پێگەی كوردستان لەناو سیاسەتی نێودەوڵەتی، بەڵكو بووە وەرچەرخانێك بۆ داڕشتنی ستراتیژیەتی تێكشكاندن و لەریشەهەڵكێشانی فیكری داعش لەسیاسەتی ئەمریكادا.
قسەكردن لەسەر ئەم وەرچەرخانە لە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ شەڕی داعش و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراست ، راستكردنەوەی ستراتیژیەتی خۆتێوەنەگلاندن(disengagement) بوو، بۆ ستراتیژیەتی پشت بەستن بەهاوپەیمانە پشت پێبەستراوە لۆكاڵیەكان ، ئەمەش واتە پشت بەستن بەو هێزەی كە لەسەر زەوی دەتوانێت شەڕی دژی داعش بكات نەك تەنها دەوڵەتانی ناوچەكە. ئەمەش ناولێنراوە ستراتیژیەتی بوونی شوێن پێیەك (light footprint)، مانای ئەوەیە ئەو هاوپەیمانە پشت پێبەستراوە لۆكاڵیە دەتوانێت رێگەی سەركەوتن رۆشنبكاتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر جارێكی دیكە بگەرێنەوە بۆ ئەو سەركەوتنە مەزنەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە رێبەرایەتی مسعود بارزانی لەسەر ئاستی شەڕی دژی داعش تۆماری كرد، ئەوا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی ئەوە بۆ یەكەمین جارە ئیرادەی گەلی كوردستان و خۆراگری هێزی پێشمەرگە ، بەرژەوەندی تەواوی دەوڵەتانی جیهانی ئازاد بەكوردستانەوە گرێدەداتەوە و لەكوردستانەوە نەخشەی رێگە بۆ پاراستنی ئەو پەیوەندیانە دادەرێژرێت، ئەم قۆناخە تازەیە تەواو و تەواو پێچەوانەی میژووی دبلۆماتیەتی دەوڵەتانی رۆژئاوایە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر ستراتیژیەت و دبلۆماتیەتی رۆژئاوا بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی لەسەر ئەو بنەمایە دارێژرابێت كە دەبێت هەمیشە پەیوەندی نێوان ئەمریكا و دەوڵەتانی دیكە، بەو جۆرە بێت كە ئەوان وابەستەی ستراتیژیەتی ئەمریكا و رۆژئاوا بن، ئەوا قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگە و ئیرادەی خەڵكی كوردستان سەرلەنوێ ئەم ستراتیژەی لانی كەم لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست گۆڕیووە و، ئێستا دەبێت ئاراستەی بەرەو پێشەوەچوونی پەیوەندیەكان لەگەڵ كوردستان بەوجۆرە بێت ،كە سەرەنجام بە بەهێزی كوردستان بشكێتەوە، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە هەمیشە كوردستان پێگەیەكی بەهێزی تێكشكاندنی تیرۆر و تیرۆریستان بێت و، لەهەمانكاتیشدا ناوچەیەكی نموونەیی بێت بۆ سەقامگیری و پێكەوە ژیان و لیبورەدەیی لەنێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەكاندا. هەربۆیەش ئێستا تەواوی دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، وەك ئەركی سەرشانیان هاوكاری پێشمەرگە دەكەن و بەرێگەی راوێژكارە سەربازییەكانیان مەشق و راهێنانی دروست بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن، ئەمە لە پێناوی ئەوەیە ئەگەر خوانەخواستە ئەو بەرەیەی كوردستان لەشەڕی دژی داعش شەڕی تێدادەكات، هەر كەموكورتیەكی هەبێت، ئەوا بەرژەوەندی تەواوی دەوڵەتانی جیهانی ئازاد دەكەوێتە مەترسیەوە.
كەواتە ئەم ئاراستەیە ئەوەمان بۆ رۆشندەكاتەوە كە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بە ریبەرایەتی مسعود بارزانی ، پێگەیەكی بۆ كوردستان لەناو سیاسەتی نێودەوڵەتی و لەناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دروستكردووە،كە دەبێت سیاسەتی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، پشتگیری ئەو هەنگاوانە بكەن كە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كوردستان زیاتر بەهێز بێت و ژینگەیەكی باشتر بۆ پێكەوە ژیان و لیبوردەیی فەراهەم بكات.
لێرەوە ناگەرێنەوە سەر قسەی ئەو خەڵكانەی كە چاویان بە سەركەوتنەكانی ئیرادەی نەتەوەی خۆیان هەڵنایەت ، بەڵكو دەگەرێنەوە ئەو باردۆخە ئابورییە دژوارەی كە تیایدا سەرۆكی كوردستان بریاری تێدا وەرگرت، بیگومان لە ئێستادا جیهان بەگشتی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، هەر هەموویان گەیشتوونە ئەو قەناعەتەی ، لە كاتێكدا ئابوری گەورەی ئەمریكا و یەكێتی ئەورپا و دەوڵەتانی گروپی 8 ، نەیانتوانی زەمینەیەكی ئەوتۆ دروست بكەن كە بتوانرێت تیرۆریستانی داعشی تێدا تیكبشكێنرێت، ئەوا لۆژیكی مسعود بارزانی توانی لەسەر بنەمای ئابورییەكی دارماو بریارێ شەرێكی قورس لەگەڵ تیرۆریستانی داعش بدات و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەبێ مووچە و بەبێ پێداویستی لۆژیستی و تەنانەت بەبێ بوونی خۆراكی پێویستیش، تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنن، لە هەمانكاتدا لەسەر ئاستی ئیدارەدانی هەرێمی كوردستانیش، وێرای ئەوەی كوردستان كەوتبووە ناو شەڕێكی جیهانی قورسە و لەگەڵ ئەوەی نزیكەی 2ملێۆن ئاوارەش رووی كردبووە هەرێمی كوردستان، بەڵام سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی توانی ئیدارەی ئەم بەرە فرەرەهەندەی شەڕ بكات،كە نە لەسەر ئاستی ئاسایش و سەقامگیری باری نائاسایی لە كوردستاندا راگەیەنرا، هەروەها لەسەر ئاستی كارەساتی مرۆیش، ئەو سیاسەتە نەیهێشت هاتنی نزیكەی 2 ملێۆن ئاوارە ( كەدەكاتە سێ یەكی دانیشتوانی كوردستان) ببێتە هۆكاری ئەوەی كارەساتی مرۆیی لێ بكەوێتەوە، وەك ئەو كارەساتە مرۆییانەی كە لە دەریای ئیجە و سنورەكانی دەوڵەتانی یەكێتی ئەورپا بەسەر ئاوارە و پەنابەراندا هات.
ئەمە مانای ئەوەیە ، سەرۆك بارزانی لەناو قەیرانی شەڕێكی فرە رەهەند و فرەبەرەدا، كە هەموو جیهان لە ئاستیدا دەستەوەستان بوو، توانی پەنجەرەیەكی ئومید بكاتەوە، كردنەوەی ئەم پەنجەرەی ئومێدە تەنها مسعود بارزانی نەكردۆتە كاریزمای نەتەوەكەی بەڵكو كەسایەتی مسعود بارزانی بۆتە كاریزمای بەتاڵكردنەوەی ئەفسانەی تیرۆریستانی داعش لەسەرانسەری جیهاندا، ئەوەشی ئەمرۆ هەنگاوی بۆ هەڵدەگرین و بەرەو ریفرانۆدم دەچین، بەرهەمی ئەو سەركەوتنەیە كە هێزی پێشمەرگە و سیاسەتی لۆژیكانەی سەرۆك بارزانی هێناویانەتە ئاراوە و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانیش دەبێتە تاجی ئەم سەركەوتنە.
Top