سەربەخۆیی كوردستان و كاردانەوەكانی عێراق و توركیا و ئێران
July 5, 2017
وتار و بیروڕا
پرسیاری هەرە گرینگ لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر دوای ئەو هەموو زوڵم و ناهەقییەی حكومەتی بەغدا بەرامبەری كوردستان كردوویەتی، بەڵام كوردستان بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات و هەوڵبدات باشترین پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق هەبێت، ئایا ئەمە چی دەگەیەنێت؟ ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە ئامانجی ئەوەڵ و ئەخیری سەركردایەتی سیاسی لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان ئەوەیە ئەم دەوڵەتە ببێتە سەرچاوەی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكە و میكانیزمێك بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە ماوەی زیاتر لە 100 ساڵە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.
ئاماژەكردن بە پەیوەندیی ئێستای نێوان كوردستان و عێراق، دەروازەیەكی باشە بۆ ئەوەی باس لە پەیوەندییەكانی ئایندەی نێوان دەوڵەتی كوردستان و دەوڵەتانی دراوسێمان بكەینەوە، سەبارەت بەم لایەنە و هەر لەماوەیەدا كە خەڵكی كوردستان خۆی بۆ ریفراندۆم ئامادە دەكات، هەندێك سیاسەتمەداری لۆكاڵ و بێ ئاگا لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و جیهان، سەبارەت بە ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، بەو جۆرە خەڵكی كوردستان دەترسێنن بەوەی گوایە ئەگەر دەوڵەتی سەربەخۆ رابگەیەنین ئەوا دراوسێكانمان سنوورمان لێ دادەخەن و گەمارۆمان دەدەن و پاشان ئەو دەوڵەتە ناتوانێت بەردەوامیی هەبێت، لەوەڵامی ئەو سیاسییە لۆكاڵ و بێ ئاگایانە دەڵێین: ئەوە ئێوەن لە پێگە و شكۆی كوردستان بێ ئاگان، یان چاوتان هەڵنایەت شكۆ و پێگەی كوردستان ببینن، ئەگەرنا دەوڵەتانی دراوسێی كوردستان لە پێش هەموویانەوە، توركیا و ئێران باش ئەو راستییە دەزانن كە رێزگرتن لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان و بڕیاریان بۆ سەربەخۆیی، بەرژەوەندیی ئەوان دەپارێزێت و زیانی پێناگەیێنێت.
لێرەوە ئەگەر سەرەتا باس لە هەڵوێستی كۆماری ئیسلامی ئێران بكەین كە زۆر بە توندی دەیەوێت پرۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆم رەتبكاتەوە، ئەگەر لەمبارەوە ئەو پرسیارە بكەین، ئایا هەڵوێستی كۆماری ئیسلامی ئێران سنووری رەتكردنەوە دەبەزێنێت؟ یان راشكاوانەتر ئایا مەزندەی ئەوە دەكرێت كۆماری ئیسلامی هەڵوێستێكی توندتر بەمانای لە رێگەی دەستتێوەردانی راستەوخۆ، هەڕەشە لەسەر كوردستان دروست بكات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئێمە نایدەینەوە، بەڵكو بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی خۆیان لە میانەی كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان دەیدەنەوەو دەیانەوێت بەهۆی كوردستانەوە هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بەرەی دژی داعش راست بكەنەوە. هەر بۆ نموونە كاتێك لە ئامۆژگای ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا كۆڕێكیان بۆ محەمەد جەواد زەریف (وەزیری دەرەوەی ئێران) سازكردبوو، لە پەنێڵكەدا لێیان پرسی: ئایا كاتێك داعش هێرشی كردە سەركوردستان، كۆماری ئیسلامی ئێرانی هاوكاری كوردی كردووە؟ لەوەڵامدا زەریفی پێی گوتن: دەتوانن ئەو پرسیارە لە بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەن، ئایا كۆماری ئیسلامی دژی داعش هاوكاری كوردستانی كردووە یان نە. ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت، كۆماری ئیسلامی ئێران تێدەگات، ئێستا پێگەی كوردستان لەناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش چەندە و هەروەها دەشزانێت هەڕەشەكردن لە كوردستان لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەگشتی و ئەمریكا و ناتۆ بەتایبەتی چۆن دەخوێندرێتەوە، بەڵام لەبەرامبەر ئەمەشدا كۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەی نەشاردۆتەوە كە دەیەوێت لە پرۆسەی دوای كۆتایی داعش رۆڵێكی دیاری وەك هێزێكی گەورەی ناوچەكە هەبێت، كۆماری ئیسلامی لەشەڕی دژی داعش بەشدارییەكی فراوانی كرد، بەڵام نەبووە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و خۆیشی هۆكاری بە ئەندامنەبوونەكەی باش دەزانێت، بۆیە ئێستا هەوڵدەدات، دوای نەمانی داعش لە رێكخستنەوەی ناوچەكە رۆڵی هەبێت، بەڵام ئایا دەبێتە بەشێك لەو هەوڵە نێودەوڵەتییەی كە دوای داعش بۆ رێكخستنەوەی ناوچەكە دەگیرێتەبەر، ئەمە ئەو هەوڵەیە كە كۆماری ئیسلامی ئامانجیەتی ببێتە بەشێك، یان ئەندام لەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەی كە دوای نەمانی داعش بۆ رێكخستنەوەی ناوچەكە دەگیرێتەبەر.
كێشەی سەرەكیی كۆماری ئیسلامی ئێران لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا لەدوای داعش ئەوەیە، كە كێشەكانی عێراقی عەرەبی و پەیوەندییەكانی ئایندەی نێوان كوردستان و عێراق، تەنیاو تەنیا پەیوەستە بە رێككەوتنی نێوان شیعەو سوننە و رێككەوتنی نێوان بەغداو هەولێر، بۆیە كاتێك هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش ناچار دەبێت رۆڵی ناوبژیوان بۆ رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسیی نێوان شیعەو سوننە لە عێراقی عەرەبیدا بگێڕێت، ئەوا كۆماری ئیسلامی ئێرانیش بێجگە لە چاودێرێك لە دوورەوە ناتوانێت دەستتێوەردانی راستەوخۆی هەبێت، لەم چوارچێوەیەدا كۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵەكانی بەو ئاراستەیەیە كە چەند لایەنێك بەوەكالەتی ئەو رێگە لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بگرن، بەڵام ئەو لایانانە لەوە بچووكترن بەباشی و بە خواستی ئێران ئەو وەكالەتە جێبەجێ بكەن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە باشترین وەكیلی ئێران لە عێراقدا مالیكی و حزبی دەعوایە، ئەم وەكیلە خۆی بەوە تاوانبارە كە داعش بەرهەمی سیاسەتە هەڵەكانی ئەوە، بۆیە لەم حاڵەتەدا وەكیلەكانی ئێرانیش، بێجگە لە لێدوانی راگەیاندن هیچ شتێكی دیكەیان پێ ناكرێت، بۆیە ئەوانیش لەهەوڵی گرێدانی چەند سەفقەیەكن لەگەڵ هەندێك خەڵك و كەناڵی میدیایی لە كوردستان، بەڵام ئەوانیش ناتوانن بە ئاشكرا و وەك ئەوەی ئێران ئامانجیەتی لەمالیكی، بەو ئاستە ئەو وەكالەتە لە رێی مالكییەوە بۆ ئێران جێبەجێ بكەن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر ئەو خەڵكانە، یان ئەو میدیایانە ببنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی كوردستان لێیان قبووڵ ناكرێت، بۆیە ئەمانیش ناتوانن كاریگەرییەكی ئەوتۆیان هەبێت.
كۆماری ئیسلامی ئێران كە دەوڵەتێكە میراتی هەزاران ساڵەی دیپلۆماتیی دەوڵەتی هەیە، دەزانێت چۆن لەگەڵ ئەمری واقیع مامەڵە دەكات، لەئێستا هەوڵی بۆ ئەوەیە ئاستەنگ بۆ دەوڵەتی كوردستان دروست بكات، بەڵام ئەگەر كوردستان ئەو ئاستەنگانەی بڕی، ئەوا كۆماری ئیسلامی ئێران مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەمری واقیعە دەكات كە دەوڵەتی كوردستان دروستی دەكات و بەرژەوەندیشی لەوەدا دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەمری واقیعە بكات، لەبەر ئەوەی سەقامگیری دەوڵەتی كوردستان خزمەت بە سەقامگیری ئێرانیش دەكات.
سەبارەت بە توركیا، لەماوەی نزیكەی 10-14ساڵی رابردوودا، توركیا ئەزموونی هەمەجۆری دژی كوردستان و ئەزموونی هەمەجۆری دۆستایەتی لەگەڵ كوردستاندا هەیە، توركیا هەر لەساڵی 2003وە پاش ئەوەی پەرلەمانی توركیا بڕیاری دا، توركیا نابێتە بەشێك لە هاوپەیمانیی ئارەزوومەندا بۆ پرۆسەی ئازادكردنی عێراق، لەو راستییە تێگەیشتووە، ئێستا لەناوچەكەدا توركیا تەنیا هاوپەیمانی پشت پێ بەستراوی رۆژئاوا نییە، بەڵكو كوردستانیش بۆتە هاوپەیمانێكی پشت پێ بەستراوی رۆژئاواو ئەمریكا، كاتێك توركیا خۆی لەو هاوپەیمانییە دێنێتە درەوە، ئەوا ئۆتۆماتیكی كوردستان دەبێتە جێگرەوەی توركیا، لەماوەی دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە، توركیا چەند جارێك ئەم ئەزموونەی تاقی كردۆتەوە و هەموو جارێك كوردستان جێگەی گرتۆتەوە. هەر بۆ نموونە توركیا لە كۆتایی 2014 لەسەر زاری رەجەب تەیب ئەردۆگان رایگەیاند: (كۆبانێ كەوت.) بەڵام سەرۆك بارزانی رایگەیاند: دەبێت پێشمەرگە بچێتە كۆبانێ و نابێت بكەوێت، لەگەڵ ئەوەی توركیا زۆر دژایەتی دەربڕی بەوەی نابێت پێشمەرگە بەخاكی توركیادا بچێتە كۆبانی، بەڵام سەرەنجام ئەمریكاو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گوشاریان خستە سەر توركیا و پێشمەرگە بە خاكی توركیادا چووە ناو كۆبانێ و لە كەوتن رزگاری كرد. بۆیە توركیا لەو راستییە تێگەیشتووە كە كوردستان بۆتە ئەمری واقیع و بەشێك لە جێگەی بایەخی جیهانی ئازاد و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بۆیە باشترە دەوڵەتێكی دیموكراتی و ئاشتیخواز دراوسێی بێت، نەك دەوڵەتێك كە سەرچاوەی تیرۆر و توندوتیژی بێت.
لەلایەكی دیكەوە توركیا لەماوەی نزیكەی 8 ساڵی رابردوو، ئەزموونی دۆستایەتییەكی گرینگی لە كوردستان هەیە، لەماوەی ئەم 8 ساڵەدا توركیا سوودێكی هێجگار گەورەی لەم دۆستایەیە لە بواری بارزگانی و ئابووری و دیپلۆماتی و سیاسی بینیوەو ئێستا توركیا گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كو چەندە توركیا بۆ كوردستان گرینگە، هێندەو زیاتریش كوردستان بۆ توركیا گرینگە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا توركیا لەوانەیە بۆ ئیستهلاكی محەلی و رازیكردنی نەتەوەپەرستەكانی تورك هەندێك لێدوانی رەخنەئامێز بەرامبەر پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بڵاوبكاتەوە، بەڵام وەك سیاسەتی پراگماتیكی بەرامبەر كوردستان، واقیعی توركیا پیشانیداوە كە سەربەخۆیی كوردستان پەسەند دەكات.
ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، ئەوانیش لەو راستییە تێگەیشتوون كە دەوڵەتانی دراوسێی كوردستان ناتوانن، یان لەبەرژەوەندییان نییە كە لێدوانەكانیان بۆ هۆیەكانی راگەیاندن بگۆڕن بۆ هەڕەشەی جددی لەسەر ئایندەی كوردستان، هەر بۆیە هێندەی جەخت لەسەر لێكتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و عێراق دەكەنەوە، هێندە باس لە دژی، یان رەزامەندیی دەوڵەتانی دراوسێ سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان ناكەنەوە.
دیارە سەبارەت بە لێكتێگەیشتنی نێوان هەولێرو بەغدا بۆ جیابوونەوەیەكی ئاشتییانەی نێوان كوردستان و عێراق لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت كە لەنێوان كوردستان و عێراقدا چەندین خاڵی گرینگ و كێشە هەن، بەتایبەتی كێشەی سنوور و خاك كە پێویستی بەوە هەیە بە هێمانانە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكرێن، حكومەتی بەغداش بەرامبەر ئەم لێكتێگەیشتنە و دروستكردنی لیژنەی پەیوەندیدار بۆ ئەم مەبەستە بە شێوەیەكی زمنی رەزامەندی پیشان داوە، بەڵام میكانیزمی كاری ئەم لیژنە هاوبەشە لە نێوان كوردستان و عێراق، هەم كاتی دەوێت و هەمیش پێویستی بە نەفەسێكی تازە هەیە بۆ ئەوەی رای گشتی عەرەبی سوننە و شیعە لەگەڵ ئەم واقیعە تازەیە بگونجێنێت.
لەوانەیە هەندێك خەڵك كە ئامانجیان تەنیا و تەنیا سەربەخۆیی كوردستانە، لەسەر پرۆسەی دیالۆگی نێوان كوردستان و عێراق بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوەی ئاشتییانە بڵێن، ئایا واقیعی تازە كە دەوڵەتی كوردستانی تێدا لەدایك دەبێت، چ پێویستییەكی بەكات و نەفەسێكی تازە هەیە، لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا توركیا بە نموونە دەهێنینەوە، لە ساڵانی 2007 و 2008 كە تازە سەرەتای دیالۆگی رۆژنامەوانی و كولتووری و رۆشنبیری لەنێوان دەستەبژێری رۆژنامەنووس و رۆشنبیری كوردستان و توركیا دروست ببوو، زۆر جار لە دیدارەكاندا بە دەستەبژێری رۆشنبیری توركیامان دەگوت، بۆ لەبری باكووری عێراق ناڵێن حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوان لەوەڵامدا پێیان دەگوتین، بەدرێژایی 100 ساڵی رابردوو حكومەتە یەك لەدوا یەكەكانی توركیا رای گشتییان لەسەر ئەوە پەروەردە كردووە كە كورد و كوردستان بوونی نییە، بۆیە ئەگەر ئێمە لەپڕ بڵێین كورد، یان حكومەتی هەرێمی كوردستان رای گشتی قبووڵی ناكات، بەڵام دوای چەند ساڵێك وەك هەموومان بینیمان سەرۆك وەزیرانی ئەوكات و سەرۆكی ئێستای توركیا خۆی سەرۆكی كوردستانی بانگهێشتی ئامەد دەكرد و بە ئاڵای كوردستان پێشوازیی لێ دەكرا، لەمەش زیاتر وەك لەمیانەی دوایین سەردانی سەرۆكی كوردستان بۆ توركیا بینیمان، ئەمجارەیان هەر لە فڕۆكەخانەی ئەنكەراوە بە ئاڵای كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی كوردستان كرا.
بۆ ئێستای ئەقڵیەتی شۆڤێنی عەرەبی عێراق (بە شیعە و سوننەوە)، جارێ ماویەتی ئەمری واقیعی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بەشێوەیەكی ئاسایی وەربگرن، یان لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق بە ئاشكرا ئەوەی لەپشتی پەردە دەری دەبڕن بە ئاشكرا بە خەڵكی بڵێن، بۆیە هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش و لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریكا، دەبێت شاهید و ناوبژیوانی ئەم بارودۆخە تازەیە بن بۆ ئەوەی كوردستان و عێراق بە شێوەیەكی ئاشتییانە لێك جیاببنەوە، لەم حاڵەتەشدا كە عەرەبی عێراق لەو راستییە تێدەگات كە بەرژەوەندیی ئەوانیش لەوەدایە كە كوردستان سەربەخۆ بێت و دراوسێیەكی باشی عێراق بێت، ئەوا كوردستان چۆن پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ ئێران و توركیا بەردەوام دەبێت، لەگەڵ عێراق لەئاستێكی زیاتر دەبێت و بەردەوامیش دەبێت.