گۆڕان و ئەنفال

گۆڕان و ئەنفال
بزوتنەوەی دژە سەربەخۆیی (گۆڕان) دوو دانە لە نوسەرەكانی لەم رۆژانەدا ناردۆتە گەرمیان تا كەمپین دژی سەربەخۆیی و ریفراندۆم و سەربەخۆیی بكەن. قسەیان بۆ گەنجانی گەرمیانی كردووە و هانیان داون دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بوەستنەوە و پێیان گوتون ئەو ریفراندۆم و دەوڵەتسازییە بۆ پارتی و بنەماڵەی بارزانی و مەسعود بارزانییە. ئەوان سوودمەند دەبن و ئێوەش زیانلێكەوتوو. بەڵام گەنجانی ئەنفالدیدەی گەرمیانی بەگژیانداچونەوتەوەو شەرمەزاریان كردوون.
ئەم رەفتارە، ئیشی جارانی جاشقەڵەمە كوردەكانی بەعسمان بیردێنێتەوە كە هەر لە گۆڤاری (رزگاری)یەوە تا رۆژنامەی (ئاسۆ) جگە لەم لۆژیكە سەقەت و جاشانەیە، هیچی دیكەیان شك نەدەبرد بۆ ساردكردنەوەی ئیرادەی شۆڕش و بەرگری لای تاكی كوردستانی.
دەبوا نوسەر و هەڵسوڕاوانی گۆڕان بزانن هیچ كونجێكی كوردستانی برینداری دەستی ژێردەستەیی بۆ كەمپینی دژە سەربەخۆیی ناشێ، چ جای گەرمیانی سومبولی ئەنفال و سوتماك. گەرمیانی زێدی قورتاربوانی بەرێكەوت لە كۆمەڵكوژی. گەرمیانی گۆشتی مناڵی سوورگوڵی بەردەم سەگەكانی عەرعەر. گەرمیانی دایكی كەركوكی زەوتكراوی تەعریبكراوی سەركوتكراوی داخ لە دڵی تینوو بە خوێنی بارق و عەلی كیمیایی.
هەموو ناوچەكانی كوردستان هاوخەم وهاوئاواتن، بەڵام ئەو گەرمیانەی كە گەوجێنراوانی گۆڕان تەماعیان لێیە بیكەن بەگژ بارزاندا، لەگەڵ بارزان لە رەشپۆشی و مەینەتباری و ئەنفالدیدەیی و جەرگسوتاوی و بێكەس كوژیدا، دوو دەستە خوشكی هاودەردو هاوكارەساتن. گەر هەموو كوردستان یەك جار بڵێن (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی، ئەوا گەرمیان و بارزان و بادینان و ئەنفالكراوانی دیكە، گەر بۆ هەر قوربانی و گۆڕغەریبێكی ئەنفال، سەدو هەشتاو دوو هەزار جار بڵێن (بەڵێ)، هێشتا ناتوانن تینویەتی مناڵە رەنگ پەڕیو و گەرمابردووەكانی جەهەننەمی نوگرە سەلمان بشكێنن.
كە مالكی ووتی گرەو دەكەم بێجگە لە بارزانی و حزبەكەی،هیچ كوردێك لەگەڵ سەربەخۆیی نییە، وامزانی كەس هێندە ئەحمەق و گرەودۆڕاو نییە. بەڵام كە بیستم نوسەرانی گۆڕان دەیانەوێ گەنجانی ئەنفالدیدەی گەرمیانی لەگەڵ ئەنفال ئاشتبكەنەوە و بیانكەن بەگژ سەربەخۆیی و ئازادیدا، بیانكەن بەگژ دوا هاواری ئازیزانیاندا بەرلەوەی لمی سەحرا بە زیندوویی دایانپۆشێ، بیانكەن بەگژ حەمرین و مەتین و سەفیندا و لەگەڵ سەماوە و عەممارە و سەگەكانی عەرعەر ئاشتیان بكەنەوە. هەستم كرد لە مالكی ئەحمەقتر و قومارچیتر و دۆڕاوتر لە دنیادا هەن .
كورد سەربەخۆیی بە ئەنفال ناگۆڕێتەوە. گەرمیانییەكان پێشەنگی كوردستانیانن لەو نەبەردەدا. بۆ ئەوەی لەم راستییە زۆر سادەیە تێبگەیت پێوویست ناكات رۆشنبیر و روناكبیر و فەیلەسوف و خاوەن بڕوانامەی بەرز بێت، ئەوندە بەسە كەمێك لە مالكی زیاتر گەلی خۆت بناسی و مێژووی میللەتی خۆت شارەزا بی.
Top