ده نگنه دان و دژايه تى ريفراندؤم ده نگدانه به ژيرده سته يي
July 3, 2017
وتار و بیروڕا
ئەی ئەو خەباتگێڕانەی كە ئێستا لە پشت ئەمانەوەن و دنەیان بۆ دژایەتی ریفراندۆم -كە بە كردار دژایەتی سەربەخۆییە- دەدەن، خۆ ئەمان خۆیان هەموو نەهامەتییەكانی ئەم گەلە و بە چاوی خۆیان هەموو ئەو كارەساتە جەرگبڕانەیان دیوە، ئەی ئەوان بۆ ئەو دژایەتییە دەكەن كە لە بەرگی بە حیساب ئۆپۆزسیۆنیدا دەیانەوێت نیشانی بدەن. ئەدی نازانن دەنگنەدان بە ریفراندۆم دەنگدانە بە بەردەوامی ژێردەستەیی و مامەڵەی نەك برا گچكەیی بەڵكوو كۆیلەیی. ئەرێ ئەمانە نابینن كێ بودجە و مووچەی هاووڵاتیانی هەرێمی بڕی؟
وا بۆ سەد ساڵ دەچێ هەموو رژێمەكانی عێراق بە هەموو جۆرەكانیەوە تاقیكرانەوە، لە كامیاندا كورد لە غەیری ماڵوێرانی، چی دیكەی دی. ئایا لەژێر پەردەی ناڕازیبوون و ئۆپۆزیسیۆندا دەتانەوێ سەدەیەكی تریش تاڵاوی ژێردەستەیی بەم گەلە ستەمدیدەیە بنۆشن، چ سوودێك لەژێردەستەیی دیتراوە تا خەڵك هانبدرێ كە ئەم سووكایەتییە بە بەردەوامی قبوڵ بكات.
ئایا لە بڕینی بودجە و مووچەوە لایەنگرانی خۆتان جارێك "تەنها جارێك" هاندا بڕژێنە سەر شەقام و وەك ناڕەزایی بەرامبەر مووچە بڕینی مالیكی خۆنیشاندانێك ئەنجام بدات، كەچی هاوكات هەمیشە ئامادەن لایەنگرانتان پاڵ پێوەنێن كە سەركۆنەی حكوومەت و دەسەڵاتی كوردی بكات.
دژایەتیكردنی ریفراندۆم خزمەتێكی بێ بەرامبەری نەیارانی ئەم گەلەیە كە ئێستا بە راشكاوی دژی سەربەخۆییمان دەوەستن، ئیدی چۆن دەبێ لەو راستییە سادەیە نەگەن كە ئەوانەی هانیان دەدەن، راستەوخۆ بزانن یا نەزانن دەچنە پاڵ دوژمنان و بەرەی نەیاران بەرامبەرمان تۆكمە دەكەن.
ئێستا گەلەكەمان لە دووڕێیانێكی چارەنووسسازدایە و پێویستی بە یەكڕیزی و تەبایی هەیە، بۆیە بۆ ئەوەی بتوانیت ئەم قۆناغە سەركەوتووانە بەڕێبكات و بگاتە ئامانج، ئیتر هەنجەت دۆزینەوە بۆ دژایەتی ریفراندۆم بە دەردی كەس ناخوات و تەنها ئەم هەلە لە كیس دەدات.
ئەم گەلە كە سەدان ساڵە تووشی چەوساندنەوە و ماڵوێرانی و پشتگوێ خستن دەبێت، هۆكارەكەی نەبوونی چوارچێوەیەكە كە ناوی دەوڵەتە و تەنها لە نێو دەوڵەتی خۆیدا دەتوانن ئازادانە بژی و سیستەمی سیاسی خۆی چۆنی دەوێت ئاوا بسازێنێ، بەڵام تا دەوڵەت دروست نەبێت، باسی ئازادی و دیموكراسی و پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی و سەروەری و جۆری سیستەم سوودی نابێت و تەنیا سەرلێشێواندنی جەماوەرە.
لە كۆتاییدا دەڵێم: گەر دژبەرانی ریفراندۆم وابزانن بەو هەڵوێستە چەوتەیان دژایەتی پارتی و بارزانی دەكەن، زۆر سەهوون، ئەوانە بەو كارەیان دژایەتی ئاواتی دێرینەی گەلی كورد - كە سەربەخۆیی یە- دەكەن.