سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌ ئه‌قڵییه‌تی لۆكال و خه‌ونی داگیركه‌ران هه‌ڵسه‌نگاندنی له‌سه‌ر ناكرێت

سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌ ئه‌قڵییه‌تی لۆكال و خه‌ونی داگیركه‌ران هه‌ڵسه‌نگاندنی له‌سه‌ر ناكرێت
له‌دوای ئازادكردنی عێراقه‌وه‌ له‌ ساڵی 2003 تاوه‌كو ساڵی 2012، سیاسه‌ت و تێڕوانینی سه‌رۆك بارزانی بۆ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ لایه‌نی كوردستانی به‌رده‌وام به‌شێك بێت له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراق له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا و قه‌ت نه‌بێته‌ به‌شێك له‌ كێشه‌ی نێوان عه‌ره‌بی شیعه‌ و سوننه‌، له‌دوای ساڵی 2012شه‌وه‌ تا 2014 دیسان سیاسه‌ت و تێڕوانینی بارزانی به‌و جۆره‌ بووه‌ كه‌ هه‌وڵبدرێت له‌چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا سنوورێك بۆ مالیكی دابنرێت و هه‌ڵه‌كانی راست بكاته‌وه‌، به‌ڵام نوری مالیكی له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی خۆی راست بكاته‌وه‌، سیاسه‌تی ره‌شه‌كوژی له‌ خۆپیشاندانی عه‌ره‌بی سوننه‌ له‌ ئه‌نبار و تكریت پیاده‌كرد، له‌به‌رامبه‌ر كوردستانیش بێجگه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ی سه‌ربازی له‌ شوباتی 2014 بودجه‌ و مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕی.. به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌پشت به‌ستن به‌ ئیراده‌ی خۆڕاگری كوردستانییان هه‌ر چۆنێك بوو، توانی ئیداره‌ی بارودۆخی بێ مووچه‌یی و بێ بودجه‌یی بكات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدا كه‌ كورد نه‌یده‌توانی ببێته‌ به‌شێك له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی مالیكی، به‌ڵام وه‌ك فاكته‌رێك بۆ راگرتنی سه‌قامگیریی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ناوچه‌كه‌ مایه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ردا عه‌ره‌بی سوننه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كیانێك نه‌بوو كۆیان بكاته‌وه‌، بۆیه‌ به‌شێكی زۆریان گه‌یشتنه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌ده‌وه‌ری رێكخراوی تیرۆریستی داعش، له‌ مانه‌وه‌ له‌ ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی مه‌زهه‌بگه‌رایی شیعه‌ی مالیكی باشتره‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد موسڵ بكه‌وێت و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی پێنج فیرقه‌ی عێراقی ته‌سلیمی تیرۆریستانی داعش بكرێت، هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی داعش بتوانێت رۆژێك دوای كه‌وتنی موسڵ خه‌لافه‌تی ئیسلامی رابگه‌یه‌نێت.
ئه‌م واقیعه‌ ئێستا بۆته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ بیركردنه‌وه‌ له‌ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ عێراق له‌دوای رووخانی خه‌لافه‌تی ئیسلامی داعش، ئه‌مه‌ش وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
بێگومان له‌سه‌ر ئاستی جیهان، ئێستا هه‌موو لایه‌ك گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و راستییه‌ی كه‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆته‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و بۆته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر سیستمی جیهانی، له‌سه‌ر ئاستی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش، دیسان هه‌موو لایه‌ك گه‌یشتوونه‌ته‌ قه‌ناعه‌ت كه‌ عێراق به‌ پله‌ی یه‌كه‌م و سووریا به‌ پله‌ی دووه‌م سه‌رچاوه‌ی دروستبوونی خه‌لافه‌تی داعش و ته‌واوی ئاژاوه‌ و ناسه‌قامگیرییه‌كانی ناوچه‌كه‌ بوون، سه‌باره‌ت به‌ پێگه‌ی كوردستانیش له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا، دۆست و دوژمن گه‌یشتۆته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی ئه‌گه‌ر ده‌روازه‌یه‌ك هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌كانی عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌وا پارێزگاریكردنه‌ له‌و ئارامی و سه‌قامگیری و پێكه‌وه‌ژیانه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ كوردستاندا دروستی كردووه‌.
له‌ ئێستا كه‌ رووخانی خه‌لافه‌تی داعش به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت، هه‌موو ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ دژی داعش باش ده‌زانن، به‌ ئازادكردنی موسڵ و ره‌ققه‌ و رووخانی خه‌لافه‌تی ئیسلامی فیكری توندوتیژی و توندڕۆیی داعش كۆتایی نایه‌ت، راسته‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك ئازادكردیت و چه‌ند سه‌د كه‌سێك له‌ تیرۆریستانی داعش ده‌كوژرێن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌یه‌ك نه‌بێت بۆ دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌ی عێراقی دوای داعش، ئه‌وا چه‌ندین رێكخراوی تیرۆریستی هاوشێوه‌ی داعش دروست ده‌بنه‌وه‌و شه‌ڕی مه‌زهه‌بگه‌رایی شیعه‌و سوننه‌ش كۆتایی پێ نایه‌ت، له‌لایه‌كی دیكه‌ش ئه‌و ناهاوسه‌نگیی هێزه‌ی كه‌ به‌هۆی باڵاده‌ستیی ئێران له‌ عێراقدا دروستی كردووه‌، بۆته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی مه‌ترسیی شه‌ڕێكی گه‌وره‌ی هه‌رێمی له‌ نێوان سعودیه‌ و ئێران بێته‌ئاراوه‌.. بۆیه‌ كاتێك باس له‌ بارودۆخی دوای داعش و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كرێت، دیمه‌نی سه‌ره‌كیی سیناریۆكه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا له‌ چ شوێنێكه‌وه‌ ده‌ست به‌ پرۆسه‌ی قۆناخی دوای داعش بكرێت؟ ئه‌مه‌ش به‌مه‌رجێك هه‌م فیكری توندوتیژی و توندڕۆیی ریشه‌كێش بكرێت، هه‌میش هاوسه‌نگیی هێز له‌ ناوچه‌كه‌دا رێكبخرێته‌وه‌.
هه‌موو ئه‌و راپۆرتانه‌ی وه‌ك راسپارده‌ و پێشنیار بۆ عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی دوای داعش ئاماده‌كراون، راسپارده‌ی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ باشترین شوێن بۆ ده‌ستپێكردن رێكخستنه‌وه‌ی عێراقه‌، به‌ڵام نه‌ك گێڕانه‌وه‌ی عێراق بۆ پێش ساڵی 2014، به‌ڵكو رێكخستنه‌وه‌ی عێراقی عه‌ره‌بی له‌ نێوان عه‌ره‌بی شیعه‌ و سوننه‌ و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی وتووێژ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ داڕشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوانیان و جیابوونه‌وه‌ی كوردستان له‌ عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه‌..
كه‌واته‌، پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ سیناریۆی دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌ی عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وه‌ك فاكته‌رێك بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئاشتی و سه‌قامگیری له‌ سه‌رتاسه‌ری رۆژهه‌ڵاتی سه‌یرده‌كرێت، ئه‌وجا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عێراقی عه‌ره‌بی وه‌ك فاكته‌ری سه‌ره‌كیی دامه‌زراندنی خه‌لافه‌تی ئیسلامی داعش پۆڵێنكراوه‌ و باڵاده‌ستی و نفووزی ئێرانی له‌ناو عێراقدا وه‌ك تێكدانی هاوسه‌نگیی هێز له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له‌قه‌ڵه‌م دراوه‌، ئه‌وا رێكخستنه‌وه‌ی عێراقی عه‌ره‌بی و پشتگیریكردن له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م له‌ناو ئه‌و پرۆسه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئاشتی و سه‌قامگیری له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ست پێبكات.
ئه‌گه‌ر له‌ناو ئه‌م سیناریۆ گه‌وره‌یه‌وه‌، بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ر بارودۆخی ناوخۆی كوردستان كه‌ ئێستا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌یانه‌وێت ببنه‌ كڵاوسووری دژی سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌وا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئاكامه‌ی ئه‌وه‌ی خۆی بخاته‌ به‌ره‌ی دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، راشكاوانه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌ره‌ی دژی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاشتی و سه‌قامگیری، نه‌ك هه‌ر بۆ عێراق، به‌ڵكو بۆ ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
لێره‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی وردبینانه‌ سه‌رنجی دابه‌شبوونی به‌ره‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ئه‌و ده‌نگه‌ نه‌شازانه‌ بده‌ین كه‌ ده‌یانه‌وێت دژایه‌تی سه‌ربه‌خۆیی بكه‌ن، ده‌بینین، ئه‌وانه‌ی پشتگیری سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كه‌ن به‌ شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتێكی ده‌كه‌ونه‌ به‌ره‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش كه‌ 68 ده‌وڵه‌ت له‌خۆی ده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت بكه‌ونه‌ به‌ره‌ی دژی سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌وا ئه‌وانیش ئۆتۆماتیكی ده‌كه‌ونه‌ به‌ره‌ی ئێران و وه‌كیله‌كانی وه‌ك حزبوڵای لوبنانی و سه‌رۆكی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك نوری مالیكی و قه‌یس غه‌زعه‌لی و مه‌هدی موهه‌ندیس و ئه‌بوئیزرائیل كه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌ناو لیستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا وه‌ك تیرۆریست تۆمار كراون، له‌مه‌ش زیاتر له‌ ئێستاوه‌ هه‌نگاوه‌كان بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ وه‌كیله‌كانی ئێران ده‌ستی پێكردووه‌، كه‌ نه‌ك هه‌ر ئه‌و وه‌كیلانه‌ بخرێنه‌ لیستی تیرۆریستانه‌وه‌، به‌ڵكو زۆر راشكاوانه‌ ئێستا له‌گه‌ڵ سه‌رانی سوپای پاسداران و به‌شێك له‌و كۆمپانییانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ قاسم سوله‌یمانی و سوپای پاسدارانه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ك تیرۆریست مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و چه‌ندین رێوشوێنی گه‌مارۆ و سزادانی ئابووری له‌به‌رامبه‌ریان گیراوه‌ته‌به‌ر.
ده‌نگه‌ نه‌شازه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی، خۆشیان باش ده‌زانن كه‌ بێجگه‌ له‌ ئێران و وه‌كیله‌كانی، هیچ ده‌وڵه‌ت و لایه‌نێك دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نابێت، هه‌روه‌ها بێجگه‌ له‌ ئێران هیچ ده‌وڵه‌تێك له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان (هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ دانوستاندن نه‌گه‌ینه‌ رێككه‌وتن) بایكۆتی كوردستان ناكات، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌رنجی دیدار و سه‌ردانه‌كانی په‌رله‌مانتار و هه‌ڵسووڕاوه‌كانی گۆڕان و كۆمه‌ڵ بده‌ین، ده‌بینین بێجگه‌ له‌سه‌ردانی وه‌كیله‌كانی ئێران هیچ لایه‌كی دیكه‌ قسه‌و هه‌ڵوێسته‌كانیان به‌ پولێك ناكڕێت.
هه‌ندێك له‌و هه‌ڵسووڕاو و ئه‌وانه‌ی به‌ناوی كۆمه‌ڵ و گۆڕانه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی تیڤییه‌كان و فه‌یسبووكه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت ژه‌هری دژه‌ سه‌ربه‌خۆیی بڵاو بكه‌نه‌وه‌، هێنده‌ به‌ ئه‌قڵێكی لۆكاڵی و پاشكۆیی ئێرانی قسه‌ده‌كه‌ن، كه‌ ده‌یسه‌لمێنن چه‌ند بێ ئاگان له‌و گۆڕانكارییه‌ گه‌ورانه‌ی كه‌ له‌ دوای 2014وه‌ نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ناوچه‌كه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی گۆڕانكاری له‌ سیستمی جیهانیدا هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌.
له‌م بارودۆخه‌دا كه‌ سه‌رۆك بارزانی بڕیاری داوه‌ ئه‌مساڵ ریفراندۆم بۆ ئه‌نجامدانی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجام بدرێت، هه‌ندێك نووسه‌ر و هه‌ڵسووڕاوی لۆكاڵی گۆڕان و كۆمه‌ڵ، به‌وجۆره‌ پاكانه‌ بۆ دژایه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌وه‌ی گوایه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نین، ده‌وڵه‌تانی ده‌رو دراوسێ سنوورمان لێ داده‌خه‌ن و پاشان له‌ برسان ده‌مرین، نموونه‌ی بایكۆتی سعودیه‌ و ئیمارات و چه‌ند ده‌وڵه‌تێك له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ چۆن له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا ئه‌و هه‌موو زیانه‌ی لێ كه‌وتووه‌ و رایانوایه‌ ئێمه‌ خراپترمان لێ به‌سه‌ر دیت، له‌ وه‌ڵامی ئه‌و نووسه‌ره‌ لۆكاڵانه‌دا ده‌ڵێین: پێگه‌ی ئێستای كوردستان له‌گه‌ڵ هیچ ده‌وڵه‌تێكی ناوچه‌كه‌ به‌ سعودیه‌ و ئێران و توركیا و میسریشه‌وه‌ به‌راورد ناكرێت. كوردستان ئێستا پایته‌ختی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ دژی داعشه‌ بۆ ئامانجی له‌ ریشه‌ هه‌ڵكێشانی فیكری داعش و توندڕۆیی و توندوتیژی نه‌ك ته‌نیا ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ و ره‌ققه‌ و رووخانی خه‌لافه‌ت و كوشتنی چه‌ند سه‌د چه‌كدارێكی داعش، ئێستا كوردستان هێڵی پێشه‌وه‌ی به‌رگریكردنه‌ له‌ هه‌موو جیهانی ئازادو دیموكراتی، ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته‌ به‌ره‌ی كوردستان بشكێت، جیهانی ئازاد و دیموكراتی ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، له‌مه‌ش زیاتر ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌ به‌ قه‌ته‌ر و سعودیه‌ و ئێران و توركیاشه‌وه‌، هه‌ر یه‌كه‌یان و به‌ جۆرێك به‌شێكن له‌سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی توندوتیژی و توندڕه‌وی ئایینی و مه‌زهه‌بگه‌رایی، به‌ ته‌نیا كوردستان جوگرافیایه‌كه‌ كه‌ گیانی لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی له‌نێوان نه‌ته‌وه‌ و ئایین و مه‌زهه‌به‌ جیاوازه‌كاندا دروست كردووه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ش ئه‌وانه‌ی خۆیان وه‌ك ده‌نگی دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان پیشان ده‌ده‌ن و به‌ ئه‌قڵییه‌تی كۆن سه‌ر له‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌شێوێنن، راشكاوانه‌ پێیان ده‌ڵێین و ته‌حه‌دداشیان ده‌كه‌ین كه‌ بێ ئاگان له‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌م یه‌ك دوو ساڵه‌ی دوایی سه‌باره‌ت به‌ پرسی مافی چاره‌نووس و سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌ت له‌ سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی هاتوونه‌ته‌ئاراوه‌.. ئه‌و نووسه‌ر و هه‌ڵسووڕاوه‌ لۆكاڵانه‌ له‌وه‌ بێ ئاگان كه‌ ئێستا په‌یوه‌ندیی نێوان عێراق و كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌شكردنی سه‌روه‌ریی پیاده‌ده‌كرێت و به‌غدا رازییه‌ سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی عێراق له‌گه‌ڵ كوردستان دابه‌ش بكات و دابه‌شیشی كردووه‌، له‌مه‌ش زیاتر به‌ كوێرایی چاوی ئه‌وانه‌ی كه‌ چاویان به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا هه‌ڵنایه‌ت، كوردستان سه‌لماندوویه‌تی كه‌ ده‌توانێت ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ریی بێت و ئه‌و سه‌روه‌رییه‌ش بپارێزیت، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ كه‌ رۆژ له‌دوای رۆژ ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌وه‌ریی كوردستان زیاتر ده‌بێت و ده‌وڵه‌تانی جیهانیش به‌هاوتای ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ریی پێشوازی له‌ سه‌رۆك و شانده‌كانی كوردستان ده‌كه‌ن.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، گرنگه‌ به‌ده‌نگی به‌رز به‌ دوژمنانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بڵێین: سه‌ربه‌خۆیی كوردستان پرسێكی لۆكاڵی چه‌ند هه‌رزه‌كارێكی سیاسی نییه‌، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیه‌ و ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌ستی پێكردووه‌و هه‌موو ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ دژی داعش پشتگیری لێده‌كات و، ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی دژی داعشیش به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش هاتۆته‌ئاراوه‌و دوای هێرشی داعش بۆ سه‌ر كوردستان دروست بووه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كوردستان وه‌ك ده‌وڵه‌تی ئه‌مری واقیع وه‌ك هێڵی سوور له‌به‌رده‌م هێرشه‌كانی داعش له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پێناسه‌ كرابێت، ئه‌وا ئێستا كه‌ كوردستان پایته‌ختی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ڕی دژی داعشه‌ و شه‌ڕه‌كه‌ش (به‌ مانای بردنه‌وه‌ی شه‌ڕ) ته‌نیا له‌كوردستان سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێنابێت، ئه‌وا دوای ئه‌وه‌ی كوردستان سه‌ربه‌خۆیی راده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ر هێزێكی ده‌ره‌كی بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازی له‌ كوردستان بكات، وه‌ك خه‌لافه‌تی ئیسلامی داعش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆش ئه‌وه‌ی هه‌وڵبدات سه‌قامگیری و ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانی نێوان نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان تێكبدات، وه‌ك سه‌رچاوه‌ی توندوتیژی و توندره‌وی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت كه‌ نه‌ك هه‌ر داعش، به‌ڵكو هاوشێوه‌ی داعش له‌ ئایین و مه‌زهه‌به‌ جیاوازه‌كانی دیكه‌ش ده‌گرێته‌وه‌.
لایه‌نێكی دیكه‌ی گرنگ كه‌ پێویسته‌ ئاماژه‌ی پێبكه‌ین و هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا هه‌موو جیهان له‌ ژاپۆنه‌وه‌ تاكو به‌ڕازیل، له‌ باشووری ئه‌فریقیاوه‌ تا ده‌گاته‌ نه‌رویژ، كاتێك باسی ریفراندۆم له‌كوردستان ده‌كرێت، پێشوه‌خته‌ ده‌زانن، هیچ گومانێك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌ (به‌ڵێ) بۆ سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق ده‌نگده‌دات، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌به‌ هه‌ر هۆكارێك به‌ رێژه‌ی 10% له‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگ به‌ (نه‌خێر) بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بده‌ن، جیهان ده‌زانیت، ئه‌م (نه‌خێر)ـه‌ ده‌نگی خه‌ڵكی كوردستان نییه‌ و ده‌زانن كێ له‌ پشتی ئه‌و ده‌نگه‌یه‌، راسته‌ له‌وانه‌یه‌ بۆ ئاكامی راپرسییه‌كه‌ كاریگه‌رییه‌كی بچووكی هه‌بێت، به‌ڵام بۆ دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و گێڕانه‌وه‌ی باڵانسی هیز بۆ ناوچه‌كه‌، ئه‌و رێژه‌ كه‌مه‌ خزمه‌تێكی زۆر به‌ ئاشكراكردنی وه‌كیله‌كانی ئێران له‌ كوردستاندا ده‌كات و له‌گه‌ڵ وه‌كیله‌كانی دیكه‌ی ئێران له‌ سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌كه‌ له‌ یه‌ك تای ته‌رازوودا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
ئه‌م راستییانه‌ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن، هه‌موو جیهان ده‌زانێت كورد له‌ ریفراندۆمدا چ بڕیارێك ده‌دات و هیچ ده‌وڵه‌تێك، یان ناوه‌ندێكی نێوده‌وڵه‌تی چاوه‌ڕێی كردنه‌وه‌ی سندوقه‌كانی ده‌نگدان ناكات و له‌ ئێستاوه‌ قسه‌كردن و هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر ریفراندۆم، قسه‌و هه‌ڵوێستیانه‌ له‌سه‌ر راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی خۆیان كردۆته‌ كڵاوسوور و به‌وه‌كاله‌تی ئێران دژایه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی سندوقه‌كانی ده‌نگدان ناسنامه‌ی ئه‌وانیش ئاشكرا ده‌بێت و بێجگه‌ له‌وه‌ی له‌به‌رده‌می گه‌لی كوردستان شه‌رمه‌زار ده‌بن، له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستانیشدا جێگه‌یان نابێته‌وه‌.
Top