دیمانه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی و ..پرۆژه‌ی فۆرین پۆلیسی بۆ دابه‌شكردنی عێراق

دیمانه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی و ..پرۆژه‌ی فۆرین پۆلیسی بۆ دابه‌شكردنی عێراق
ئه‌و دیمانه‌ی گۆڤاری فۆرین پۆلیسی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئه‌نجامیداوه‌ و له‌ رۆژی 15ی حوزه‌یرانی 2017 ده‌قی دیمانه‌كه‌ و راپۆرتێكی له‌سه‌ر بڵاوكردۆته‌وه‌، ته‌نیا وه‌ك دیمانه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌ گۆڤارێكی ئاسایی هه‌ڵسه‌نگاندنی له‌سه‌ر ناكرێت، به‌ڵكو ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ قه‌واره‌ی ئه‌م گۆڤاره‌، وه‌ك بڵاوكراوه‌ی ناوه‌ندێكی گه‌وره‌ی فیكری له‌سه‌ر ئاستی رای گشتیی ئه‌مریكا و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كۆنگرێس و دیپلۆماتكار و بڕیارسازانی ئه‌مریكا.
گۆڤاری فۆرین پۆلیسی، ساڵانه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ سندوقی ئاشتی بۆ جیهان (The Fund for Peace) راپۆرتێك له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌ شكستخواردووه‌كانی جیهان بڵاوده‌كاته‌وه‌، له‌دوای ساڵی 2003 یشه‌وه‌ ، ساڵانه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ سندوقی ئاشتی بۆ جیهان راپۆرتێكی تایبه‌ت له‌سه‌ر عێراق ئاماده‌ ده‌كات و له‌ساڵی 2007ـه‌وه‌ ئه‌م ناوه‌نده‌ فیكرییه‌ و سندوقی ئاشتی راپۆرتێكیان به‌ ناونیشانی (رێگای ده‌ربازبوون: یه‌كێتی ده‌وڵه‌ته‌كانی عێراقه‌- A way out: the union of Iraqi States) بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و دوو ناوه‌نده‌ فیكرییه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ هیچ رێگه‌یه‌ك له‌به‌رده‌م عێراقدا نه‌ماوه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ به‌ هاوشێوه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا، یه‌كێتی ده‌وڵه‌ته‌كانی عێراق دروست بكرێت. بیرۆكه‌ی ئه‌م راپۆرته‌ له‌ پێشنیاره‌كه‌ی لیسلی گلپ سه‌رۆكی فه‌خریی ئامۆژگای ئه‌نجومه‌نی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ (www.cfr.org) كه‌ له‌دوای ساڵی 2003 داواده‌كات له‌چوارچێوه‌ی دابه‌شكردنێكی نه‌رم عێراق بكرێته‌ سێ هه‌رێمی (كورد و شیعه‌ و سوننه‌)، ئه‌م پێشنیاره‌ له‌ ساڵی 2006 له‌لایه‌ن جۆزیف بایدن كه‌ ئه‌و كات سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سه‌نات بوو، په‌سه‌ند كراو بووه‌ پرۆژه‌یه‌ك له‌ سه‌نات و كۆنگرێس و بایدن ناوی لێنا پلانی (B) بۆ سیاسه‌تی ئه‌مریكا له‌ عێراقدا، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی شه‌ڕی شیعه‌ و سوننه‌ له‌ 2006 گه‌یشته‌ حاڵه‌تێكی زۆر مه‌ترسیدار، فۆرین پۆلیسی و سندوقی ئاشتی بۆ جیهان پێشنیاریان كرد كه‌ پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی عێراق له‌ (دابه‌شكردنێكی نه‌رم - Soft partition) بگۆڕێت بۆ (به‌ڕێوه‌بردنی دابه‌شكردن- manage partition)، هه‌روه‌ها له‌بری ئه‌وه‌ی عێراق دابه‌شبكرێت بۆ سێ هه‌رێم له‌ناو ده‌وڵه‌تێكی فیدڕاڵیدا، بكرێته‌ سێ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ له‌ رووی سیاسییه‌وه‌و هاوبه‌ش له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ و پاشان یه‌كێتیه‌ك له‌نێوانیان دروست بكرێت به‌ناوی (یه‌كێتی ده‌وڵه‌ته‌كانی عێراق) به‌ هاوشێوه‌ی ده‌وڵه‌تانی یه‌كێتی ئه‌وروپا.
لێره‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌و گۆڕانكارییه‌ ورده‌ بده‌ین كه‌ فۆرین پۆلیسی و سندوقی ئاشتی بۆ جیهان له‌ ساڵی 2007 بۆ دابه‌شكردنی عێراق خستوویانه‌ته‌ڕوو، كه‌ ئه‌ویش گۆڕینی دابه‌شكردنی نه‌رمه‌ بۆ به‌رێوه‌بردنی دابه‌شكردن، ئه‌وا ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت له‌ پرۆسه‌ی (دابه‌شكردنی نه‌رم) بۆ عێراق، عێراقییه‌كان خۆیان ده‌بێت بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و دابه‌شكردنه‌ بده‌ن و ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان به‌ سه‌ر سێ هه‌رێمی (كورد و سوننه‌ و شیعه‌) له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا دابه‌ش بكه‌ن، به‌ڵام له‌ (به‌ڕێوه‌بردنی دابه‌شكرندا) ئه‌م پرۆسه‌یه‌ دیسان ده‌بێته‌ پرۆسه‌ی دانوستاندن له‌نێوان هه‌ر سێ لایه‌نی (كورد و شیعه‌ و سوننه‌) به‌ ناوبژیوانی و شاهیدی لایه‌نی سێهه‌م كه‌ ئه‌مریكایه‌، پاش رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر دابه‌شكردنی عێراق بۆ سێ ده‌وڵه‌ت، ئینجا ده‌ستوورێكی تازه‌ ده‌نووسنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆ بن و له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ هاوبه‌ش بن.
بێگومان له‌دوای داگیركردنی موسڵ و هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر كوردستان به‌گشتی و له‌كۆتایی ساڵی 2014وه‌ به‌تایبه‌تی، له‌ناو سه‌نات و كۆنگرێسی ئه‌مریكادا ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ دروست بووه‌ كه‌ جارێكی دیكه‌ عێراق ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش حوزه‌یرانی ساڵی 2014و پێویسته‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌نێوان كوردستان و ئه‌مریكا دروست بێت و راسته‌وخۆ ئه‌مریكا چه‌ك بداته‌ پێشمه‌رگه‌ و مه‌شق و راهێنیان پێ بكات، به‌ڵام ئیداره‌ی ئۆباما له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ساڵی 2016 ساڵی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا بوو، نه‌یتوانی به‌ راشكاوی و به‌ فه‌رمی ده‌ستبه‌رداری سیاسه‌تی (یه‌ك عێراق) بێت له‌ سیاسه‌تی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به‌عێراق، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی كرداری هه‌نگاوی جددی بۆ پشتكردنه‌ سیاسه‌تی (یه‌ك عێراق)ی له‌ سیاسه‌تی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر عێراق پیاده‌ كرد، به‌تایبه‌تی كه‌ له‌ ته‌موزی 2016 یاداشتنامه‌ی لێكتێگه‌یشن له‌نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و پێنتاگۆن ئیمزا كرا، پاشانیش به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌مریكا رێككه‌وتنێك له‌ نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق بۆ پرۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ ئیمزا كرا، ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ له‌ سیاسه‌تی ئه‌مریكیدا به‌رامبه‌ر به‌ عێراق، عێراقی جیاكرده‌وه‌ بۆ دوو كیانی جیاواز كه‌ ئه‌ویش (كوردستان و به‌شه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ی عێراق)ـه‌، ئه‌مه‌ش به‌ شاهیدی و ناوبژیوانی ئه‌مریكا دروست بووه‌.
سه‌باره‌ت به‌م وه‌رچه‌رخانه‌ له‌سیاسه‌تی ئیداره‌ی ئه‌مریكای سه‌رده‌می ئۆباما و چه‌سپاندنی له‌ ئیداره‌ی تازه‌ی ئه‌مریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تی تره‌مپ، پڕۆفیسۆر ستیڤن كوك گه‌وره‌ توێژه‌ری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ ئامۆژگای ئه‌نجومه‌نی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌ وتارێكیدا كه‌ له‌ كانوونی دووه‌می 2017 به‌ ناونیشانی: (ئایا هه‌لومه‌رجی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌ عێراقدا پێگه‌یشتووه‌؟) بڵاوی كردۆته‌وه‌، راشكاوانه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ستافی تازه‌ی ئیداره‌ی تره‌مپ له‌و روانگه‌یه‌وه‌ سه‌یری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی دوای شه‌ڕی داعش و ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ و ره‌ققه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ده‌بێت هه‌وڵه‌كانیان به‌و ئاراسته‌یه‌ بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كورد بگه‌نه‌ تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش، به‌شێك له‌ به‌رپرسانی ئێداره‌ی تره‌مپ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ نفووزی خۆیان به‌كاربهێنن و له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشه‌وه‌ چوونه‌ سیاسییه‌كان بیگونجێنن له‌ پێناوی سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا، له‌مه‌ش زیاتر گۆڤاری فۆرین ئه‌فێرز كه‌ ئه‌ویش بڵاوكراوه‌ی ئامۆژگای ئه‌نجومه‌نی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌یه‌ له‌ئه‌مریكا، له‌وتاریكدا كه‌ پڕۆفیسۆر مۆرگان كه‌پلان (توێژه‌ری باڵای پرۆگرامه‌كانی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌نته‌ری به‌لفه‌ر له‌ زانكۆی هارڤارد) له‌ 12ی نیسانی 2017 به‌ ناونیشانی: (تره‌مپ ده‌بێته‌ ئومیدی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان) بڵاوكردۆته‌وه‌، راشكاوانه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ ئیداره‌ی تره‌مپ پابه‌ند نابێت به‌ سیاسه‌تی (یه‌ك عێراق)ـه‌وه‌ له‌ سیاسه‌تی ئه‌مریكادا به‌رامبه‌ر به‌ عێراق، هه‌روه‌ها پڕۆفیسۆر داڤید ئێڵ فلیپس له‌ وتارێكیدا كه‌ له‌ رۆژی 14ی حوزه‌یران 2017 له‌ هیفتنتۆنگ به‌ ناونیشانی: (كوردستان له‌سه‌ر رێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی) بڵاوی كردۆته‌وه‌، ئه‌ویش راشكاوانه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ سیاسه‌تی ئیداره‌ی تره‌مپ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كوردستان و عێراق دادپه‌روانه‌یه‌، له‌ كاتێكدا ده‌ڵێت پابه‌ند نین به‌ سیاسه‌تی (یه‌ك عێراق)ـه‌وه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا ئه‌وه‌شی گوتووه‌ كه‌ ئێمه‌ رێز له‌ خواست و ویستی خه‌ڵكی كوردستان ده‌گرین.
ئاماژه‌كردن به‌ باكگراوه‌ندی پرۆژه‌كه‌ی فۆرین پۆلیس و پێكه‌وه‌ گرێدانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌گه‌ڵ شه‌ڕی دژی داعش دروست بوون، پاشان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و پرسیاره‌ی فۆرین پۆلیسی سه‌باره‌ت به‌ باری ئابووریی كوردستان دوای سه‌ربه‌خۆیی پرسیار له‌ سه‌رۆك بارزانی ده‌كات و له‌ وه‌ڵامدا سه‌رۆك بارزانی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ میلله‌تی كورد له‌ برسان بمرێت، باشتره‌ له‌وه‌ی ژێرده‌سته‌ بێت، ئه‌مه‌ جیا له‌وه‌ی مانای ئه‌وه‌یه‌ سه‌رۆك بارزانی بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی داوه‌ به‌هه‌ر نرخێك بێت، له‌ هه‌مانكاتدا وه‌ك به‌ راشكاوی له‌ تاسكفۆرسی ئامۆژگای ئه‌تله‌نتیك له‌سه‌ر ئاینده‌ی عێراق ئاماژه‌ی پێكراوه‌، داواده‌كات له‌سه‌ر ئاستی كورتمه‌ودا كوردستان و عێراق ئابوورییان هاوبه‌ش بێت، هه‌تا كێشه‌ی (خاك و سنوور) له‌نێوانیان چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ فۆرین پۆلیسی ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ بزانێت كاتێك ئه‌مریكا ده‌بێته‌ ناوبژیوان و شاهید له‌ پرۆسه‌ی جیابوونه‌وه‌ی كوردستان له‌ عێراق، ئایا له‌سه‌ر ئاستی كورتمه‌ودا ئابووریی كوردستان و عێراق هاوبه‌ش ده‌بێت، یان نه‌، به‌ڵام وه‌ڵامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت، كه‌ دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، سه‌قفی وتووێژه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كراوه‌ نابێت، واته‌ دیاریكراو ده‌بێت و له‌ ساڵێك زیاتر نابێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌ دیاریكراوه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌گه‌یشتینه‌ رێككه‌وتن، ئه‌وا كوردستان یه‌كلایه‌نه‌ سه‌ربه‌خۆیی راده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ش ده‌رهێنانی ئه‌و كارته‌یه‌ له‌ ده‌ستی به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو جیهان بزانێت لای خه‌ڵكی كوردستان هیچ شتێك هێنده‌ی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی گرنگ نییه‌.
هه‌روه‌ها وه‌ك رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ش له‌ پێشه‌كیی دیمانه‌كه‌ نووسیویه‌یه‌تی: "سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی عێراق به‌ فۆرین پۆلیسی ده‌ڵێت، بۆچی وێڕای ئاسته‌نگه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بڕیاری داوه‌ ئه‌مساڵ ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئه‌نجامبدات." ئه‌م پێشه‌كییه‌ كورته‌ ئه‌وه‌ی لێده‌خوێندرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م گۆڤاره‌ وه‌ك بڵاوكراوه‌یه‌كی ناوه‌ندێكی گه‌وره‌ی فیكری، چه‌ند بایه‌خ به‌ بڕیاری سه‌رۆك بارزانی بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌دات، له‌ هه‌مانكاتدا وه‌ك شانازییه‌كیش بۆ ئه‌و ناوه‌نده‌ فیكرییه‌ كه‌ دوای 10 ساڵ ئیداره‌ی ئه‌مریكا گه‌یشتۆته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ ته‌نیا رێگای ده‌ربازبوون بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ عێراق، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیداره‌ی ئه‌مریكا خۆی ئیداره‌ی پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی عێراق و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بكات و خۆی ناوبژیوان و شاهید بێت له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌نێوان به‌غدا و كوردستان ده‌كرێت، یان ئه‌گه‌ر به‌غدا له‌گه‌ڵ كوردستان به‌ ئاشتییانه‌ نه‌گه‌یشته‌ رێككه‌وتن، ئه‌وكات ئه‌مریكا چۆن ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كوردستان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌بات.
Top