مالیکی پێوویستی بەداعشە!!!!

مالیکی پێوویستی بەداعشە!!!!
٣ ساڵ لەمەوبەر لە سەرەتای ھێرشەکانی داعش بۆ سەر موێڵ ئەم بۆچونەم بڵاو کردەوە، ئێستا لە رۆژەکانی کۆتایی داعش لە عێراق جێی خۆیەتی دووبارە بڵاوی بکەمەوە، تا لێیڕابمێنین و بزانین چەندی لێ شین بووە.
************************************
نووسەری گەورەی لوبنانی (جورج قرم) لە کتێبەکەیدا (مەسەلەی ئایین لە سەدەی بیست و یەکدا - المسڕلە الدینیە فی القرن الواحد والعشرین) کە لەساڵی ٢٠٠٧ دا چاپ کراوە، باس لە ڕاستیەک دەکات کە رۆژ بەڕۆژ پتر ڕوون دەبێتەوە.
(جورج قرم) پێی وایە کە لە ناوەڕاستەکانی حەفتاکانەوە، ئایین بەرە بەرە وەک کارەکتەرێکی کاریگەر گەراوەتەوە نێو کایەی سیاسی جیھان بەگشتی و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی. شەڕی ناوخۆی لوبنان و سەرھەڵدانی حزب و گروپە چەکداریە ئایینیەکان و شەڕی عێراق - ئێران و پاشانیش سەرھەڵدانی القاعدە و تاڵیبان و فراوان بوون و بەھێز بوونی ڕێکخستنە سیاسیە ئاینیەکان لەسەرجەم ووڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەم ڕاستیە دەسەلمێنن کە کایەی سیاسی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست رۆژ لەدوای رۆژ پتر بەئایین بارگاوی دەبێت.
ھەرچەندە (جۆرج) پێی وایە ئەمە لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی رۆژئاوا بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی دا دێت. بەڵام ئەوە لەڕاستی بۆچوونەکەی کەم ناکاتەوە، چونکە لەماوەی ساڵانی چلەکانەوە تا ناوەڕاستی حەفتاکان زۆربەی بۆچون و سیاسەتەکانی ڕەوتەکانی نەتەوەخوازی عەرەب و فارس و تورک و ڕەوتە سۆسیالیست و دیموکرات خوازەکانیش نەیانتوانی لەئاست داخوازیەکانی کۆمەڵگاکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بن، بۆیە ئاساییە کە جارێکی تر ئەم کۆمەڵگایانە لەھەناوی ئاییندا بۆ چارەسەری کێشەکانیان بگەڕێن، بەڵام بەداخەوە ئەمەش قوڕەکەی خەستتر کردەوە، چونکە ئایینەکانیش لەکێشەی مەزھەب و تایفی ناوخۆ بێ بەش نین، بۆیە لێرەدا ، وەک لەماوەی ئەم دە ساڵەی ڕابردوودا تێبینی دەکرێت شەڕە تایفیەکانی نێو یەک ئایین پتر سەرھەڵدەدەن، تا ئەوەی شەڕی تایفەی سوننی و تایفەی شیعی رۆژ لەدوای رۆژ پتر قوڵ دەبێتەوە و لەڕەھەندە ناوخۆییەکانی دەوڵەتانی وەک عێراق و سوریا، دەچنە ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی.
دیارە ئەم بابەتە پتر قسە ھەڵدەگرێت، بەڵام ئەوەی مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە کە شەڕی داعش و مالیکی لەچوارچێوەیەکی فراوانتری کێشمەکێش دا دێت کە پەیوەندی ھەیە بەسەرجەم کێشەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستەوە.
داعش ھەرچەندە لە ڕووکاردا ھێزێکی سوننی چەکدارە، بەڵام بەدوور نیە لە گەمەیەک کە دەکرێت مالیکی سوودی لێ ببینێت، بۆیە لەماوەی لانی کەم ساڵی ڕابردوودا، مالیکی بە ھەموو شێوەیەک وویستویەتی سوود لەو ھێزە و کردەوە و سیاسەتەکانی وەربگرێت، ھەر وەک چۆن بەشار ئەسەد توانی سوودی لێ ببینێت بەمەبەستی مانەوەی لەدەسەڵاتدا، بۆ ڕوون کردنەوەی ئەو بۆچونەش دەتوانین سەرنجی ئەم ڕاستیانەی خوارەوە بدەین:
١) بەھۆی ئەو شەڕو پێکدادانانەی کە داعش لەناوچەکانی رومادی و فەللوجە ئەنجامیان داوە، ئەو ناوچانانەیان تووشی ئاگری شەڕێکی قورس کردوە و بونەتە ھۆی تێکدانی بارودۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە بەشێوەیەک کە پتر خەڵکی ئەو ناوچانە تێیدا زەرەمەندی سەرو ماڵ بوون و بەشێکی زۆریان ئاوارە و سەرگەردان بوون و چەندین کێشەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیان بۆ خەڵکی سوننە دروست کردوە، کە لەکۆتاییدا بونەتە ھۆی لاواز بوونی ھێزە سیاسە سوننەکانی دژ بە حکومەتی مالیکی.
٢) دەرفەتێکی باشیان داوەتە مالیکی تاوەکو بەناوی شەڕی تیرۆر و داعشەوە ھێزی سەربازی زۆری ڕەوانەی ناوچە سوننە نشینەکان بکات و لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە سوننەکان سەرکوت بکات.
٣) بەناوی شەڕی داعشەوە مالیکی توانی اعتێامەکانی مەیدانی ئازادی ناوچەکانی رومادی نەھێڵێت و زەبرێکی بەھێز لەپێگەی جەماوەریی ھێزە سیاسیە رکابەرەکانی بدات لەو ناوچانە.
٤) بەناوی شەڕی تیرۆریستانەوە مالیکی سەرنج و پشتیوانی ئەمریکای بۆلای خۆی راکێشا. ئەگەر ئەمریکا مەبەستیشی بووبێت پشتیوانی حکومەتی مالیکی بکات، ئەوا داعش و شەڕی تیرۆرستان بیانوویەکی باشی دایە دەست بۆ ئەوەی بەبێ ئیحراج بوون لەبەردەم ووڵاتانی سوننەدا پشتیوانیەی مالیکی بکات .
٥) داعش بیانویەکی باشی دایە دەست مالیکی تا داواکاری سوننەکانی عێراق بخاتە خانەی تیرۆرستانەوە لەبەردەم رای گشتی جیھانی و دەرفەتی ئەوەی پێدا کە دەستی واڵا بێت لە سەرکوتی سوننەکان بۆ مەبەستی تایفی.
٦) مالیکی توانی شەری داعش بەکاربھێنێت بۆ ئەوەی کەموکوڕیەکانی حکومەتەکەی لەبەردەم شەقامی شیعی بشارێتەوە و خۆی وەک پاڵەوانی ڕزگارکەری شیعە بناسێنێت لەبەردەم مەترسی داعشدا بۆ سەر تایفەی شیعی و رکابەرە شیعەکانی وەک رەوتی ێەدر و ئەنجومەنی باڵاشی پێ لاواز بکات.
٧) داعش بیانویەکی باشی دایە دەست حکومەتی مالیکی تا سیاسەتی پڕ چەک کردن و بەسەربازی کردنی ژیانی سیاسی پەیڕەو بکات، کە لەکۆتاییدا بەخزمەتی ئەجێندای مالیکی لە سەرکوت کردنی نەیارەکانی و مسۆگەر کردنی مانەوەی لەسەر حوکم بەکاری بھێنێت لەسەر ئاستی تایفەی شیعە و سوننە.
ھەموو ئەم خاڵانەی سەرەوە دەتوانن بەرچاومان ڕوون بکەنەوە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی ئەم ھەموو ھێزە سەربازیانەی عێراق لەبەردەم داعش دا لەموسڵ لە ماوەی کەمتر لە چەند سەعاتێک داڕمان و نەیانتوانی بەرگری و ڕێگری لە داعش بکەن؟!!!!!
لەڕاستیدا دوای ئەوەی مالیکی بێ ئومێد بوو لە پشتیوانی ڕەوتی ێەدر و ئەنجوومەنی باڵا و کورد و سوننە تا ویلایەتی سێیەمی بۆ نوێ بکەنەوە، بۆیە ئەمجارەیان دەیەوێت بەبیانوی داعش و شەڕی تایفیەوە ویلایەتی سێیەم بۆ خۆی مسۆگەر بکات بەڕێگەی ڕاکێشانی متمانەی ھێزە شیعیەکان
یان بەناوی حالەتی تەواری لە حوکم بمێنێتەوە تا کاتێکی نادیار.
جێگای ئاماژەشە کە ھەرێمی کوردستان و کورد تا ئێستا لە ئەجێندای داعش دا نین و شەڕی تایفی مەبەسترە، بۆیە کورد لەم قۆناغەدا، وەک ئێستا ھێزی پێشمەرگە خەریکە، دەبێت تەنھا ناوچە کوردیەکان بەتەواوی کۆنترۆڵ بکات و خۆی ئامادە بکات بۆ شەڕی تایفی کە لەعێراقدا لەڕۆژانی داھاتوودا گەرمتر دەبێت. ئەو کاتە دەوەستێتە سەر کورد خۆی چۆن سوود لەو شەڕە وەردەگرێت بۆ ئامانجە سیاسیەکانی بەدەوڵەتی کوردیشەوە.
Top