به ره و داهاتوويه كى گه ش
June 14, 2017
وتار و بیروڕا
سنووری دەوڵەتان سنووری ئەزلی و هەتا هەتایی نین، ئەوەتا یەكێتی سۆڤیەت كە ڕۆژانێك وەك دەوڵەتێكی گەورە و یەكگرتوو سەیر دەكرا، ئێستا هەر ئەو دەوڵەتە بۆتە چەندین دەوڵەت، هەروەها نموونەی یۆگسلاڤیای یەكگرتوو كە ئەویش ئێستا چەندین دەوڵەتە. ئەوە نموونەی چیكۆسلۆڤاكیاش لەبەرچاوە كە چۆن بە ئاشتیانە كردیانە دوو دەوڵەت.
بۆیە عێراقی دەستكردیش ئایندەی پێویستە هەر بەو شێوەیەبێت گەر دەویسترێت كۆتایی بە ململانێی سەد ساڵی پێشوو بهێنرێت و گەلانی عێراق ئیدی بەئاشتی و بەئاسوودەیی بژین. لەڕاستیدا ئەوانەی ئێستا باسی یەكپارچەیی عێراق و پێكەوەژیان دەكەن جا چ عەرەب بن یان كورد یان هەر نەتەوەیەكی دیكە ئەوا نایانەوێ، بزانن یان نەزانن، كە ئاشتی و خۆشگوزەرانیان بۆ گەلەكانیان ناوێت و بۆ بەرژوەندی خۆیان ئەو تێزانە فڕێ دەدەنە نێو خەڵكی و جەماوەری پێ چەواشە دەكەن.
ئەم بڕیارەی كە زۆربەی حزبەكانی هەرێمی كوردستان داویانە هیوادارین لە ڕیفراندۆمەكەدا ڕەنگ بداتەوە و زۆرینەی زۆری دانیشتوانی هەرێم بە بەڵێ دەنگی بۆ بدەن، ئەمەش بۆیە دەڵێین چونكە ئێستا هەست بەوەش دەكرێ كە هەندێك خەریكن خەڵكی بەلاڕێدا ببەن و وای نیشان بدەن كە ئەمە كارێكی گران و مەترسیدارە كە هیوادارین بێنەوە هۆش خۆیان واز لەوكارە بهێنن كە زەرەر بە هەموومان بەخۆشیانەوە، دەگەیەنێت.
ئیدی كاتی ئەوە هاتووە گەلەكەمان لە هەرێم لە چوارچێوە و سنوورێكدا وەكو هەموو گەلانی دیكە ئەویش پارێزراوبێت و ئەو مێژووە دوورودرێژەی خۆشمان لەماڵوێرانی و خانەسووتان و كوشت و كوشتار بێتەوە یاد و لەو ڕاستیەش بگات كە هەموو كارەساتەكان بەهۆی نەبوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆوە بووە، ئیدی با هەموو پێكەوە كار بۆ داهاتوویەكی گەش بۆ گەلەكەمان لە هەرێم بكەین كە ئەمەش باشترین دیارییە بۆ خوێنی شەهیدانمان.