سه ربه خؤيى و ئه نتى سه ربه خؤيى
June 11, 2017
وتار و بیروڕا
ئێستا پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی هاتۆتە ئاراوە بۆیە بەئاشكرا هەست بە دوو جۆر بۆچوون دەكرێت، ئەویش پرۆسەی سەربەخۆیی و ئەنتی سەربەخۆییە ئەمە لەناو خەڵكدا بە ئاشكرا هەستی پێ دەكرێ و هەردوولا بە ڕاشكاوی رەئی خۆیان دەردەخەن و تەنانەت هەندێك لەسەر لاپەڕەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سنووریش دەبەزێنێ و ئاستی دوژمنكاری خۆی دەنوێنێ.
بەڵام لەلایەن حزبەكانی كوردستانەوە بەو جۆرە نییە هەرچەند زۆربەی لایەنەكان وەك لە كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 2017/6/7 لە پیرمام، پانزە حزب پێكەوە لەسەر رۆژی ریفراندۆم كە دەكاتە 2017/9/25 رێككەوتوون، دوو لایەنی تر كە بەشداری كۆبوونەوەكە نەبوون ناڵێن دژی سەربەخۆی بوونن بەڵام ئەم مەسەلەیەیان بەستۆتەوە بە كۆمەڵێك مەرجەوە و تەنانەت لایەنێكیان لە ڕێگەی وتەبێژی رەسمییەوە دەڵێ: هەموو كورد لەگەڵ سەربەخۆبوونە ئیدی چ پێویست بە ریفراندۆمە؟!.
ئێمەش دەڵێین گەر وابێت ئینجا پێویستی بە ریفراندۆمە بۆ ئەوەی داوای گەلەكەمان لایەنی یاسایی وەرگرێ و تەنها داوای چەند حزبێك نەبێت، بەڵكو داوای هەموو گەلی كوردبێت لە هەرێمەكەمان، چونكە تا ئێستا كەم نین ئەوانەی دژایەتی هەموو ئەو هەوڵانە دەكەن و بەهەڵوێستی حزبێكی دیاریكراوی دەزانن ، بۆیە بەو جۆرە رەفتارە بەرامبەر ئەو داخوازییە رەوایە دەكەن كە گەلەكەمان لە باشوور وا بۆ سەد ساڵ دەچێت خەباتی بۆ دەكات.
ریفراندۆم و پرۆسەی سەربەخۆیی پرسێكی نیشتمانیی چارەنووسسازە كۆدەنگی دەوێت بۆێە نابێ بە چاوی موعارەزە تێبڕواندرێت و مامەڵەی لەگەڵ بكرێت چونكە وا ئێستا دەبینرێت نەیارانی ئەم گەلە بە ئاشكرا چۆن دژایەتی ئەو داوا ڕەوایەی كە مافی هەموو گەلێكە دەكەن، ئیدی چۆن دەبێت لەنێوخۆشدا بەهەر پاساوێك بێت دژایەتی ئەم كارە پیرۆزە بكرێ كە دەچێتە خزمەتی ئەجیندای ناحەزانی ئەم گەلەوە.
گەر هەندێكیش وا تێگەیاندرابێت كە ئەم پرسە بێ دژایەتی و دوژمنایەتی لەلایەن ناحەزانەوە بەڕێوە دەچێت، ئەوا واقیع وا ناڵێت و هەموو ئەو گەلانەی بەم قۆناغە هەستیارەدا رۆیشتوون و بە ئامانج گەیشتوون دووچاری لەمپەرو دژایەتی بوون، بۆیە كاتێك وڵاتێك ناڕەزایی خۆی بەرامبەر ئەم پرسە دەردەبڕێت، مانای وانییە كە گەلەكەی ئێمە لەسەر هەق نییە، چونكە ئەم پرسە پرسی گەل خۆیەتی و دەبێت خۆی بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات، دەنا سەدان ساڵی تریش هەر بە ژێردەستەیی دەمێنێتەوە هەڵیش هەموو رۆژێك ناڕەخسێت.
بۆیە دەبێت ئەو حزبانەش بە نەفەسی موعارزە لەگەڵ ئەم پرسەدا رەفتار نەكەن و بەرژەوەندی باڵای گەل كە خۆی لە سەربەخۆیدا دەبینێتەوە و ئاواتی هەموو تاكێكی كوردە بە هەند وەربگرن و ویژدانی خۆیان و لایەنگرانیان ئاسوودە بكەن.