پێویستمان بە ریفراندۆمە

پێویستمان بە  ریفراندۆمە
ئاماژە بەدوادێڕی دیباجەی دەستووری عێراق كە دەڵێت:
«پابەندبوون بەم دەستوورەوە یەكێتییە ئازادەكەی عێراق دەپارێزێت وەك گەل و خاك و سەروەریی»
كەواتە كاتێك عێراق و وڵاتانی ئیقلیمیی و وڵاتانی پەیوەندیدار بەكاروباری عێراق و كوردستانەوە باس لە پابەندبوون دەكەن بە دەستوورەوەو، هەر كاتێك كە باس دێتە سەر ریفراندۆمی گەلی كوردستان بۆ دیاركردنی چارەنووسی خۆی، بۆیە جێگەی خۆیەتی كە یاساناسان و شارەزایانی دەستووریی لەم كەلێنەوە بچنە نێو باسی ریفراندۆمەوە، چونكە كاتێك كە دوادێڕی دیباجەی دەستووری عێراق دەڵێت: «پابەندبوون بەم دەستوورەوە یەكێتییە ئازادەكەی عێراق دەپارێزێت وەك گەل و خاك و سەروەریی»، كەواتە پێچەوانەكەیشی راستە كاتێك پابەندبوون بەم دەستوورەوە نامێنێت، ئەوا ئەوسا یەكێتییە ئازادەكەی عێراقیش وەك گەل و خاك و سەروەریی دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە. ئەمڕۆش لەم هەلومەرجە نێودەوڵەتییەی كە ناوچەكەی گرتۆتەوە، پێویستە زلهێزانی جیهان دان بەو هەڵەیەدا بنێن كە پێش سەدەیەك دەرهەق بە ئێمەیان كردو، كوردیان لە دەوڵەتی سەربەخۆ بێبەش كردو، بەم هۆیەشەوە كوردیان تووشی ئەو هەموو كارەساتە كرد.
هەروەها جێگەی خۆیەتی كە لیستێك ئامادە بكەین پەیوەست بەو پێشێلكارییە دەستوورییانەی حكومەتی ئێستای عێراقەوە بۆ ئەوەی چی دیكە نەتوانێت باسی پابەندكردنی ئێمە بەم دەستوورەوە بكەن. بۆ ئەم كارەش وا چاكە ئەمجارەیان هەموومان بە یەكڕیزی و یەكدەنگی بێینە ئەم مەیدانەوەو هەمووشمان دوور لە جیاوازیی بیر و بۆچوونی سیاسی و حزبی و ئایینی، كۆك بین لەسەر رەوایەتیی سەربەخۆیی كوردستان، بە رەچاوكردنی ئەو راستییەی كە لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی عەرەبیدا لەلایەن ئینگلیزەكانەوەو، بەزۆر لكاندنی ویلایەتی موسڵ بەو دەوڵەتەوە، حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بە چاوی كەمینەیەكی ترسناكەوە لە كوردیان روانیوەو، لە پێناوی لاوازكردن و كۆنتڕۆڵكردن و دواجاریش قڕكردنیدا خۆیان لە بەكارهێنانی هیچ شێوازێكی نایاسایی و نائاسایی و نامرۆڤانە نەپاراستووە، جا سەردەمێك بە نكۆڵیكردن لە مافە رۆشنبیرییەكانی و سەردەمێكیش بە گۆڕینی ناوی شار و گوندەكانی، سەردەمێكی دیكەش بە بەعەرەبكردنی، جارێكیش بە راگوێزانی، جارێكی دیكەش بە سووتماككردنی خاكی و دواجاریش ناپاڵم و كیمیا پیاكردنی و هەوڵدان بۆ لەناوبردن و قڕكردنی لە ژێر ناوی ئەنفالداو، ئێستاش لەژێر گوشاری بڕینی بودجەی كوردستان و نەناردنی مووچەی فەرمانبەران و هەڕەشەكانی حەشدی شەعبییەوە، ئەم حكومەتەی ئێستای عێراق هیچ مانایەكی بۆ شەراكەت و پابەندكردنی ئێمەی بەم دەستوورەوە نەهێشتۆتەوە.
جا بۆیە لە روانگەی ئەوەی كە پێكەوەژیان و پێكەوەبوونی مرۆڤەكان لە بچووكترین بازنەدا تا پێكەوەبوونی گەلان لەیەك دەوڵەتدا، ئیرادەی ئازادو قەبووڵكردنی سەربەستانەی دەوێت، بۆیە پێویستە ئێمە ئەوە بە جیهان رابگەیەنین كە گەلی كوردستان لە لكاندنی خاكی بەم عێراقەوە پرسی راستەقینەی پێنەكراوە، بۆیە مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی هەیە بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی خۆی و، جۆری ئەو سیستمەش كە ئارەزوومەندانە بۆ خۆی و نەتەوە هاوژیانەكانی هەڵیدەبژێرێت.
هەروەها بەمەبەستی بەرقەراركردن و چەسپاندنی ئاشتیی جیهانی و ئیقلیمی، داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوە جیهانییە پەیوەندیدارەكان دەكەین كە هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ سڕینەوەی ئاسەواری هەڵە كوشندەكەی خۆیان و قەرەبووكردنەوەی گەلی كوردستانی زیان لێكەوتوو، كە مافی بڕیاردانی ئازادانە و ریفراندۆم و مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ گەلی كوردستان بە رەوا بزانن، نەك دژی بوستنەوە، چونكە كوردستان وەك هەرێمێك توانی بیسەلمێنێت كە مێرگی پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانە، هەروەها هێڵی یەكەمی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریش بوو لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، هەر ئاواو زیاتریش وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ باشتر دەتوانێت بە ئەركە مرۆیی و سیاسی و كەلتوورییەكانی خۆی هەستێت لە پێناوی ئاشتیی ئیقلیمی و جیهانیدا.

Top