ریفراندۆمی 25ی ئەیلول كۆتایی میژووی ژێردەستەیی و گەیشتن بە ئازادی

ریفراندۆمی 25ی ئەیلول كۆتایی میژووی ژێردەستەیی و گەیشتن بە ئازادی
چەمكی كۆتایی میژوو لەرووی فیكری و فەلسەفیەوە، بۆ یەكەمین جار لەدوای سەركەوتنی شۆرشی فەرەنسا ، لەلایەن فردریك هیگل ئیمپراتۆری فەلسەفە بەكارهێنراوە و دوای رووخانی دیواری بەرلینیش لە 9/11/1989 لەلایەن بیرمەندی ئەمریكی بەرەگەز ژاپۆنی فرانسیس فۆكۆیاما بەكار هێنراوە ، چەمكی كۆتایی مێژوو لەگەڵ ئەوەی هەتا ئێستاش جێگەی مشتومڕێكی گەورەی فیكریە لەنێوان بیرمەندان و رۆشنفكراندا، بەڵام لەهەردوو حاڵەتەكەدا بۆ یەكلایكردنەوەی یەكجارەكی ململانێی نێوان دوو ئیرادە بەكار هاتووە، كە یەكێكیان هەوڵیداوە ئاستەنگ بۆ رەوەورەوەی میژوو دروست بكات و نەهێڵێت بگاتە ئازادی و، ئیرادەی دووەهەمیان هەوڵیداوە پاڵ بەرەورەوەی میژووەوە بنێت بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی بگاتە ئازادی و، مێژووی گەیشتن بە ئازادی كۆتایی بێت و، میژووی پاراستنی ئازادی دەست پێبكات.
لەم روانگەیەوە ، بریاڕی رۆژی 7ی حوزەیرانی 2017 كە لە كۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بەسەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی بە دیاریكردنی رۆژی 25ی ئەیلول بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم درا ، هیندەی شۆرشی فەرەنسا و رووخانی دیوار بەرلین، بۆ گەلی كوردستان و وەرچەرخانی گەورە لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەراست و سیستمی جیهانی كاریگەری هەیە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەر لە ئێستاوە لای تەواوی دەوڵەتانی جیهان ئاكامی ریفراندۆمەكە ئاشكرایە و دەزانن كە زۆرینەی رەهای گەلی كوردستان بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە بە ( بەڵێ) دەنگ بۆ ئازادی و كۆتایهاتنی میژوویی ژێردەستەیی دەدەن. هەربۆیە هیچ دەوڵەتێك یان ناوەندیكی نێودەوڵەتی ، تەنانەت نەتەوە یەكگرتووەكانیش ، لەسەر ئەگەری دەنگدانی ( نەخێر) گرەو ناكەن و هەر لە ئێستاوە لەسەر بنەمای ئەو وەرچەرخانە گەورانەی لە ( بەڵی) كەوە سەرچاوە دەگرێت ، هەڵوێیستی خۆیان ئاشكرا دەكەن.
لەگەڵ دەسپێكی ناسەقامگیری و ئاڵۆزییەكانی شەڕی داعش لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، زۆر لە پسپۆران و بیرمەندان و چاودێرانی سیاسی، ئاماژەیان بەوەكردووە سیستمە كۆنەكەی جیهان مردووە، بەڵام هێشتا سیستمە تازەكە لە دایك نەبووە، ئەمەش بەو مانایەی چیدیكە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست لەچوارچێوەی سیستمە كۆنەكەی جیهان چارەسەر ناكرێت و پێیوستە سیستمێكی تازە لەدایكبێت و بەشێوازێكی دیكە رۆژهەڵاتی ناوەراست ریكبخاتەوە، ئەم ریكخستنەوەیەش كە هەموولایەك كۆدەنگن لەسەر ئەوەی دەبێت لە عێراقەوە دەستپێبكات و پاشان سەرتاسەری ناوچەكە بگرێتەوە، بە ( بەڵێی) خەڵكی كوردستان لە 25ی ئەیلول و بە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان لەدایك دەبێت.
كێشەكانی دەوڵەتی عێراق وەك لە راپۆرتی تاسكفۆرسی ئامۆژگای ئەتڵەنتیك لەسەر ئایندەی عێراق ئاماژەی پێكراوە و جەختی لەسەر كراوەتەوە،ئەو زەمەنە بەسەرچوو كە چارەسەری نیودەوڵەتی بتوانێت كێشەكانی عێراق چارەسەر بكات و ئەو وڵاتە بەیەكپارچەیی بهێڵێتەوە، بۆیە لەبری ئەوەی هەوڵەكانی كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی ، ئەمریكا و هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژی داعش پێداگیری بێت لەسەر یەكپارچەیی عێراق ، باشترە ببنە میانگیر لە نێوان كوردستان و عێراق بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ئاشتیانە كوردستان و عێراق لەیەكتری جیاببنەوە و وەك دوو دەوڵەتی دراوسێ پەیوەندییەكی باش لە نێوانیاندا هەبێت.
ئاماژەكردنی ئەم راپۆرتە گرنگە بەوەی جارێكی دیكە( هەوڵە نێودەوڵەتیەكان ناتوانن كێشەكانی ناوخۆی عێراق چارەسەر بكەن) مانای ئەوەیە دەبێت كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی هەماهەنگ بێت بۆ ئەو گۆرانكارییە گەورەی لە جوگرافیای عێراقدا دێتە ئاراوە و ئامادەبێت لەچوارچێوەی شەرعیەتی نێودەوڵەتی ، مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستاندا بكات.
ساڵانێك پێش ئێستا دۆستانی گەلی كوردستان ، راسپاردەیان بۆ كوردستان ئەوەبوو بەوەی كارێك نەكەین، لەبەریەكهەڵوەشانی بخرێتە ئەستۆی كوردستان، بەڵام ئێستا یەكپارچەیی عێراق بۆتە ماكی سەرەكی پەتای تیرۆر و توندرەویی و سەرهەڵدانی داعش لەتەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، خودی رۆژهەڵاتی ناوەراستیش بۆتە كێشەیەكی گەورە بۆ سەر سیستمی جیهانی و ئاشتی و ئاسایشی نیودەوڵەتی، تەنانەت ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی كە ئێستا لە نێوان عەرەبستانی سعودیە و ئێران هەیە و رۆژ لەدوای رۆژ هەڵدەكشێت بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێكی هەرێمی گەورە لەنێوان سعودیە و ئێران، هۆكاری سەرەكی دەگەرێتەوە بۆ پێداگرتن لەسەر سیاسەتی یەكپارچەیی عێراق و واڵابوونی دەروازەكان بۆ باڵادەستی نفوزی ئێران لە عێراقدا و تیكدانی باڵانسی هێز لە ناوچەكەدا، كەواتە بۆ ریكخستنەوەی باڵانسی هێز و كردنەوەی دەرگایەك بۆ گێرانەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست، ویستگەی یەكەم ئەوەیە كە سەرلەنوێ عێراقی عەرەبی لە نێوان شیعەو سونە ریكبخرێتەوە و هەمان كات ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی میانگیربن لە نێوان كوردستان و عێراق بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوانیان لەسەر بنەمایەكی تازە ریكبخرێتەوە. ئەم میانگیریە نیودەوڵەتیەش لەنێوان عێراق و كوردستان بەسەر پەرشتی ئەمریكا لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەستی پێكردووە و ئاكامی باشیشی بۆ هەردوولا بەدەست هێناوەو، هەربۆیە كاتێك بەرەو ئازادكردنی تەواوی موسڵ و كۆتایهاتنی خەلافەتی داعش هەنگاو هەڵدەگرین و ئەركەكان لە تیكشكاندنی داعشەوە دەگۆرێت بۆ لەریشە هەڵكێشانی سەرچاوەی فیكری تیرۆر و توندرەویی، ئەوا قۆناخێكی تازە دەست پێدەكات و دەبێت پرۆسەی سیاسی لە عێراقی عەرەبیدا بەوجۆرە ریكبخرێتەوە كە عەرەبی سونە هەست بە پەراوێز خستن و مەحرومی لە پرۆسەی سیاسی نەكات، لە هەمانكاتدا دەبێت پەیوەندیەكانی نێوان كوردستان و عێراق زیاتر بەرەو پێشەوە بچن و ئاستێكی فروانتر و هەمەلایەن بگرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت كوردستان ببێتە دەروازیەك بۆ هاتنی كۆمپانیا و وەربەرهێنەری بیانی بۆ عێراق و لەمەش زیاتر جەخت لەسەر ئەوەش دەكرێتەوە لە دارشتنی سیاسەتی دەرەوەش، پێویستە جۆرێك لە هاوكاری هەماهەنگی لەنێوان دەوڵەتی كوردستان و دەوڵەتی عێراق هەبێت بۆ ئەوەی پێكەوە ئاراستەیەكی ستراتیژی بۆ كاریگەری ئەرێنی لەسەر وڵاتانی دەوربەر و كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی دروست بكەن.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەدوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراقەوە لە ساڵی 2003 و، لە هەوڵەكانی بۆ سەرخستنی پرۆسەی دیموكراتی و بونیادنانەوەی عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدرالی ، بێجگە لەوەی زیاتر لە 5000 كەسی لەشەرەكەدا بوونەتە قوربانی، هەتا ساڵی 2011 بڕی زیاتر لە 815 ملیار دۆلاری راستەوخۆ لە عێراقدا خەرجكردووە و مەزندە دەكرێت هەتا شەڕی داعش كۆتایی دێت ، ئەم بڕە بگاتە زیاتر لە 1.7 ترلیۆن دۆلار، بەڵام ئێستا گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی نە سیستمی دیموكراتی سەركەتوو بوو نە عێراقیش بووە ئەو دەوڵەتە فیدرالی و فرەییەی كە ئومیدی بۆ دەخوازرا، لەلایەكی دیكەش وازهێنان لە عێراق و بەم باردۆخەی ئێستایەوە، ئەوا هێندەی دیكە عێراق دەبێتە سەرچاوەی هەرەشە و مەترسی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و تیرۆریستانی هاوشێوەی داعش لە ژێر ناو و ناونیشانی دیكەدا ، ئەمەش راستەوخۆ هەرەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا و دەوڵەتانی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژی داعش دروست دەكات.
جەختكردنەوەی ئەمریكا و هاوپەیمانی نیودەوڵەتی لەسەر شەڕی دژی داعش، تەنها بریتی نیە لەوەی ئەو ناوچانە لە كۆنترۆڵ بكرێنەوە یان چەند چەكداری داعش دەكوژرێن، بەڵكو سەركەوتن لەشەڕی دژی داعش، لەریشە هەڵكێشانی فیكری داعشە كە سەرەتاكەی لە دابەشكردنی عێراق و سەربەخۆیی كوردستان دەست پێدەكات، ئەم ئاراستەیەش سەرلەبەری هەموو ئەو هەڵوێست و بۆچوونانە رەتدەكاتەوە كە لەسەر بنەمای یەكپارچەیی عێراق بونیاد دەنرێن ، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئێستا جیهان بەگشتی و ئەمریكا و هاوپەیمانان بە تایبەتی بە كردەیی گەیشتوونە ئەو قەناعەتەی كە پێداگرتن لەسەر سیاسەتی یەكپارچەیی عێراق سەرچاوەی هەموو كێشە و ئاڵۆزییەكانی عێراق و ناوچەكە و تێكدانی باڵانسی هێزە لەنێوان دەوڵەتە گەورەكانی ناوچەكەدا، بۆیە ئەگەر ئامانج گێرانەوەی سەقامگیری و ئاسایش بێت بۆ عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراست، ئەوە دەبێت سیاسەتی پێداگیری لەسەر یەكپارچەیی عێراق كۆتایی بێت و پێشوازی لەدەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان بكرێت.
Top