لە كن ئەو چەندە مەجبورە لە لای من چەندە مەغرورە

لە كن ئەو چەندە مەجبورە لە لای من چەندە مەغرورە
پێدەچێ كورد تەنیا بە جوگرافیا و سیاسەت غەدری لێنەكرابێت. تەنیا بە ئاگر و ئاسن سەركوت نەكرابێ . بەڵكو بە شەڕێكی دەرونیی سەخت و درێژخایەن كار لەسەر ناخی كرابێت تا خۆی بە كەمتر لە داگیركەرەكانی بزانێ و وەك برای گەورە بیانبینێ و بەویسایەت و داگیركارییان رازی بێت. هزر و ئاوەز و كولتور و ناسنامە و رەمزەكانی خۆی بچوك و بێ ئەرزش ببینێ و بەدەستی خۆی بیانشكێنێ. بەڵام هی داگیركەرانی لا بەرز و سەنگین بێ. كارێكی زۆر كراوە بۆ ئەوەی تاكی كورد توشی گرێی دەرونیی خۆبەكەمزانی بكرێ تا ببێتە پاشكۆی دڵخوازی داگیركەرانی. شانازی بە نەتەوەی خۆیەوە نەكات و ئینتمای بۆ نەبێت. لە بری ئەوە مونتەمی بێت بۆ خێڵ و تایەفە و لەهجەچێتی و شارچێتی و ئایدیۆلۆجیای نارەسەن و ئومەمیانەی جۆراو جۆر. سەربەخۆیی پێ زۆر بێ و لەكانتۆنچێتی و حوكمی خۆسەریی بچوك و بێ قیمەت زیاتر بەخۆی رەوا نەبینێ. هەمیشە گیرۆدەی ترس و رارایی و بێ ئیرادەیی بێت.
شەڕی سەختی دەرونی دژ بە ئیفتخار و پیرۆزییە نەتەوەییەكان، لە لایەن داگیركەرانەوە لە ئەنفال و كیمیاباران كوشندەتره. چونكە ئەنفال هاندەرە خۆت لە زەبری داگیركەر قورتاركەیت، بەڵام شكاندنی ئیرادە و بڕوابەخۆبون، تەسلیم و رادەستت دەكات.
كە دەگوترێت كورد هەمیشە لە دوبەرەكیدا بووە، لە راستیدا دووبەرەكییەكە دابەشبوون بووە بەسەر ئەم دوو رەوتەدا: بەشێكی كورد بەم شەڕە دەرونییە نەشكاوە و مقاوەمەی كردووە و خۆی بە سەپانی بابی كەس نەزانیوە. بەشێكی دیكەشی ئالودەی گرێی خۆبەكەمزانین بووە و ئامادەیە پاشكۆ و بچوكی هەموو كەس بێت تەنیا میللەتی خۆی نەبێ.
گەر وانەبێ و گرێی لاشعورییانەی خۆبەهیچ زانی وكۆیلایەتی نەبێ، ئەم حاڵەتانە چۆن لێكبدەینەوە:
- لە كاتێكدا كوردستان لەبەردەم دەرگای سەربەخۆیی و دەوڵەتبوونە، ئەو دەیەوێ بە ناوی (هەرێمسازی)یەوە بمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی میرنشینانی پێكداهەڵپژاوی دوو سەدە پێش. گەر ئەم مەیلە، خۆ بەبچوكبینین و ئیمتیدادی عەقڵی خێڵایەتی و ناوچەگەری و میرایەتی نەبێت لەسەر حسابی ئینیمای سەردەمیانە بۆ دەوڵەت و و نەتەوە و نیشتمان، دەبێ چی بێت؟.
- تۆ سەر بە یەكێك لە عەشرەتە تێكۆشەر و خاوەن پێگەی نەتەوەیی و ئایینی و سۆفیگەری و بە ئیعتبارەكانی كورد بیت كە پیاوی وەك مام جەلال تاڵەبانی تێدا هەڵكەوتبێ، كەچی شەرم لە ئەسل و فەسلت بكەیت و عەرەبایەتی و ئینتیما بۆ خێڵێكی عەرەب بە شانازی بزانی!! ئاخر ئەم حەقارەتە گەر لە خۆبەكەمزانین و خەجاڵەتكێشی لە كوردبوون و بەخۆداشكانەوە لە ئینتیما بۆ كورد و كوردستانەوە، سەرچاوەی نەگرتبێ، دەبێ هۆكارەكەی چی بێت؟.
- پەكەكە لەبەرامبەر داوای رەوای پێشمەرگە و حكومەت و دەسەڵاتی كورددا، سنگ دەرپەڕێنێ و عیناد و مەغرور بێ و لە شنگال نەكشێتەوە و تفەنگ لە پێشمەرگەی كورد راكێشێ، بەڵام بە ئیشارەتی پەنجەی جاشپاسدارێكی حەشدی شیعی، سەركز و زەلیل بۆ ئەو جێیە بكشێتەوە كە بۆی دیاریدەكەن، ئەم رەفتارە گەر سووك سەرنجدانی خۆت و نەتەوەی خۆت و بچوكایەتی و خوڵامی بۆ بێگانە و ستەمكار نەبێت، چ ناوێكی لێ دەنرێ؟.

حەزرەتی نالی جوانی فەرموو:
دەچێ بۆ لای رەقیب، قەینا، وەلێ ئەو داخە كوشتومی
لە كن ئەو چەندە مەجبورە، لە لای من چەندە مەغرورە
Top