هه رێمى سله يمانى
June 6, 2017
وتار و بیروڕا
لە راستیدا ئەم داوایە ئێستا هیچ لەجێی خۆیدا نییە و تەنها لاوازی نیشاندانە بەرامبەر نەیاران و جیهانی دەرەوە و پەرتەوازەییە لە هەڵوێست و ئامانجدا.
ئێمەی كورد لەم ساتەوەختە چارەنوسسازەدا پێویستمان بە یەكهەڵوێستی و یەكگرتوویی هەیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دێرینەی كە سەدان ساڵە گەلەكەمان قوربانی و خوێن لەپێناویدا دەدات و بۆ پەیداكردنی پشتیوانیش بۆ ئەو داوا رەوایە كە دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆیە لە هەرێمی كوردستاندا، نیشاندانی یەكگرتوویی و یەك ئامانجی زۆر گرینگ و كاریگەرە.
لەهەموو وڵاتانی جیهاندا تایبەتمەندی شار و هەرێمەكان لە بۆتەقەی یەك دەوڵەتدا رەچاو دەكرێت و بەوپێیەش مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، بەڵام خسووسیاتی پێش دامەزراندنی دەوڵەت نیشان نادرێت، بەڵكوو دوای دامەزراندنی هەوڵ و كاری بۆ دەكرێت كە لە ئەنجامدا دەوڵەتەكە خۆی سوودمەند دەبێت لێی، چونكە نیشاندانی ئەو تایبەتمەندییانە پێش دامەزراندنی دەوڵەت و داواكردنی هەرێمی سەربەخۆ، زیانی گەورە بە خودی دەوڵەتی چاوەڕوانكراو دەگەیەنێت، گەر نەڵێین دەبێتە لەمپەر.
لە راستیدا سلێمانی و دەورووبەری ئێستا خۆی هەرێمە و وەكوو هەرێمیش بە واقیع لەگەڵ حكوومەتی هەرێمدا مامەڵە دەكات، چونكە دارایی خۆی و داهاتی خۆی هەیە و لەو رووەوە سەربەخۆیی هەیە و تەنانەت بەڕێوەبردنی شاریش لەڕووی ئیدارییەوە هەر لەلایەن ئەو حزبانەی ئەو دەڤەرەوە بەڕێوەدەبرێت و كاربەدەستانی پۆلیس و ئاسایش و فەرمانگەكانیش هەر لەلایەن خۆیانەوە دەستنیشان دەكرێت و دادەمەزرێت، بۆیە دەتوانرێ بوترێت كە ئێستا بە كردار سلێمانی وەك هەرێمێك لە نێو هەرێمی كوردستاندا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، كە بە لای ئێمەوە سیاسەتێكی دروستە، چونكە رەچاوی تایبەتمەندی ئەو دەڤەرە دەكرێت. واش چاوەڕواندەكرێت لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆشدا هەر بەو شێوەیە رەفتاری لەگەڵ بكرێت.
ئیدی بۆیە داواكردنی ئێستای هەندێك، بۆ بەهەرێمكردنی سلێمانی هیچ مانایەكی نییە و زیاتر لە پرۆپاگەندە و سواڵی دەنگ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو حساب دەكرێت، چونكە جیاكردنەوەی ئەو هەرێمە لە كاتی ئێستادا واتای دابڕانە لە هەرێم و پێكەوەلكاندنەوەی بە حكوومەتی عێراقەوە دەگەیەنێت كە نەك هیچ سوودێك بەو دەڤەرە ناگەیەنێت بەڵكوو سەدان ساڵ بەرەو دواوەوەی دەبات و جارێكیتر دەیكاتەوە بە برا گچكە و كۆیلە، كە رەنگە ئەمجارە ئەوندەشی پێ رەوا نەبینرێ، بۆیە بەو داوایە زیانێكی زۆر بە هەرێم و بەتایبەتی بە خەڵكی خۆڕاگری و قوربانیدەری سلێمانی دەگەیەندرێت و خزمەتێكی بەلاشی مالیكی و هاوشێوەكانی دەكرێت.