دەبوا دەنگ نەدەین بە حەشدی شەعبی

دەبوا دەنگ نەدەین بە حەشدی شەعبی
بە خوێندنەوەی ئەم ناونیشانەی سەرەوە، بێ گومان دەمودەست پارتییەكان دەڵێن جا خۆ ئێمە دەنگمان نەدا و دژ بوین، ئەوە فراكسیۆنە كوردییەكانی دیكە بوون دوای سەردان و وێنەی یادگاری و نوێكردنەوەی پەیمان بۆ مالكی، لە پەرلەمانەكەی بەغدا دەنگ و شەرعییەتیان بەو حەشدە مەزهەبی و دژە كوردە بەخشی. بەرگی یاساییان بەبەر ئەو میلیشیا تائیفی و دەستڕەش و تیرۆریستەدا كرد . بەشداربوون لەوەی بۆدجە و چەك و تفاقی زەبەللاحی بۆ دابین بكرێ و ئێستا هەڕەشەی پێ لە كوردستان بكات.
ئەوەی پارتییەكان دەیڵێن راستە، بەڵام راستییەكی تاڵ. راستییەك هیچ لەو حەقیقەتە ناگۆڕێت كە : كافی نەبوو تەنیا پارتی دژی ئەو میلیشیا شۆڤێنییە بێت. تەنیا پەرلەمانتارانی پارتی دەنگی نەدەنێ، تەنیا پارتی بەرسینگی لێ بگرێت. ئاخر بۆ هەموو لایەك روون بۆوە كە حەشدی شەعبی دژی كورد و ئازادی و سەربەخۆیی كوردستانە، چەكی دەستی شۆڤێنی و تائیفییە رەگەزپەرست و ئەفكار و رەفتار بەعسییەكانی عێراق و ئیقلیمە. میلیشیایەكی دوژمنكار و تینوو بە خوێنی كورد و شمشێری ئامادەكراوە بۆ رێگریی لە ئاواتە رەواكانی كورد و هەر پێكهاتەیەك كە هەژمونی مەزهەبی و مەشروعی فراوانخوازیی تائیفی لە ناوچەكەدا قبوڵ نەكا.
دوێنی حسین دەهقان وەزیری بەرگری ئیران راشكاوانە رایگەیاند: ئەوانەی دەیانەوێ ئێران لاواز بكەن، دەبێ بزانن ئێمە لە عێراقدا كە بە بەشێك لە قەڵەمڕەوی خۆمانی دەزانین، حەشدی شەعبیمان هەیە و ساز و ئامادەیە بۆ لێدانی هەر كەس كە روبەڕوومان بێتەوە. رۆژی پێشتریش مالكی لە بەشێكی ناماقوڵییەكانیدا بەرامبەر خەڵكی كوردستان، هەمان قسەی كرد و گووتی: ئیران لەوە بەهێزترە شەڕی بۆ بگوێزرێتەوە.
مالكی بودەڵەیەكی بێ موستەقبەلی دەست دەرچووە لە بنی هەمانە. زۆر بچوكترە لەوەی بەرامبەر ئیرادەی كورد بوەستێت. جگە لە دەنگدانەوەی ئاغاكانی، بۆ خۆی دەمێكە دەنگێك نییە و لە موعادەلات و حساباتی سیاسیدا جگە لە نمونەیەك بۆ فەشەلی سیاسی و ئیداری و عەسكەری، ناونیشانێكی دیكەی نییە. داداگاییكردن و لێپرسینەوەشی لەسەر ئەو هەموو قەیران و بەدبەختییەی بەسەر عێراقی هێنا لەهەركات نزیكترە و بۆیەش كەوتۆتە پەلەقاژە و بزڕكاندن. بۆیە لای سەرۆكی كوردان و ئیرادەی پۆڵایینی سەركردایەتی و خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان حسابی چڵەپوشێكی بۆ ناكرێت. ئایندەی ئەو بەشەش لە حەشد كە گوێلەمست و چڵكاوخۆری ئەو و ئاغایانی ئەون، لە داعش باشتر نابێ و لە رروبەرروبونەوەی پێشمەرگەدا بەختێكی باشتر لە داعش ناهێنن. بۆیەش فەرماندەی گشتی پێشمەرگەی كوردستان بێ منەتانە وەڵامی دانەوە و رێگەی مەیدانی پیشاندان.
بەڵام ئەو داخەی هەرگیز لە دڵ دەرناچێ، ئەو قسەیەی تا رۆژی ریفراندۆم و ئیعلانی ئەنجامەكەی ئازاری ناشكێ، ئەو ناماقوڵییە بوو كە بەشێك لە نوخبەی سیاسیی سەرلێشێواوی كورد خستیانە سەر زاری مالكی و غیرەتیان دایە بەر بوێرێ بڵێت: جگە لە بارزانی و پارتی، هیچ كوردێكی دیكە و حیزبێكی دیكە لەگەڵ سەربەخۆیی نییە.
بۆیە دەڵێم دەبوا دەنگ نەدەین بە حەشدی شەعبی و چەكی نەدەینە دەست دژی خۆمان بەكاریبێنێ. دەبوا لەو پرسەدا هەمومان كوردانە و پارتییانە هەڵوێستمان وەرگرتبایە تا بودەڵەیەكی فاشلی وەك نوری مالكی گرەو لەسەر بێ ئیرادەیی و پاشكۆخوازی گەلەكەمان نەكات!!
Top