چەمكی ئاسایشی هزری بۆ قۆناغی دوای داعش
May 31, 2017
وتار و بیروڕا
بۆیە چەمكی ئاسایشی هزری بایەخ و پێگەی خۆی هەیە، وەك:
یەكەم: چەمكی ئاسایشی هزری لەهەر كۆمەڵگەیەكدا جێگەی بایەخپێدانێكی زۆرە، چونكە بوونی ئەم چەمكە:
1- نیشانەو پێوەرە بۆ یەكگرتوویی هەر كۆمەڵگە و گەلێك و نەگۆڕەكانی.
2- رێگرە لەبەردەم پەرتەوازەبوونی هەستی نیشتمانی.
3- پەرژینە لەبەردەم رەوتە هزرییە لادەرەكان.
4- بەدیهێنەرە بۆ ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی كۆمەڵایەتی و پاراستنی ناسنامە.
دووەم: لێرەشەوە جێگەی خۆیەتی گرنگیی پێگەی چەمكی ئاسایشی هزریی بزانین بۆ رێگرتن لە فاكتەرە سەرەكییەكانی تەشەنەكردنی تیرۆر، كەسێ فاكتەری سەرەكین:
1- بوونی توندڕەوترین جۆری بیركردنەوەی ئایدیۆلۆژی و ئایینی.
2- تووشبوونی كەسانی تیرۆریست بە بارێكی دەروونیی شڵەژاو و گرێی دەروونی.
3- هەبوونی ژینگەیەكی لەبار بۆ تەشەنەكردنی بیری تیرۆر، وەك فاكتەرەكانی پەراوێزخستن و گیانی توڵەسەندنەوەو نەخوێندەواری و هەژاری و نەخۆشی و ئالوودەبوون لای ئەو توێژ و كەسانەی كە دوایان كەوتوون.
سێیەم: گرنگیی چەمكی ئاسایشی هزری لەوەشدایە كە قۆناغەكانی ئامادەكردنی تیرۆریستانمان بۆ روون دەكاتەوە لە لایەن ئەو گرووپانەی كە كاریان لەسەر دەكەن لە رێگەی:
1- كاركردن لەسەر (مێشك)یان بە تێگەیاندنی هەڵەو شێواندنی چەمك و بەهاكان وەك ژیان و ئایین.
2- كاركردن لەسەر(دڵ)یان بەپێدانی حەماسەتێكی بێ هۆشیاری.
3- كاركردن لەسەر (دەست)یان بە راهێنانیان لەسەر كوشتنی خەڵك و كاری وێرانكاری.
چوارەم: چەمكی ئاسایشی هزری یارمەتیدەرە بۆ زانینی چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، چونكە دوو جۆر جەنگ لەدژی تیرۆر پێویستن:
1- جەنگێكی كورت خایەن كە پێویستی بە چەكی قورس و تەكتیكی نوێ هەیە.
2- جەنگێكی درێژخایەنی فیكری لەنێوخۆدا كە ئەركی قورس و بیری نوێی دەوێت، چونكە چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئەم دیاردە دزێوەی تیرۆر، هەر لە هزرو مێشكەوە دەست پێدەكات.
پێنجەم: چەمكی ئاسایشی هزری، بەشێكی باشمان لە پێداویستییەكانی تۆلێرانس و لێبوردەیی بۆ دابین دەكات.
وەك:
1- هەبوونی بنەمای هاووڵاتیبوون و یەكسانی و مافی جیاوازبوون و فرەیی و چاودێریكردنی هەر گوفتار و رەفتارێكی جیاكاری.
2- هەبوونی یاساو رێسای رێگر لە سەرپێچیكاران بەرامبەر ئایین و نەتەوەكان.
3- هەبوونی پڕۆگرامێكی پەروەردەیی و فێركردن لەسەر بنەمای یەكسانی، چونكە تۆلێرانس پەروەردەیە.
4- ئازادیی رادەربڕین و پەخشكردنی بەهاكانی تۆلێرانس و پێكەوەژیان و قبووڵكردنی فرەیی و جیاوازبوون و قبووڵكردنی مافەكانی ئەوانی دی.
شەشەم: چەمكی ئاسایشی هزری بۆ ئەم سەردەمە كە ئایین كراوەتە میكانیزمی كاری تیرۆریستی، زۆر گرنگە ئەم چەمكی ئاسایشی هزرییە بەكار بێنین وەك میكانیزمێك بۆ خۆپاراستن لە تیرۆری ئایینی لە رێگەی:
1- هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی بەردەوامی لاوان لە رێگەی ئەنجامدانی ریفۆرم لە زانستە ئایینییەكان لەلایەن كەسان و دەزگاو دامەزراوەی شارەزاو پسپۆڕی خاوەن هزری مرۆڤدۆستانە.
2- خستنەڕووی ئاكام و زیانەكانی پەنابردنە بەر بەكارهێنانی چەك و توندوتیژی.
3- خستنەڕووی دەرئەنجامە ترسناكەكانی تەكفیركردنی تاك لە كۆمەڵگە.
4- نوێكردنەوەی گوتاری مزگەوت و شوێنە ئایینییەكان.
5- دانانی رێنمایی پێویست بۆ هۆكارەكانی راگەیاندن سەبارەت بە مەرجەكانی پەخشكردنی بابەتە ئایینییەكان.
6- سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی سەركەوتوو لە بواری بنبڕكردنی تیرۆری ئایینیدا.
7- دروستكردنی رایەڵەو پەیوەندی لەبواری باس و توێژینەوەوە لەنێوان (جامع) و(جامعە)دا.
8- خستنەڕووی ئەو سزا یاسایی و شەرعییانەی كە رووبەڕووی تیرۆریستان دەبێتەوە لەدنیا و قیامەتدا.
9- باسكردنی رووی قێزەونی تیرۆر لە پڕۆگرامەكانی خوێندنی قوتابخانە و پەیمانگا و زانكۆكاندا.
10- كاراكرنی رۆڵی فیكریی وتاربێژانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی.