پەروەردەی چەوت
May 30, 2017
وتار و بیروڕا
هەر لە شۆڕشەكانی شێخی نەمر و هەوڵی دامەزراندنی حكوومەتێكی كوردی تا دەگاتە بەرخودان و ڕاپەڕینەكانی بارزان و شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشەكانی دوای نسكۆ هەر هەمووی لەپێناو ئەو ئامانجە پیرۆزەدابووە كە كورد ئیدی خۆی حوكم بەسەر خاك و خەڵكی خۆیدا بكات.
ئەو مۆڵەتەش لەمەودوا لەڕاپەڕینی ساڵی 1991ەوە بۆ گەلەكەمان ڕەخسا كە توانی لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە حكومەت و پەرلەمان و دامودەزگای دەوڵەتی دابمەزرێنێ و بۆ یەكەمین جار پەیوەندی نێودەوڵەتی پەیدا بكات و جارێكی دیكە هەرێمی كوردستانی وێرانكراو ئاوەدان بكاتەوە كە ئەمڕۆ بەراورد ناكرێت لەگەڵ بارودۆخی هەرێم لەپێش ڕاپەڕیندا لەهەموو بوارە جیاجیاكاندا كە ڕەنگە بە تەواوی لەگەڵ داخوازی گەلەكەشماندانەبێت، بەڵام ئەو بەرەوپێشەوەچوونە لەهەموو بوارەكاندا لە هەرێم ناتوانرێت نكۆڵی لێبكرێت. ڕاستە ئێستا لەئەنجامی ئەو گەمارۆیەی بەغدا كە لە 2014ەوە خستۆیەتیەسەر هەرێم بادۆخی ئابووری هەرێم تووشی قەیرانێكی جددی بووە لەگەڵ ئەوەشدا لەسەرپێی خۆی ڕاوەستاوە و لێبڕاوانە شەڕی داعش دەكات كە بۆتە مایەی سەرسامی هەمو جیهان بە ئازایەتی پێشمەرگەو خۆڕاگرتنی خەڵكی هەرێم.
كەچی ئێستا هەندێك زڕە ڕۆژنامەنووس و بەحساب ڕۆشنبیر- كە لەڕاستیدا تاریكبیرن - و هەندێ كۆلكە سیاسی و چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار و سایتی بێ دایك و باوك، كاری سەرەكییان بۆتە دژایەتی حكوومەت و بە ئاستێك لێی دەخوێنن كە لە دووژمنان و نەیارانی هەرێمیان تێپەڕاندووە.
ئەوەتا پێشكەشكارێكی تەلەفزیۆنی لەنووسینێكدا زۆر بەڕاشكاوی دەڵێت: (با دڵخۆشبین بە كۆتاییهاتنی حكوومەتی كوردی)! وەكو گەلەكەمان زۆر خێری لە داگیركاران دیبێت و سوودمەند لەژێر دەستەیی بووبێت. تۆ بڵێی ئەمانە جارێكی دیكە تامەزرۆی ئەنفال و كیمیاباران و ڕاگواستن و گۆڕینی دیموگرافیای هەرێم بن؟
ئەمە چ هزرێكی چەوت و چ دیدێكی نا كوردانە پەروەردەی كردوون كەوا بیانەوێ بەدەستی خۆیان كۆتایی بە حكوومەتی كوردی بهێنن. ئەمە چ جۆرە پەروەردەیەكی سیاسییە كە مرۆڤ ئاوا دژە گەل و وڵاتی خۆی پەروەردە دەكات كە وا بێ شەرمانەو بێ گوێدانە ئەو لافاوی خوێنی شەهید و قوربانیدانە ئاوا ناماقوڵی بەرامبەر دایكی شەهیدان و جگەر سووتاوان بكات.