ئاگادارى ئه مانه بن
May 28, 2017
وتار و بیروڕا
ئەوسا حكومەت كە دیكتاتۆریش بوو ئەوەندە یارمەتی هاووڵاتیانی دەدا كە هەر نەبێت ژنە گیرفانبڕەكان بناسن و ئاگاداری خۆیان بن.
كەچی لەم رژێمە تازەیەی لەعێراقدا كە پاش حكومەتی دیكتاتۆری هاتەكایەوە، دەبینین كۆمەڵێك كە لەسەرو سیماو بەرگ و پۆشاك و رەفتاریاندا هەر لەو گیرفانبڕانە دەچن كە لەپەرلەمانی بەغدا دا رۆژانە دێنە پێش چاوو لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن بەسەر گەلەكەماندا دەڕشێنەوە.
ئەوەتا نوێترینیان بەناوی (عەتاب الدوری) كە پەرلەمانتارە لەسەر لیستەكەی بەرێز عەللاوی و دژایەتی خۆی بەم شێوە بازاڕییە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنی بەغدا نیشاندەدات و دەڵێ: ئەمانە -مەبەستی كوردە- لە ماستی ئەربیل و كەبابی سلێمانی زیاتر چی یان هەیە تا داوای دەوڵەتی سەربەخۆ بكەن.
ئەمانە گەرچی هەڵوێستی زۆر شۆڤینی و نشانەی عەقڵی دواكەوتووە و تێنەگەیشتنە لەمافی گەلان و دیموكراسی و ئێستا لەسەردەمی رژێمی نوێی عێراقدا برەوی زیاتری پێدەدرێ و بەرگی جۆراجۆری لەبەر دەكرێت لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەهوەنترە لە هەڵوێستی هەندێ بە حساب رۆشنبیرو و رۆژنامەنووس و ستراتیژناس و مەلای بێ عەمامەی لای خۆمان كە زۆر زیاتر لەو ئافرەتە داپۆشراوانە دژایەتی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردی و ریفراندۆم دەكەن.
ئەمانەی لای خۆمان هەر بۆ ساركردنەوەی هاووڵاتیان و دوودڵكردنیان لەسەربەخۆیی بۆ هەموو پاساو و رایەكی دژ بە خۆمان دەگەڕێن و بەشانازییەوە لەگۆڤارو رۆژنامە و شاشەی تەلەفزیۆنەكانیان بڵاوی دەكەنەوە بە ئاستێك دژی گەلەكەمان و هیواو داخوازییەكانیەتی كەڕووی سەدان ئافرەتی لەو جۆرانە سپی دەكەنەوە.
ئەوە نییە كۆنە نوێنەرێكی هەرێم لەواشنتۆن دەڵێ بە ئەمریكامان وتووە ئەو شاندانەی كە لەهەرێمی كردستانەوە دێن نوێنەری گەلی كوردنین و بەڵكو نوێنەری حزبێكی دیاری كراون!!.
جا گەر ئەو عەبا بەسەرانەی نێو پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی داكۆكی لە یەكپارچەیی عێراق و حكوومەتی مەركەزی بەو جۆرە رك و كینە هەڵبڕێژن و بیانەوێ وەك پێشوو هەر خۆیان باڵا دەست بن و سەیری كورد هەروەكو برا گچكە بكەن و گەلی كورد بە شایستەی هیچ شتێك نەزانن ئەوەندە گلەیی لە (عەتاب) و هاورێیانی ناكرێ وەك لەهەڵوێستی ئەوانەی دژە سەربەخۆیی و مافی ڕەوای گەلەكەمانن بۆ ئازادی سەرفرازی و داهاتوویەكی گەش دەكرێ و و نابێ نەشكرێ، بۆیە دەبێت ئێمەش ووریای ئەمانەی نێو خۆمان بین، چونكە هەڵوێستی ئەمانە زۆر لەوەی ئەوان، ترسناكترە.