لە چاوەروانی .. وەرچەرخانێك لەناو پرۆسەی سیاسی كوردستاندا

لە چاوەروانی .. وەرچەرخانێك لەناو پرۆسەی سیاسی كوردستاندا
دوای مردنی نەوشیروان مستەفا وەرچەرخانێك لەناو پرۆسەی سیاسی كوردستان دروست دەبێت، بەڵام مەرج نیە ئەم وەرچەرخانە لە هەموو روویەكەوە بە ئەرێنی بخوێنرێتەوە یان دەستی ئەملاو ئەولای تێنەكەوێت. بۆیە ئەگەر بەدیدێكی واقیعیانە پێشبینی بۆ ئەو وەرچەرخانە بكەین، زۆر زەحمەتە مەزندەی ئەوە بكرێت دوای نەوشیروان مستەفا كەسێكی دیكە هەبێت بتوانێت جڵەوگیری بزووتنەوەی گۆڕانی پێبكرێت یاخود بتوانێت بە شێوەیەكی تەندروست خۆی تیكەڵاوی پرۆسەی سیاسی بكاتەوە و قۆناخێكی تازە لە لێكتێگەیشتن و پتەوكردنی گیانی فرەیی و هاوخەباتی پێ دروست بكرێتەوە. هەر بۆیە كاتێك پێشبینیەكان لەسەر ژێرخانێكی رەشبینانەوە خۆیان ئاراستە بكەن ، ئەوا زۆر زەحمەتە بەدیدێكی گەشبینانە ئەو وەرچەرخانە بخوێنریتەوە.
ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەر لەیەكەم رۆژی راگەیاندنی مەرگی نەوشیروان مستەفا وە ، تیكەڵاوكردنەوەی گۆڕان و یەكێتی بە چارەسەرێك دەزانن بۆ ئەوەی رێگە لە پاشاگەردانی و جۆرێك لە ناسەقامگیری بگێرێت كە وەك پێشبینی چاوەریی دەكەن، لەلایەكی دیكەش مەترسی ئەوە هەیە كە ئەم وەرچەرخانە هەوادار و هەڵوسوراوانی بزووتنەوەی گۆران بەجۆرێك توشی سەرلیتێكچوون و نائومیدی بكات كە كاردانەوەكانیان بە قازانج بۆ پرۆسەی سیاسی كوردستان نەشكێتەوە.
كێشەی سەرەكی لە تێكەڵاوبوونەوەی گۆڕان لە یەكێتیدا لەوەدانیە لەسەر چ میكانیزمێك ریكدەكەون بۆ ئەوەی ئەم تیكەڵاوكردنەوەیە ئەنجامبدەن، بەڵكو كێشەی سەرەكی بوونی تێروانینی جیاوازە لە نێوان مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی لەسەر میكانیزمی ئەو تیكەڵاوكردنەوەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە رایەكی هاوبەش لەنێوان ئەنجوومەنی ناوەند و مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لەسەر بەرژەوەندی هاوبەشی ئایندەی بزووتنەوەی گۆران و یەكێتی نیشتمانی دروست نەبووە، بە هەمان شێوە لە ناو جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆرانیشدا رایەكی هاوبەش و یەكگرتوو لەسەر بەرژەوەندی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتی بوونی نیە، بۆیە پرسی یەكگرتنەوە یان تێكەڵاوكردنەوەی گۆران و یەكێتی پرسێكی ئاسان نیە و، هیچ دوور نیە دەستی ناحەزان و دوژمنانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی بە ئاسانی تێبكەوێت و سەرەنجامیش ئەو سەقامگیریە رێژەیەیی پەیوەندی پێشتری گۆڕان و یەكێتی لە زۆنی سەوز دروستی كردبوو ، كاریگەری نەرێنی تێبكات و جۆرێك لە ناسەقامگیری لێ بێتە ئاراوە.
سروشتی بزووتنەوەی گۆڕان جۆرێك لە تایبەتمەندی خۆی هەیە، لەبەر ئەوەی ئەم بزووتنەوەیە ، بزووتنەوەیەكی ئەزموونكارییە و نەوشیروان مستەفا بۆ ئامانجێكی خۆی دروستی كردووە، شكستی ئەم بزووتنەوەیە لەو ئامانجانەی بانگێشەی بۆی دەكرد، خودی نەوشیروان مستەفای دووچاری نائومیدی كرد، هەر بۆیە لە ئێستا كە خۆی نەماوە، ئەوا میراتێكی بەجێهێشتووە كە زەحمەتە بتوانرێت مامەڵەیەكی سیاسیانە لەگەڵ ئەم میراتە بكرێت، سەركردە بە ئەزموونەكانی بزووتنەوەی گۆران لە ئێستاوە لەو راستییە تیگەیشتوون كە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو وەرچەرخانە كارێكی ئاسان نیە و بە ئاسانی بنكەی جەماوەری گۆران لەم وەرچەرخانە تێناگەن و لەوانەیە بۆ لغاوگیركردنی كاردانەوە نەرێنێەكان ، ئەوانیش پێویستیان بە جۆرێك لە هاوكاری بێت بۆ ئەوەی كەفوكوڵی ئەو بنكە جەماوەرییە دابمركێننەوە.
لەم چوارچێوەیەدا گرنگ و پێویستە ئەم وەرچەرخانە وەك كێشەیەكی نیشتمانی سەیر بكرێت و ، تیكرای حزبە سیاسیەكانی كوردستان هاوبەش بن بۆ ئەوەی لایەنە نەرێنەیەكانی ئەم وەرچەرخانە بگۆرن بۆ ئەرێنی و بە بەرژەوەندی كوردستان تەواو بێت و سەرلەنوێ هاوكاری سەركردە بە ئەزموونەكانی بزووتنەوەی گۆران بن بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئەقڵانی گۆڕان تێكەڵاوی پرۆسەی سیاسی بكرێتەوە.
لایەنی سەرەكی كە ئەركی سەرشانی لەم وەرچەرخانە لەهەموو لایەكی دیكە قورستر دەبێت بە پلەی یەكەم سەرۆكی كوردستان دەبێت ، ئەمەش لەبەر ئەوەیە تەنیا ئەو دەتوانێ لەگەڵ هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی ، نەخشەیەكی رێگە بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم وەرچارنە دابرێژنەوە، لەمەش زیاتر تەنیا سەرۆكی كوردستان دەتوانیت كاریگەری خۆی لەسەر پارتی و یەكێتی هەبێت بۆ ئەوەی پارتی و یەكێتی هەتا ئەگەر قوربانی گەورەشیان دابێت، دەبێت مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ ئەم وەرچەرخانە تازەیە بكەن.
كێشەی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەیە بڕوای بە چارەسەر و دیالۆگی سیاسی نیە، بۆیە كاتێك پارتی و یەكێتی پێكەوە و ئەگەر پێویست بوو بەهاوكاری حزبە سیاسیەكانی دیكەی كوردستانیش،دەبێت لەگەڵ سەركردە بە ئەزموونەكانی بزووتنەوەی گۆران كارێك بكەن كە قەناعەتی چارەسەر و دیالۆگی سیاسی لای هەوادار و هەڵسوراوانی بزوتنەوەی گۆران دروست بكەن.
لایەنی نەرێنی لەهەر وەرچەرخانیكی سیاسیدا ئەوەیە لایەنێك خۆی بە كۆست كەتوو و لایەنەكەی تر خۆی بە براوە بزانێت، بەڵام ئەو وەرچەرخانەی چاوەرێ دەكرێت لە پرۆسەی سیاسی كوردستاندا بێتە ئاراوە ، ئەگەر ئەو وەرچەرخانە بەرەو ئاراستەیەكی ئەرێنی ببرێت، ئەوا هەموو لایەنەكانی كوردستان قازانج دەكەن، بەڵام ئەگەر خوانەخواستە بەرەو ئاراستەیەكی نەرێنی ببرێت و دەستی ئەملاو ئەولای تێبكەوێت، هەموو كوردستان زەرەر دەكات، بۆیە لەم وەرچەرخانە سیاسییەدا ، هیچ لایەنێك براوە و ئەوی دیكە كۆست كەتوو نیە، بەڵكو گرنگە هەموو لایەك براوە بێت و كوردستان لە هەنگاو هەڵگرتنی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و پرۆسەی سەربەخۆیی سەركەتوو بێت.
Top