لە پێشوازیی سەرۆكی دەوڵەتێكی رانەگەیەندراودا
May 21, 2017
وتار و بیروڕا
دەوڵەتانی ناوچەكە بە چەند ئاڕاستەیەك مامەڵە لەگەڵ حەتمیەتی دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان دەكەن. هەندێكیان دوور بین و واقیعبین و موحەننەكن لە سیاسەتدا و روناكی مانگەشەو لە ئێوارەوە دەبینن بۆیە لە ئێستاوە وەك دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ كوردستان و وەك دامەزرێنەر و سەرۆكی دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ بارزانی دەكەن. لە ئێستاوە و لە پێشتریشەوە بەدەست و پەنجەی نەرم و عەقڵی كراوەی بێ گرێ و گۆل و دوور لە عینادیی بێ سەمەر، خۆیان بۆ وەها پێشهاتێك ئامادەكردووە و خۆیان لە هەر جۆرە هەستیارییەك بەرامبەر دەوڵەتی كوردستان بەتاڵكردۆتەوە و بناغەكانی پەیوەندی پتەو و ئایندەیی و بەرژەوەندی هاوبەشی لەگەڵ دادەمەزرێنن. پێشوازیی شاهانەی شا عەبدوللای شاهی ئۆردۆن لە سەرۆكی كوردستان، نمونەیەكی دیاری ئەو جۆرەیە لە مامەڵە .
هەندێكی دیكەیان دیسان عەقلانی و سیاسییانە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكە دەكەن و باوەڕیان هێناوە، بەڵام رەنگە رواڵەتە دیبلۆماسییەكانی مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتی كوردستانیان بۆ دوای ئیعلان كردنی هەڵگرتبێ، بۆیە هێشتا كەمێك بەپارێزن.
ئاڕاستەی سێهەم هەندێ دەوڵەتی ناوچەكەن كە هێشتا لە دوڕیان و دڵەڕاوكێدان و نە ئەوەیە بتوانن رێ لەو روداوە مێژوییە حەتمییە بگرن و نە ئەوەیە بە عەقڵێكی كراوەی واقیعبین دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم بكەن. ئەوانە ئەسیری هەندێ قەناعەتی ئایدیۆلۆجی و عینادی سیاسین كە سەردەمەكەی بەسەرچووە و هیچی لێ شین نابێ. ئەوان دەزانن زەمەنی ژێرپێنانی ئیرادەی گەلان و چەپاندنیان بە هێزی ئاگر و ئاسن بەسەرچووە. دەشزانن رەرەوەی روداوەكان لە ناوچەكەدا بەرەو كوێ دەچێ و دەشزانن ئەو رەوتەیان پێ راناگیرێ. بەڵام هێشتا ماویانە لەگەڵ واقیعدا خۆ بگونجێنن و بۆ رایەڵەی بەرژەوەندی و خێری خۆیان لە دروستبونی وەها دەوڵەتێكی حەتمیدا بگەڕێن.
كوردستان بە گوفتار و رەفتار بۆ هەموو دەرو جیران و جیهان و ناوچەكەی سەلماندووە كە سەربەخۆیی و دەوڵەتەكەی ئەگەر بۆ هەموو لایەك مایەی سەقامگیری و ئارامی و دابین كردنی بەرژەوەندی هاوبەش نەبێ، ئەوا بۆ هیچ لایەك نابێتە مەترسی و سەریەشە. ئەوەندە دەمێنی ئەو دەوڵەتە دوودڵ و گومانبارانە بە چاوێكی دیكە لە دۆزی كورد و داواكەی و ئیرادەی بەدەوڵەتبوونی بڕوانن، هاوكێشەكانی ناوچەكە ووردتر بخوێننەوە، بە پێوەری بەراوردی زیان و قازانج لەو پرسە بڕوانن. لە بەر رۆشنایی گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی ناوچەكە و جیهاندا دوبارە چاوێك بە سیاسات وحساباتی ستراتیجی خۆیاندا بگێڕنەوە. ئەوكات رەنگە دەستوپەنجە نەرم كردن لەگەڵ دروستبونی دەوڵەتی كوردستان وەك دراوسێیەك هێندە سەخت و گران نەبێت.
ئەم ناوچەیە لە سایەی سەد ساڵ بندەستیی كورددا هیچ ئارامی و ئیستقرار ئۆقرەییەكی سیاسی بەخۆوە نەدیوە، بە دروستبونی دەوڵەتی كوردستان، لە خراپترین حاڵەتدا ناوچەكە لە ئێستا و لەسەد ساڵی رابردوو بێ ئۆقرەتر نابێت.