پڕچەككردنی یەپەگە
May 16, 2017
وتار و بیروڕا
سەیر ئەوەیە، سیاسەتكارە لۆكاڵییەكانی باشور كە ئێستا سەری زمان و بنی زمانیان پەكەكەیە و پەڕ و پاتاڵەكەی لە جیاتی ئاڵاكانی خۆیان بەرزدەكەنەوە، پێ بزانن یان نا، خۆیان بە حزبێكدا هەڵواسیوە كە ئەو خۆی، خۆی بە پەیەدەدا هەڵواسیوە و دەیەوێ ئەو رۆڵەی كە روداوەكانی سوریا بۆ پەیەدەی رەخساندووە، بۆ خۆی ئیستسمار بكات و لەسەر ناوی خۆی تۆماری بكات و بیخاتە خزمەت ئەجیندا و ئەركە ئیقلیمییە پێسپیێردراوەكەی و ئەویش لە رێی ئەو هەژمون و دەسەڵاتەی چەندین ساڵە بەسەر سالح موسلیم و ئاپۆچییەكانی رۆژئاواوە هەیەتی.
پەكەكە، كە رۆژئاوای كوردستان وەك (حەدیقەی خەلفی) خۆی دەبینێ، لە روداوەكانی سوریاشدا هەر زوو خۆی هەڵقورتاند و چەكی یەكینەكانی (یەپەگە)ی لە فیشەكی كوردایەتی بەتاڵ كردەوە و خستیە خزمەت میحوەری روسی و ئیرانی و بەرەی هیلالی شیعە و بەششارەوە و نەیهێشت بۆ خزمەتی كورد و دۆزی كوردستان ئیستسمار بكرێت. نموونەی (مەنبج) كە سەدان گەنجی كوردی تێدا بەكوشت درا و دوایەش تەسلیمی بەعسی سوری كرایەوە، نمونەیەكی زەقی ئەو راستیەیە.
ئەمریكا كە نەك هەر بەكوشتدانی سەربازی خۆی، بەڵكو ئەگەر ترەمپ زووتر لەسەر حوكم با، ئەو پارەیەشی بە غەدر ئەزانی كە لە شەڕی سوریادا لە خەزینەی ئەمریكا دەرچووە، پێویستی بە هێزێكی سەرزەمین هەیە كە ئەركی رزگاركردنی (رەققە)ی پێ بسپێرێ. ئەو هێزە دەكرێ یەكینەكانی سالح موسلیم بن بەڵام بەمەرجێك، ئەو مەرجەی دەمێكە ئەمریكییەكان لەسەری وەستاون، ئەو یەكینانە لە بن هەژمونی میحوەری روسی ئیرانی بێنەدەرێ و چیتر گوێ لەمستی پەكەكە نەبن و تێبگەن كە شەڕی ئەوان دەبێ بە وەكالەتی ئەمریكا بێت نەك بە وەكالەتی رژێمە قێزەونەكەی بەششار.
پێدەچێ ئەمركییەكان دواجار بەو باوەڕە گەیشتبن كە یەكینەكانی سالح موسلیم بۆ ئەوەی بكەونە سەرپێی خۆیان و بشتوانن خۆیان یەكلایی بكەنەوەو چیتر گوێلەمستی پەكەكە و جێبەجێكاری ئەجیندای ئیقلیمی نەبن، دەبێ بەهێز و پرچەك و بێ منەت بن.
ئەمریكییەكان كە نایانەوێ سیەربازی خۆیان بەكوشت بچێ و لە سوریادا دەمێكە بۆ وەكیل ئەگەڕێن، ئامادەشن نرخی ئەو وەكالەتە بدەن. ئەگەر سالح موسلیم لە گوێلەمستیی پەكەكە و قەوانی بێ مەعنای ( نەتەوەی دیموكراتیك و كانتۆنچێتی و دژایەتی كوردایەتی) رزگار بێت، دەتوانێ بەرامبەر دەوری گرنگی لە شەڕی لەنێوبردنی داعشدا، هاوشانی لایەنە كوردییەكانی دیكەی رۆژئاوا، داوا نەتەوەیی و دیموكراتییەكانی كوردی رۆژئاوا بسەپێنێ، دەتوانێ چیتر وەك رابردوو شەڕ لە پێناوی شەڕدا نەكات و ئامانجێكی پیرۆزی هەبێ.
سەبارەت قومارچییە دۆڕاو و سیاسەتوانە لۆكاڵییەكانی لەمەڕ خۆشمان كە بە بڕیاری پڕچەككردنی پەیەدە، وەك ئەوەی لێكترازان و برینەكانی جەستەی خۆیان تیمار بوبێ و پاشاگەردانییەكەی لای خۆیان چارەسەر بوبێت، شاگەشكەبوون و كەوتونەوە سەرەتاتكێ، حەق وایە ووردتر هاوكێشەكان بخوێننەوە . تێبگەن كە ئەو پڕچەككردنە لە لایەك بۆ گرەنتی تێكشكاندنی داعش و لە لایەكی دیكەشەوە بۆ راكێشانی بەڕەیە لە بن پێی پەكەكە و ئەو سەنگەربەندییە ئیقلیمییەی رۆژ بە رۆژ خۆرئاوابونی نزیكتر دەبێتەوە.