دەبێت پەرلەمانی كوردستان چی بكات؟
May 15, 2017
وتار و بیروڕا
هەر بۆیە پارێزگاریكردن لە گیانی ئەو پێكەوەگونجاندنە نەك هەر تەنیا پێویستییەكی سیاسی و نیشتمانییە، بەڵكو پێویستییەكی دیموكراتییانەشە، لەبەر ئەوەی لەپرۆسەی بونیادنانی دیموكراتیدا بەتایبەتی بۆ وڵاتانی فرەئایین و نەتەوە و پێكهاتەی جیاواز، خودی فەلسەفەی دیموكراتیەت لەسەر بنەمای پێكەوەسازان بونیاد دەنرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دیموكراسیەت لەناو ئەتۆمۆسفێری سازان و پێكەوەگونجانی سیاسیی نێوان لایەن و پێكهاتە جیاوازەكانی ئەو كۆمەڵگەیە گەشە دەكات، ئەم گەشەكردنەش رۆژ لەدوای رۆژ بەردەوام و بەهێزتر دەبێت و ژێرخانێكی پتەو بۆ كۆكردنەوەی هێز و توانای هەموو لایەنەكان دروست دەكات، بۆ ئەوەی پێكەوە هەنگاوەكانی یاسادانان و بڕیاری دروست بۆ گەشەپێدانی كۆمەڵگە دابڕێژن.
ئەم پێشەكییە ئەوەمان پێدەڵێت، كە ئەركی پەرلەمان بۆ نەتەوەكانی هاوشێوەی ئێمە كە بە قۆناخێكی راگوزەر و هەستیاردا تێدەپەڕن، پێش هەموو شت پاراستنی سازان و پێكەوە گونجانی نێوان تەواو هێز و لایەنەكانی ناو پەرلەمانە، بۆیە گرنگە پەرلەمان پابەندی بنەماكانی سازانی سیاسی بێت و هەموو هەوڵیشی بۆ ئەوە بێت ئەو بنەمای سازانەی نێوان لایەنەكان بپارێزێت و هەرگیز بەو ئاراستەیە هەنگاو هەڵنەگرێت كە پرۆسەی سازانی نێوان لایەن و پێكهاتەكان لاواز و لەكەدار بكات، یان هەوڵ بۆ ئەوە بدات لە چوارچێوەی گەمەی كەمینە و زۆرینەی پەرلەمانی لایەنێكی سیاسی پەراوێز بخات.
لەناو هەموو نەتەوەكانی جیهاندا كە هەنگاو بە هەنگاو پرۆسەی دیموكراتییان بەرەو پێشەوە بردووە، پرۆسەی سازانی سیاسی هاوشانی پیادەكردنی پرۆسەی دیموكراتی، پرۆسەیەكی مێژووی دوور و درێژ و ئاڵۆز بووە و رەنگدانەوەی باری سایكۆلۆژیەتی لایەن و پێكهاتە جیاوازەكانی كۆمەڵگە بووە بۆ ئەوەی بتوانن میكانیزمێك بدۆزنەوە بۆ متمانە دروستكردن لەنێوان ئەو پێكهاتە جیاوازانەدا، بۆیە هەر كاتێك شێوازی هەڵسووڕانی كاری پەرلەمانی بەو ئاراستەیە بووبێت، كە دژی سازانی سیاسی بووبێت، ئەوا سەرەنجام بۆتە لێدانی راستەوخۆی تەواوی پرۆسەی سیاسی و پاشانیش پرۆسە دیموكراتییەكە.
لەسەر ئەم باكگراوەندە ئەگەر هەڵوەستەیەك لەسەر كێشەكانی پەرلەمانی كوردستان بكەین، بە ئاشكرا هەست بەو راستییە دەكەین كە كێشەی سەرەكیی پەرلەمانی كوردستان لەو میتۆد و هەنگاوانە خۆی بەرجەستە دەكات كە بە ئاراستەی تێكدانی سازانی سیاسیی نێوان لایەنە سیاسییەكان هەڵگیراون، دەرەنجامی ئەو هەوڵانەش كە دژ بە سازانی نیشتمانی دراون، دەرهاویشتەی زۆر نەرێنی لەسەر تەواوی پرۆسەی سیاسیی كوردستان بەجێهێشتووە.
هەربۆیە ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە خوێندنەوەیەك بۆ ئەدای پەرلەمانی كوردستان بكەین، ئەوا دەبێت ئەو فاكتەرە سەرەكییە دەستنیشان بكەین كە بۆتە هۆكاری ئەوەی پەرلەمان نەتوانێت وەك پێویست ئەدای ئەركەكانی خۆی بكات، كە ئەویش ئەو هەوڵانە بوونە هۆكاری تێكدانی سازانی نیشتمانی و دروستكردنی پەرتەوازەیی لەنێوان فراكسیۆنەكاندا.
لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ناونیشانی ئەم بابەتە و لەخۆمان بپرسین: (ئایا دەبێت لەم قۆناخەدا پەرلەمان چی بكات؟) بێگومان دەبێت هەنگاوی یەكەمی پەرلەمان هەوڵدان بۆ دووبارە رێكخستنەوەی بە ئەرك و ئەولەوییەتی خۆی بزانێت، ئەم ئەرك و ئەولەوییەتەش دەبێتە بنەمایەكی پتەو بۆ ئەوەی بتوانین هێز و ئیرادەی هەموو فراكسیۆنەكانی كوردستان بكەین بەیەك و هەم كێشەكانی ئێستای پێ چارەسەر بكەین، هەمیش رووبەڕووی ئەو تەحەددییانە ببینەوە كە رووبەڕومان دەبێتەوە، لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە رێكخستنەوەی سازانی نیشتمانی دەبێتە ئومێدی گەشبینییەكی گەورە بۆ گەلی كوردستان بۆ ئەوەی پشتیوانی پەرلەمان و حكومەتی خۆی بێت لە بڕیارە چارەنووسسازەكاندا.
لە ئێستادا كە بەرەو پرۆسەیەكی گرنگ و چارەنووسساز هەنگاو هەڵدەگرین، كە ئەویش ئەنجامدانی ریفراندۆمە لە كوردستان، یەكڕیزی و تەبایی لە نێوان لایەنە سیاسییەكان و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە سازان و كۆدەنگی لەسەر ئەم پرۆسە گرنگە دەبێتە پشتیوانییەكی گەورە بۆ سەركەوتنی ریفراندۆم و یەكلاكردنەوەی چارەنووسی گەلی كوردستان، بۆیە لەم قۆناخەدا ئەگەر هەموو لایەكمان بگەڕێینەوە بۆ یەكڕیزی و تەبایی و هەوڵدان بۆ دروستكردنی سازانی نیشتمانی لەناو پەرلەمانی كوردستاندا، ئەوا بێگومان پەرلەمان رۆڵێكی گرنگ و مێژووی خۆی لەم قۆناخە پیادە دەكات و دەبێتە فاكتەرێكی گرنگیش بۆ ئەوەی تەبایی و یەكڕیزی لە نێوان لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستاندا پتەوتر بێت.
لە دوماهیدا جارێكی دیكە جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە ئەركی سەرەكیی پەرلەمانی كوردستان لەم قۆناخەدا ئەوەیە كە هەوڵەكانی بۆ رێكخستنەوەی سازانی نیشتمانی چڕبكاتەوەو ئەگەر سەركەوتوو بین لە دووبارە دروستكردنەوەی ئەم سازانە نیشتمانییەدا، ئەوا هیچ كێشەیەك بوونی نابێت و سەرەنجامیش كاریگەریی تەواوی لەسەر پرۆسەی سیاسی و تەواوی دامەزراوەكانی كوردستانیش دەبێت.
*جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان