گۆڕان دەیەوێت بە مانۆڕیكی دیكە.. هەڵە سیاسیەكانی په‌رده‌پۆش بكات

گۆڕان دەیەوێت بە مانۆڕیكی دیكە.. هەڵە سیاسیەكانی په‌رده‌پۆش بكات
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان گه‌یشتۆته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی دیكه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڕان ئیمزای له‌سه‌ر كردووه‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌م، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماده‌ بێت سه‌رله‌نوێ له‌گه‌ڵ پارتی ده‌ست بكاته‌وه‌ به‌ دیالۆگ و دانوستاندن بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی نوێ متمانه‌ له‌ نێوان پارتی و گۆڕان دروست ببێته‌وه‌ و پاشانیش میكانیزمێكی نوێ ده‌ستنیشان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان گۆڕان و پارتی رێكبخاته‌وه‌.
كه‌واته‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌می ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان پارتی و گۆڕان، گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌یه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، پارتی گه‌یاندۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی هیچ متمانه‌یه‌كی به‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌بێت، له‌مه‌ش زیاتر پارتی گه‌یشتۆته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی هه‌ر رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ گۆڕان دووباره‌ ئیمزا بكرێته‌وه‌، ده‌بێت پێشتر گه‌ره‌نتی دروستبوونه‌وه‌ی متمانه‌ی نیوان گۆڕان و پارتی مسۆگه‌ر كرابێت.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌گه‌ر بیه‌وێت له‌سه‌ر بناخه‌یه‌كی كۆنكرێتی په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ پارتی رێكبخاته‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێت وه‌ڵامی پرسیارگه‌لێكی پارتی و خه‌ڵكی كوردستان بداته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر پارتی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی ده‌ست نه‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌وا هه‌ر رێككه‌وتنێكی دیكه‌ش له‌ نێوانیاندا بكرێت، ئه‌وا گۆڕان رێز له‌ ئیمزای خۆی ناگرێت و هه‌ر كاتێك بۆی بلوێت به‌دژی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ره‌فتار ده‌كات، لێره‌دا گرنگه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆران وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ بداته‌وه‌:
• ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێویسته‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موار بكرێته‌وه‌ و شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك له‌ هه‌ڵبژاردنی راسته‌وخۆوه‌ بگۆڕێت بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا هه‌ڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر سیستمی سیاسیی كوردستان پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی گۆڕانه‌، یان پارتی داواده‌كات له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ سازانی نیشتمانی بكرێت و پاشانیش ئه‌م دوو بۆچوونه‌ جیاواز بخرێته‌ به‌رده‌می گه‌لی كوردستان با گه‌لی كوردستان یه‌كلایی بكاته‌وه‌؟ پرسیاری دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان رێگه‌یه‌كی ئاشتییانه‌ و شارستانییانه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ سیاسییه‌كان ده‌ستنیشان كردووه‌، ئایا بۆچی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان په‌نای بۆ كوده‌تای سیاسی برد؟
• بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌بێت وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی پارتی و خه‌ڵكی كوردستان بداته‌وه‌، ئایا كاتێك ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر رێككه‌وتنێك ئیمزا ده‌كات، رێز له‌ ئیمزاكه‌ی خۆی ده‌گرێت؟ ئه‌گه‌ر ناتوانێت رێز له‌ ئیمزاكه‌ی خۆی بگرێت، بۆچی رێككه‌وتن ئیمزا ده‌كات، یان ئه‌گه‌ر لایه‌نی به‌رامبه‌ر به‌گومان بێت له‌وه‌ی گۆڕان رێزی ئێمزای خۆی ناگرێت، بۆچی رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئیمزا بكات؟ ئه‌م پرسیاره‌ له‌ واقیعه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر متمانه‌ی به‌ به‌ڵێنه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ داوای چوار ساڵ ئارامیی بۆ كوردستان ده‌كرد، رێككه‌وتنی بۆ كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵدا ئیمزا كردووه‌، بۆیه‌ ده‌پرسین ئایا هیچ كێشه‌یه‌كی سیاسیی ئه‌وتۆ دروست ببوو كه‌ گه‌یشتبێته‌ حاڵه‌تێكی چه‌قبه‌ستووی ئه‌وتۆ كه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ ئه‌نقه‌ست ئارامیی كوردستان بشێوێنێت؟ پرسیاری دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان تا ئه‌و ئاسته‌ متمانه‌ی به‌ گۆڕان كردبوو هه‌تا ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته‌ نائارامییه‌كیش رووبكاته‌ كوردستان به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و حزبه‌كانی دیكه‌ چاره‌سه‌ری بكه‌ن، به‌ڵام كاتێك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆی به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست ده‌بێته‌ هۆكار و سه‌رچاوه‌ی نائارامی له‌ كوردستاندا، ئایا رێككه‌وتنێك له‌سه‌ر بنه‌مای چوار ساڵ ئارامی له‌گه‌ڵ گۆڕان ئیمزا كرابێت، چ به‌ها و مانایه‌كی ده‌مێنێته‌وه‌؟
• بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌بێت وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بداته‌وه‌ كه‌ حزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌تان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاراسته‌ی ده‌كه‌ن و پێی ده‌ڵێن: ئایا كاتێك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رێككه‌وتنێك وه‌ك رێككه‌وتنی شه‌وی 18-19ی ئابی 2015 به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی وڵاتان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌گه‌ڵ حزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ئیمزا ده‌كات، ئایا رێزی حزبه‌كان و لایه‌نه‌ ناوبژیوانه‌كان ده‌گرێت؟ ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رێزی حزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی بگرتایه‌، ئه‌وا نه‌ده‌بوو له‌ رۆژی 19ی ئاب له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستاندا ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ژێر پێ بنێت، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت، پارتی دیموكراتی كوردستان چۆن ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رێككه‌وتنێكی كۆن، كه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌ك هه‌ر رێزی رێككه‌وتنه‌كه‌ی نه‌گرتووه‌، به‌ڵكو گاڵه‌ته‌شی به‌ هه‌موو حزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش كردووه‌؟!
ئه‌گه‌ر به‌ وردی سه‌رنج له‌و خاڵانه‌ بده‌ین كه‌ واقیعبینانه‌ ئاماژه‌مان پێكردوون، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌موو هه‌وڵی بۆ ئه‌وه‌یه‌ خۆی له‌م پرسیارانه‌ بدزێته‌وه‌ و ئه‌م پرسیارانه‌ی رووبه‌ڕوو نه‌كرێته‌وه‌، یان به‌ته‌نیا له‌گه‌ڵ پارتی كۆنه‌بێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌ی رووبه‌ڕوو نه‌كرێنه‌وه‌. له‌م پێناوه‌شدا له‌ كۆتایی ساڵی 2015 تا ناوه‌ڕاستی ساڵی 2016، رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كوردستانی به‌جێهێشت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ئه‌و زۆنگاوه‌ بدۆزێته‌وه‌ كه‌ هه‌ر خۆی بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی دروستكردووه‌، به‌ڵام پاش نزیكه‌ی 7-8 مانگ كه‌ له‌ كۆتایی نیسانی 2016 گه‌ڕایه‌وه‌، هه‌موو پیلانه‌كه‌ی ئه‌وه‌ بوو ێه‌كێتی و گۆڕان تێكه‌ڵی یه‌كتری بكاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ حیسابی خۆی هاوسه‌نگیی هێز له‌ كوردستاندا بگۆڕێت، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی زۆر زوو له‌و پیلانه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا تێگه‌یشتن و هه‌ستیان كرد ئه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ رێككه‌وتنی یه‌كێتی و گۆڕان ئامانجیه‌تی، رێكخستنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی و قووڵكردنه‌وه‌ی گیانی پێكه‌وه‌ژیان و فره‌یی سیاسی نییه‌، به‌ڵكو زه‌مینه‌ خۆشكردنه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بچێته‌ ژێر باری هه‌ڵه‌ سیاسییه‌ شكستخواردووه‌كانی گۆڕان و دژی پارتی رابوه‌ستێت، ئه‌مه‌ش واته‌ كاولبوونی كوردستان نه‌ك رێكخستنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی، ئه‌گه‌ر ئامانجه‌كه‌شی كاولكردنی كوردستان و هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ نییه‌ له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتیدا، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا چ كێشه‌یه‌كی قورس و گرانی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌یه‌، هه‌تا به‌دیالۆگ و ئاشتی و دانوستاندن چاره‌سه‌ر نه‌كرێت؟ به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش خوا ره‌حمی به‌ كوردستان كرد و پیلانه‌كه‌ی سه‌ری نه‌گرت.
Top