هەر عێراقییەك لای عێراقییەكی دیكە سەربڕینێك قەردارە!

هەر عێراقییەك لای عێراقییەكی دیكە سەربڕینێك قەردارە!
عەلا موسەوی رەئیسی وەقفی شیعە لە عێراق دەڵێ: مەسیحی و سابیئە و دینەكانی دیكە لە عێراقدا سێ رێگەیان لە پێشە، یان ببنە ئیسلام، یان جزیە بدەن، یان بكوژرێن. سەبارەت موسڵمانانیش مەعلومە كە هەرچی سوونەیە لای شیعەی توندرەو، وەهابی و بكوژی ئەهلوبەیت و خوێن حەڵاڵن، هەرچی شیعەیشە لای سوونەی توندرۆ، رافزی و هەڵگەڕاوە و خوێن حەڵاڵن. ئێ عێراقیش لە سوننە و شیعە و دینەكانی دیكە پێكهاتووە، كەواتە لە كۆتاییدا هەر عێراقییەك لای عێراقییەكی دیكە سەربڕینێك قەرزارە. ئا بەمە دەڵێن (عێراقی یەكگرتوو) و بە (گەلی كورد)یش كە دەیەوێ جیابێتەوە و لەگەڵ خۆی هێندەی دەتوانێ مەسیحی و ئایین و ئایینزاكانی دیكە لەو حەشری سەربڕینە قورتار بكات، دەڵێن ئینفسالی و دابەشكەری عێراق و تێكدەری برایەتی عێراقییەكان!!.
داعش، غەیرە موسڵمانان دەكوژێ یان ناچار بە موسڵمان بوونی زۆرەملێ یان ناچار بە جزیەدانیان دەكات. حەشدی شەعبی دێت و دەیەوێت لەدەستی داعشیان دەربێنێ بۆ ئەوەی دوبارە بیانخاتەوە بەردەم یان كوشتن یان بە موسڵمان بوونی زۆرەملی یان دەفعی جزیە. لەو بەینەشدا (بەناو موسڵمانانی داعش و حەشد) تا دەتوانن سەری یەكتر دەپەڕێنن. كەواتە یەك عێراقی شك نابەیت لای عێراقیەكی دیكە پرۆژەی سەربڕین نەبێت.
بەدبەختی عێراق هەر ئەوە نییە نە بەعسییەكان و نە دەعوەییەكان نەیانزانی و نازانن دیموكراسی و شەراكەت و فیدرالیزم و فرەیی نەتەوەیی و ئایینی یەعنی چی. بەدبەختییەكەی عێراق هەر ئەوەش نییە كە نە ئیرادە و نە بڕیار و نە چارەنوسی لەدەستی خۆیدا نییە، هەر ئەوەندەش نییە كە مەزهەب و میلیشیا و گەندەڵكاران و شۆڤێنییەكان بەرێوەی دەبەن. بەدبەختی گەورەتر ئەوەیە (داعش و حەشد) وەك دوایین پرۆژەی سیاسی و دونیابینی شیعە و سوننەی عەرەب، جگە لەسەری یەكدی، سەری تێكڕای عێراقییە ناموسڵمان و ناعەرەبەكانیش بە شایستەی پەڕاندن دەزانن. بۆیە عێراق بەم رۆژە گەیشت.
لەبەرامبەر ئەم وەحشیگەرییەدا، سەربەخۆیی كوردستان تەنیا ماف و ئاواتێك نییە كورد لە پێناویدا قوربانی دابێت و سوور بێت لەسەر بەدیهێنانی. تەنیا جیابونەوەش نییە لە خەڵكێك كە نە تێگەیشتن شەراكەت یەعنی چی و نە وجود و مافی میللەت و نەتەوەكان دەناسن. نە دەشتوانن لە رابردوو و لە وەهم و لە ئەفسانە قورتار بن و لەگەڵ دونیای سەردەم رێبكەن و ببنە بەشێك لە ئایندە.
سەربەخۆیی كوردستان، خۆجیاكردنەوە و دور كەوتنەوەیە لە سەرزەمینی (سەربڕین) . لە بەناو وڵاتێك كە لەوەتەی هەیە داعش دوای داعش بەرهەم دێنێ و هێشتاش زۆری دیكەی لە هەناودایە. كەواتە كێشە بنەڕەتییەكە نە داعشە و نە حەشد تا بەلەناوچونیان، خۆشبەختی بێتەدی. كێشە بێكۆتا و بنەڕەتییەكە، خودی عێراق خۆیەتی.
Top