خهڵك و سهرۆك
May 9, 2017
وتار و بیروڕا
كەس ناتوانێت نكۆڵی لە ئاستی هۆشیاری گەلی فەرەنسا بكات و مێژووی كۆن و نوێیان شاهیدی ئەو راستییەیە كە ئەوان لە شۆڕشیشدا پێشەنگ بوون و یەكێك لە گەورەترین و مەزنترین شۆڕشەكانی مێژوو بە ناوی گەلی فەرەنساوە تۆمار كراوە كە لەمەودوا بووە سەرمەشقی گەلانی تینووی ئازادی و دیموكراسی.
بۆیە كاتێك ئەو گەلە هۆشیار و رۆشنبیرە كە رۆشنبیرانی سەرقافڵەی نوێبوونەوە و رێنێسانس و مافی مرۆڤ بوون، كە سیستەمی سەرۆكایەتی هەڵدەبژێرن لە خۆڕا نییە و لە ئەنجامی مێژووی دوورودرێژ و ئەزموونی حوكمڕانی ئەو وڵاتە مەزنەیە، بۆیە ئەو تێڕوانینەی كە لای خۆمان هەندێك بانگەشەی بۆ دەكات و دەیەوێت وای نیشان بدات كە سیستەمی سەرۆكایەتی بریتییە لە تاكڕەوی و زەمینەسازی بۆ دیكتاتۆری زۆر دوورە لە راستییەوە.
ئەو سیستەمە سەرۆكایەتییانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەندێ شوێنی تر كە هاتوونەتە كایەوە لە ئەنجامی هەڵبژاردنێكی بێ گەردی سەرتاسەری و بێ گزی و فزی نەبووە، بەڵكوو لە ئەنجامی كۆدەتای سەربازی و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات بە ناشەرعی بووە، بۆیە نابێت هەرگیز ئەو جۆرە سیستەمانە بەو شێوە میكانیكییە بەراورد بكرێت و سیستەمی سەرۆكایەتی پێ ناشرین بكرێت.
لە هەرێمی كوردستانیش كاتێك داوای سیستەمی سەرۆكایەتی دەكرێت ئەویش لە ئەزموونی خەبات و مێژوو و تێكۆشان و قوربانیدانی ئەم گەلەوە بووە كە وڵات پێویستی بە دەستێكی ئەمینە كە لەلایەن زۆرینەی دانیشتووانی وڵات و لە ئەنجامی گشتپرسییەوە هەڵبژێردرێ و دەسەڵاتی بردنەڕێوەی وڵاتی تەسلیم بكرێ و لە پاشاگەردانی و فرە جەمسەری و فرە كوێخایەتی قوتار بكرێ و هاوكات ئەو مافە رەوایەش بە گەل بدرێ كە خۆی نەك چەند حزبێك، سەرۆكی وڵاتی بۆ هەڵبژێرێت، چونكە وەك نموونە دەڵێین گەر سەرۆك لە فەرەنسا لە رێگەی پەرلەمانەوە هەڵبژێردرایە دوور نەبوو – لەگەڵ ئەزموونی دیموكراسی فەرەنساشدا- لە ئەنجامی رێككەوتنی چەند حزبێك بتوانرایە مارین لۆپێن كە نوێنەری راستڕەوەكانی فەڕەنسایە بە سەرۆك هەڵبژێردرێ كە ئەوكات وا نیشان دەدرا گوایە بژاردەی زۆرینەی گەلی فەرەنسا بێت و بەو پێیەش مافی زۆرینەی گەل یان هەر نەبێت ئەوانەی ناحزبین كە دیارە ژمارەیان كەم نەبوو بخورێت و ئەنجامەكەی بە جۆرێك بێت كە بە خواستی زۆرینەی خەڵكی فەرەنسا نەبێت، هەر بۆیەش فەرەنسییەكان ئەو مافەیان لە گەلی خۆیان زەوت نەكردووە وەك هەندێك حزبی لای خۆمان دەیانەوێت، بۆیە ئێستا ئێمانۆئێل ماكرۆن دەتوانێت بە خۆشحاڵییەوە سەرۆكایەتی گەلەكەی بكات چونكە متمانەی لە زۆرینەی گەلی فەرەنسا وەرگرتووە.