بۆ رێگرتن لە فیتنەو ئاژاوە پارتی رێككەوتنی خۆی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوەشاندەوە

بۆ رێگرتن لە فیتنەو ئاژاوە پارتی رێككەوتنی خۆی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوەشاندەوە
پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ له‌ 12ی ئۆكتۆبه‌ری 2015 بڕیاری دا، رێككه‌وتنی خۆی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ و رێگه‌نه‌دات یوسف محه‌مه‌د بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر و په‌رله‌مان بكات به‌ سه‌نگه‌رێكی دیكه‌ی حزبه‌كه‌ی بۆ ته‌واوكردنی كوتاده‌كه‌ی دژی ئارامی و سه‌قامگیریی كوردستان، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "ئێمه‌ ناچار بووین په‌نا بۆ بژاره‌یه‌كی خراپ به‌رین، به‌ڵام ترسی ئه‌وه‌مان هه‌بوو خراپتریش رووبدات."
هه‌موومان ئه‌و رۆژه‌مان له‌به‌ر چاوه‌ كه‌ ئامانجی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باره‌گاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان چی بوو.. بێگومان رێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌وجۆره‌ بیری كردبووه‌وه‌ كه‌ پارتی كاردانه‌وه‌ی توندی به‌رامبه‌ر باره‌گا و مه‌كۆكانی گۆڕان له‌ شاره‌كانی هه‌ولێر و دهۆك ده‌بێت و ئه‌و چۆن باره‌گاكانی پارتی ده‌سووتێنێت، ئه‌وا پارتیش له‌ تۆڵه‌ی باره‌گاكانی خۆی، باره‌گاكانی گۆڕان ده‌ستووتێنێت، ئه‌م مه‌زنده‌یه‌ی رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر بنه‌مای (السن و بسن و العین بلعین) داڕێژدرابوو، به‌ڵام پارتی به‌ میتۆی مه‌هاتما گاندی وه‌ڵامی دایه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر به‌پێی (السن و بلسن و العین بلعین) مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتری بكه‌ین، ئه‌وا هه‌موو گه‌له‌كه‌مان ده‌بێت كوێر و كه‌م ئه‌ندام بێت." هه‌ر بۆیه‌ پارتی بڕیاری دا كه‌ خۆی هه‌موو باره‌گاو مه‌كۆكانی گۆڕان له‌ تووڕه‌یی خه‌ڵك بپارێزێت، ئه‌مه‌شی به‌ به‌رچاوی هه‌موو لایه‌ك ئه‌نجام دا. لۆژیك و ئه‌زموونداری پارتی له‌ سیاسه‌ت و رێزگرتنی فره‌لایه‌نی له‌و ئاسته‌ بوو كه‌ بتوانێت كۆنتڕۆڵی تووڕه‌یی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی خۆی بكات و رێگه‌ نه‌دات ئه‌وه‌ی رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پیلانی بۆ داڕشتووه‌ به‌ ئاسانی سه‌ربگرێت. پارتی له‌وه‌ دڵنیابوو كه‌ خاڵی به‌هێزی پیلانه‌كه‌ی گۆڕان له‌وه‌دایه‌ كه‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان ببێته‌ پاشاگه‌ردانی و ئاژاوه‌، بۆیه‌ كه‌ سنوورێكی بۆ پاشاگه‌ردانی و ئاژاوه‌ی پیلانه‌كه‌ی گۆڕان دانا، هه‌موو شتێك گۆڕانی ریشه‌یی به‌سه‌ردا هات و جارێكی دیكه‌ هاوكێشه‌ی هێز بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئارامی و سه‌قامگیریی كوردستان وه‌رچه‌رخایه‌وه‌.
رێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پیلانه‌كه‌ی به‌وجۆره‌ داڕشتبوو، كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ناتوانێت به‌ به‌رچاوی زیاتر له‌ 30 كونسوڵخانه‌ی وڵاتانی جیهان و باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و نووسینگه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌و بڕیاره‌ بدات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ره‌چاو نه‌كردبوو كاتێك پیلان بۆ پاشاگه‌ردانی و ئاژاوه‌ له‌ كوردستاندا داده‌ڕێژدرێت، ئه‌وا تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌گۆڕێت بۆ به‌راودكردن له‌ نێوان سه‌قامگیری و ئارامی له‌گه‌ڵ پاشاگه‌ردانی و ئاژاوه‌دا، بۆیه‌ ئه‌و چه‌كه‌ی كه‌ دانرابوو له‌ پیلانه‌كه‌ی گۆڕاندا بۆ دروستكردنی ئاژاوه‌ و پاشاگه‌ردانی له‌ كوردستاندا به‌كار بهێنرێت، بریتی بوون له‌ گۆڕینی بنه‌ما و یاساكانی دیموكراتی و پێكه‌وه‌ژیان بۆ چه‌كێك بۆ ئه‌وه‌ی له‌و شه‌ڕه‌دا سه‌ركه‌توو بن، به‌ڵام جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌وه‌ تێگه‌یشت كه‌ بنه‌ما و یاساكانی دیموكراتی چه‌كێك نین بۆ دروستكردنی ئاژاوه‌و پاشاگه‌ردانی، به‌ڵكو ئامرازێكن بۆ به‌دیهێنانی سه‌قامگیری و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر پیلانه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، بووه‌ هانده‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی حزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی ئه‌و چوار لایه‌نه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڕان له‌سه‌ره‌تادا پڕۆژه‌ی هاوبه‌شیان هه‌بوو، هه‌ڵوێستی خۆیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئاشتی و سه‌قامگیریی كوردستان بگۆڕن. ته‌نانه‌ت بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی رێگه‌ی پێنه‌درابوو هه‌ڵسووڕاوه‌كه‌یان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، به‌ڵام په‌رله‌مانتاره‌كانیان له‌ناو په‌رله‌ماندا ده‌وامی ئاسایی خۆیان ده‌كردو ئازادانه‌ش له‌ هه‌ولێره‌وه‌ رای خۆیان بۆ هۆیه‌كانی راگه‌یاندن ده‌گواسته‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی هیچ گوشارێك ببنه‌وه‌، ئێستاش په‌رله‌مانتاره‌كانیان له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستاندا ده‌وامی خۆیان ده‌كه‌ن و هه‌ر له‌سه‌ر خه‌رجی په‌رله‌مانی كوردستانیش سه‌ردانی وڵاتانی جیهان ده‌كه‌ن و هه‌رچی له‌تواناشیاندایه‌ ده‌یخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و واقیعی كوردستان ناشیرین بكه‌ن و كه‌سیش له‌ گوڵ كاڵتریان پێ ناڵێت، ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ هه‌تا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بارودۆخه‌ی نه‌گه‌یانده‌ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان و هه‌موو بنه‌ماو یاساكانی دیموكراتی له‌ كوردستاندا نه‌كاته‌ چه‌كێك بۆ سووتاندنی كوردستان، هیچ بڕیارێكی وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌و بڕیاره‌شه‌وه‌ كه‌ خۆی وه‌ك بژاره‌یه‌كی خراپ ناوی ده‌بات.
دیاره‌ له‌دوای 12ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی عێراقیش، هه‌رچی خراپ و نه‌شیاوه‌ به‌رامبه‌ر كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌و سه‌ربه‌خۆیی و ریفراندۆم ده‌یكات و چۆته‌ حاڵه‌تێكی هیستریای واوه‌ كه‌ هیچ حیسابێك بۆ مێژوو و رای نه‌وه‌كانی داهاتوو دانانێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری حزبه‌ سیاسییه‌كان و خه‌ڵكی كوردستانیش له‌ ئامانجه‌كانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ تێگه‌یشتوون و ده‌زانن بۆ چ مه‌به‌ستێك ئه‌و كارانه‌ ده‌كات و به‌ته‌نیا و یه‌ك باڵ هێشتوویانه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ گۆڕان له‌و به‌رواره‌ به‌دواوه‌ نه‌یتوانیوه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت جێبه‌جێی بكات، له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌قامگیرییه‌كی ته‌واوی ئاسایش و سه‌ربازی و سه‌قامگیرییه‌كی رێژه‌یی سیاسیش له‌ كوردستاندا هاتۆته‌ئاراوه‌، رۆژ له‌دوای رۆژیش سه‌ردانی سه‌رۆك و شاندی وه‌زیرانی ده‌وڵه‌تانی جیهان -به‌ ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش-یشه‌وه‌ بۆ كوردستان زیاتر ده‌بێت و زیاتر رێز له‌ كوردستان ده‌گیردرێت. وێڕای ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ش كه‌ له‌دوای بڕیاره‌كه‌ی ئۆكتۆبه‌ر هاتۆته‌ئاراوه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان، كارنه‌كردنی په‌رله‌مان به‌شێوه‌ی ئاسایی خۆی به‌ كه‌موكورتییه‌كی گه‌وره‌ ده‌زانێت و هه‌موو هه‌وڵی بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌وه‌ تێبگات ئایا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان چ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌یه‌ و ناتوانرێت چاره‌سه‌ر بكرێت؟ پارتی به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا وێڵه‌، ئایا یوسف محه‌مه‌دی هه‌ڵسووڕاوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، سیاسه‌تی حزبه‌كه‌ی جێبه‌جێ كردووه‌، یان ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كردوویه‌تی ره‌نگدانه‌وه‌ی مه‌زاجی كه‌سیی خۆیه‌تی؟ پارتی ده‌یه‌وێت بزانێت كاتێك یوسف محه‌مه‌د ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ژێرپێ ده‌خات كه‌ ئه‌ندامانی جڤاتی حزبه‌كه‌ی ئیمزایان له‌سه‌ر كردووه‌، ئایا یوسف محه‌مه‌د ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یه‌، یان نه‌، یان بۆچی حزبه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ی لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ناكات؟ به‌ دیوێكی دیكه‌دا پارتی ده‌پرسێت: ئایا مانای رێككه‌وتن و هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ حزبێك به‌ناوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ چوار ساڵی ئارامی له‌كوردستاندا ئه‌وه‌یه‌ له‌ پاڵ هاوپه‌یمانی، پیلان بۆ كوده‌تای زۆرینه‌و كه‌مینه‌ی په‌رله‌مانی دابڕێژێت و له‌سه‌ر پرسه‌ نیشتمانییه‌كان پشت له‌ كۆده‌نگیی نیشتمانی بكات؟ پارتی ده‌پرسێت: ئایا په‌رله‌مان سه‌كۆیه‌كه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ و بۆچوونه‌ جیاوازه‌كان، یان سه‌كۆیه‌كه‌ بۆ شه‌ڕه‌ده‌نووكی حزبایه‌تی و لێكترازانی نێوماڵی كورد؟ له‌وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌م پرسیارانه‌دا هه‌تا ئێستاش پارتی چاوه‌ڕێیه‌ گوێی له‌ وه‌ڵامێكی ئه‌رێنییانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بێت و پێكه‌وه‌ دانوستاندنی جددی بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌قبه‌ستووییه‌ بشكێندرێت و گرێكوێره‌ی كێشه‌كان بكرێنه‌وه‌، به‌ڵام جێگه‌ی داخه‌ و هه‌موو كوردستان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش ده‌زانن، كه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هیچ وه‌ڵامێكی ئه‌م پرسیارانه‌ی نه‌ بۆ پارتی و نه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان پێ نییه‌، بۆیه‌ به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ كێشه‌ی تازه‌ دروست بكات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌قامگیریی كوردستان بشێوێنێت و شكسته‌ سیاسییه‌كه‌ی خۆی پێ بشارێته‌وه‌.
لێره‌دا گرنگه‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و بڕوبیانووانه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌یه‌وێت هه‌ڵه‌كانی خۆی پێ په‌رده‌پۆش بكات. بیانووی هه‌ره‌ گرنگ كه‌ به‌رده‌وام ده‌یڵێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كێشه‌ی سیستمی سیاسییان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌یه‌، راشكاوانه‌تر ده‌ڵێن ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت سیستمی وڵات په‌رله‌مانی بێت و پارتی ده‌یه‌وێت سه‌رۆكایه‌تی بێت. ئه‌م بیانووه‌، جیاله‌وه‌ی هیچ حزبێكی سیاسی ئه‌و مافه‌ی نییه‌ جۆری سیستمی سیاسی بۆ وڵات فه‌رز بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نیا گه‌لی كوردستان ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌ چ سیستمێكی سیاسی فه‌رز ده‌كات، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و ره‌شنووسی ده‌ستووره‌ی كوردستان كه‌ له‌ساڵی 2009 په‌رله‌مان په‌سه‌ندی كردووه‌ و ته‌نیا هێنده‌ی مابوو بخرێته‌ ریفراندۆمه‌وه‌، سیستمی سیاسیی كوردستان وه‌ك سیستمێكی په‌رله‌مانی داڕێژدراوه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌و ده‌ستووره‌ی په‌سه‌ند كردووه‌ و پشتگیری لێده‌كات، دوای ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌سه‌ر پێداگرتنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئه‌و ده‌ستووره‌ نه‌ك هه‌ر گه‌ڕاندراوه‌ته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، به‌ڵكو پارتی دیموكراتی كوردستان به‌وه‌ رازی بووه‌ ده‌ستوورێكی تازه‌ بۆ كوردستان بنووسرێته‌وه‌ و ئه‌وكات نوێنه‌رانی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان كه‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور ده‌بن، به‌چ سیستمێك رازی ده‌بن، پارتی دیموكراتی كوردستان پێی پابه‌ند ده‌بێت، له‌مه‌ش زیاتر پارتی له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ پێنج قۆڵییه‌كانیشدا، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پێشنیاری گۆڕینی سیستمی ره‌تنه‌كردۆته‌وه‌ و پێشنیاری ئه‌وه‌ی كردووه‌، له‌نێوان هه‌ردوو بۆچوونه‌كه‌ كه‌ یه‌كه‌میان داوا ده‌كات سیستمه‌كه‌ په‌رله‌مانی بێت و سه‌رۆك له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت، هه‌روه‌ها دووه‌میان داوا ده‌كات سیستمه‌كه‌ هه‌ر په‌رله‌مانی بێت و سه‌رۆك له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت، با رێز له‌هه‌ردوو بۆچوونه‌كه‌ بگیردرێت و ئه‌م پرسه‌ بخرێته‌ به‌رده‌م گه‌لی كوردستان و ئیراده‌ی گه‌ل ده‌نگی بۆ هه‌ر كامیان دا، پارتی پێوه‌ی پابه‌ند ده‌بێت. پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌: ئایا چ جیاوازییه‌ك له‌نێوان بۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر سیستمی حوكمڕانی له‌ كوردستان هه‌یه‌؟ با خوێنه‌ران بۆ خۆیان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بده‌نه‌وه‌.
Top