عێڕاق لە كوردستان جیا بۆتەوە

عێڕاق لە كوردستان  جیا بۆتەوە
لەپاش هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق و لە نیسانی ساڵی 2014دا هەر لە گۆڤاری گوڵانی ئازیزدا بابەتێكم نووسی بەم ناونیشانە: (با لەم هەڵبژاردنەوە هەوڵی ماڵئاواییكردن لەعێراق بدەین) كەتیایدا نووسیبوم:
«چوار ساڵی دی دەگەینە ساڵی 2018، ئەو كات یادی تێپەڕبوونی 100 ساڵ دەبێت بەسەر تەواوبوونی جەنگی یەكەمی جیهان و گەیشتنی هێزەكانی بەریتانیا بە كوردستانی باشوور و 102 ساڵیش بەسەر رێككەوتننامەی (سایكس پیكۆ)دا تێدەپەڕێت، ئایا ئەو كاتیش دەچینە سەر سندوقەكانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، یان ئەوسا خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمانین؟»
ئێستاش لەسەروبەندی ساڵی ئەنجامدانی ریفڕاندۆمداو لەكاتێكدا هەندێك لەدەوڵەتانی دراوسێ باس لەجیابوونەوەی كوردستان لەعێراق دەكەن، پێم باشە بڵێم ئەوە ئێمە نەبووین دەستپێشخەریمان كرد لەجیابوونەوە، بەڵكو ئەوە عێراق بووە كە بەكرداری خۆی لەكوردستان جیا كردۆتەوە، بۆیە ئیدی نابێت كەس خۆی نیگەران بكات لەهەڵوێستی یاسایی و سیاسیمان بۆ ریفراندۆم و بڕیاردانی مافی چارەنووس، چونكە لەدوای پڕۆسەی رزگاركردنی عێراق و بەستنەوەی هەرێمی كوردستان بەعێراقەوە، عێراق رۆژ لەدوای رۆژ بەكرداری كوردستانی بۆ سەربەخۆیی هانداوە بەم هەنگاوانەی لای خوارەوە:
یەكەم: پابەندنەبوون بەجێبەجێكردنی ماددەی 58ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
دووەم: پابەندنەبوون بە جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق.
سێیەم: رازینەبوون بە پێكهێنانی هەرێمی دی وەك بەرجەستەكردنی راستەقینەی عێراقێكی فیدڕاڵ.
چوارەم: پێشێلكردنی رێسای تەوافوق كە بەردی بناغەی عێراقی نوێ بوو.
پێنجەم: هەوڵدان بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە و وازهێنان لەچەمكی شەراكەتی راستەقینە.
شەشەم: بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان.
حەوتەم: كەمكردنەوەو پاشان بڕینی بەشە مووچەی هەرێمی كوردستان.
هەشتەم: بڕینی بەشە چەك و تەقەمەنیی هەرێمی كورستان لەشەڕی دژ بەداعشی تیرۆریستدا.
نۆیەم: بڕینی بەشە دەرمانی هەرێمی كوردستان.
دەیەم: گۆڕینی سیستمی فەرمانڕەوایی لەعێراقدا بۆ حوكمی دینی سیۆكراسی و كاركردن بە فەتوا بۆ دروستكردنی دامەزراوەی دینی و حەشدی شەعبی.
ئەمانەو زۆر خاڵی دی كوردستان دەخاتە بەردەم دوو ئەگەرو هەر دەبێت یەكێكیان هەڵبژێرێت: یان مانەوە لەم عێراقە دواكەوتووەدا، یان راگەیاندنی سەربەخۆیی.
دیاریشە كە خەڵكی كوردستان لە ریفراندۆمێكی جەماوەریدا مافی ئەوەی هەیە خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، چونكە:
یەكەم: ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی مافێكە یاسا نێودەوڵەتییەكان بەگشت گەلانی جیهانی داوە.
دووەم: جینۆسایدكردنی كوردان لەسایەی ئەم عێراقەدا پەیامێك بوو كە بە زۆر پێكەوەلكاندنی گەلان و تێكەڵكردنی خاك و نیشتمانەكان، هەنگاوێكی كارەساتهێنە.
سێیەم: ئێستا كاتی ئەوەیە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی ئێمەو سڕینەوەی گوناهەكانی خۆیان، كە مافی ژیانی ئارەزوومەندانە و مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ ئێمەش بە رەوا بزانن.
چوارەم: لە رووی سیاسییەوە كوردستان ئەزموونێكی دیموكراسیی تا رادەیەكی باش سەركەوتووە لەناوچەكەدا.
پێنجەم: لە رووی ئابوورییەوە خاوەنی نەوت و غاز و كانزای گرانبەهاو رووبەری كشتوكاڵیی فراوانە بۆ ئایندە.
شەشەم: لە رووی كۆمەڵایەتییەوە كۆمەڵگەیەكی كراوەی مەدەنی و پێشكەوتنخوازە.
حەوتەم: رۆڵی ئەكتیڤكردنی سیاسەتی ئاشتیخوازانەی لەسەر پارچەكانی دیكەی كوردستان هەیە.
هەشتەم: لە رووی سەربازییەوە پێشمەرگە وەك سیمبوڵ بۆ هێزێكی نیزامی و خاوەن دیسیپلینی سەربازی و وەك پشتیوانیش بۆ هاوپەیمانیی جیهانی تەماشا دەكرێت.
نۆیەم: هەرێمی كوردستان پێگەیەكە بۆ دامەزراندنی بنكەی هاریكاریی لۆجیستیی لەگەڵ هاوپەیمانانی جیهانیدا.
دەیەم: لە رووی ئایینییەوە كوردستان شوێنی پێكەوەژیان و قبووڵكردنی جیاوازەكان و كەلتووری لێبوردەییە.
كەواتە با كەس تۆمەتی جیابوونەوەمان نەداتەپاڵ، چونكە ئەوە عێراقە بە كرداری لە كوردستان جیابۆتەوە.

Top