نەوشیروان مستەفا پەرلەمانی كردە كارتێكی سووتاو

نەوشیروان مستەفا پەرلەمانی كردە كارتێكی سووتاو
په‌رله‌مانی كوردستان به‌ فه‌رمانی راسته‌وخۆی نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ 19ی ئابی 2015 په‌كخرا، ئه‌و رۆژه‌ی كه‌ یوسف محه‌مه‌دی هه‌ڵسووڕاوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌یتوانی وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مان رێز له‌ رێككه‌وتنی حزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و ناوبژیوانیی نێوده‌وڵه‌تی بگرێت و، ویستی بوونی شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش به‌ فرسه‌ت وه‌ربگرێت و ته‌لاری په‌رله‌مان له‌ده‌زگایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ مه‌كۆی سه‌ره‌كیی گۆڕان و كوردستان بخاته‌ دووڕیانی چاره‌نووسێكی نادیاره‌وه‌.
رۆژی 19ی ئابی 2019، فراكسێۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و راستییه‌یان بۆ ده‌ركه‌وت كه‌ ئامانجی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و هه‌ڵسووڕاوه‌كه‌یان كه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان بوو له‌ پێداگرتن و سووربوون له‌سه‌ر گرێدانی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و پێشێلكردنی رێككه‌وتنی نێوان حزبه‌ سیاسییه‌كان چی له‌ پشته‌وه‌یه‌! هه‌ر بۆیه‌ زۆر جوامێرانه‌ هه‌ڵوێستی خۆیان پیشان داو له‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ و رێگه‌یان نه‌دا نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مان دروست بێت و كوده‌تاكه‌ی رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌ركه‌توو بێت، كه‌ ئه‌نجامدانی به‌ یوسف محه‌مه‌د سپێردرابوو. هه‌ر بۆیه‌ دوای ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان گرێنه‌درا، زۆر له‌ په‌رله‌مانتارانی فراكسێۆنه‌كانی دیكه‌ی ناو په‌رله‌مان له‌ به‌رده‌م مایك و شاشه‌ی تیڤییه‌كاندا رایانگه‌یاند، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌ هه‌رزه‌كارێكی سیاسی ناكرێت و نابێت چاره‌نووسی وڵاتێك بخرێته‌ به‌رده‌ستی هه‌رزه‌كارێكی سیاسی. ئه‌م بڕیاره‌ هه‌ڵه‌یه‌ی رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و جێبه‌جێكردنی له‌لایه‌ن یوسف محه‌مه‌ده‌وه‌ ، په‌رله‌مانی كرده‌ لاشه‌یه‌كی بێگیان، خودی یوسف محه‌مه‌د كه‌ له‌ماوه‌ی 19ی ئاب – 12ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان وه‌ك خۆی مابووه‌وه‌، زۆر به‌ راشكاوانه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ نه‌خوازراو و شه‌رمه‌زارییه‌ی كه‌ بڵێت: چیدیكه‌ ناتوانرێت له‌ ناو ته‌لاری په‌رله‌ماندا كۆبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر هیچ پرسێكی نیشتمانی بكرێت، بۆیه‌ به‌ ناچاری دوای 19ی ئابی 2015، به‌رنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان له‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر گۆڕینی سیستمی سیاسی و كوده‌تاكردن به‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گۆڕدرا بۆ خویندنه‌وه‌ی په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی په‌رله‌مان و پاشانیش موناقه‌شه‌كردنی.
فراكسێۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌نجامنه‌دانی كۆبوونه‌وه‌ی 19ی ئابی 2015ی وه‌ك شكست بۆ ئامانجه‌ شاراوه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌قه‌ڵه‌م نه‌دا، به‌ڵكو ئومێدی خواست كه‌ ئه‌مه‌ په‌ندێك بێت بۆ هه‌موو لایه‌ك و هه‌وڵبدرێت هه‌ڵه‌كانی پێشتر راست بكرێنه‌وه‌ و كێشه‌ چاره‌نووسسازه‌كان به‌ دیالۆگ و كۆده‌نگیی نیشتمانی چاره‌سه‌ر بكرێت، نه‌ك به‌ هه‌وڵدانی لابه‌لا بۆ ئه‌نجامدانی كوده‌تای په‌رله‌مانی به‌ رێگه‌ی زۆرینه‌و كه‌مینه‌ی ناو په‌رله‌مان.
هه‌روه‌ها مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانیش، بێڕێزیكردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی به‌ رێككه‌وتنی حزبه‌ سیاسییه‌كان وه‌ك كارتێكی گوشار دژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌كار نه‌هێنا، به‌ڵكو درێژه‌ی به‌ كۆبوونه‌وه‌ پێنج قۆڵییه‌كان دا، بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانیش به‌خۆیدا بچێته‌وه‌ و هه‌وڵبدات پرسه‌ نیشتمانییه‌كان به‌ دیالۆگ و كوده‌نگیی نێوان حزبه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت.
به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی فراكسیۆن و مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی به‌وجۆره‌ لێكدایه‌وه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ژێر گوشارێكی گه‌وره‌یه‌داو هه‌ر ده‌بێت كوده‌تاكه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ درێژه‌ پێبدات. هه‌ر بۆیه‌ له‌و كاته‌ی كه‌ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندی چوار لایه‌نه‌كه‌ی دیكه‌ له‌ هۆتێلی شاری جوان له‌ كۆبوونه‌وه‌دا بوون، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان خه‌ڵكی نارده‌ سه‌ر شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ناشارستانییانه‌ و دوور له‌ داب و نه‌ریتی كورده‌واری و په‌یوه‌ندی نێوان حزبی سیاسی، شاندی پارتی بخاته‌ ژێر گوشاره‌وه‌ و ناچاریان بكات، یان به‌ خواسته‌ ناشه‌رعییه‌كانی گۆڕان رازی بن، یان كۆتایی به‌ كۆبوونه‌وه‌ پێنج قۆڵییه‌كان بهێندرێت.
له‌ عورفی سیاسه‌ت و دیپلۆماتیی نێوان لایه‌نه‌كان و ته‌نانه‌ت نێوان ده‌وڵه‌ته‌كانیشدا، هه‌ر كاتێك لایه‌نێكی سیاسی، یان ده‌وڵه‌تێك كۆتایی به‌ دیالۆگ و دانوستاندنی ئاشتییانه‌ هێنا، ئه‌وا زانستی سیاسه‌ت له‌مێژه‌ ئه‌و راستییه‌ی ئاشكراكردووه‌ كه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ به‌دوای ئامراز و هۆكاری دیكه‌دا ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی درێژه‌ به‌و سیاسه‌ته‌ نه‌خوزاره‌وه‌ بدات كه‌ به‌ رێگه‌ی دیالۆگی ئاشتییانه‌ بۆی نایه‌ته‌دی.. زانایانی زانستی سیاسه‌ت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن، رێگه‌ی دووه‌م دوای وازهێنان له‌ دانوستاندن و دیالۆگی ئاشتییانه‌، په‌نابردنه‌ بۆ شه‌ڕكردن، یان دروستكردنی ئاڵۆزی و ئاژاوه‌گێڕی، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ردوای كۆتاییهاتنی دوایین كۆبوونه‌وه‌ی پینج قۆڵی له‌ هۆتیلی شاری جوان له‌ سلێمانی، شه‌ڕی خۆی دژی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌و ناوچانه‌ی كه‌ پێی ده‌كرێت، راگه‌یاند، هاوكاتیش تیرۆریستانی داعش هێرشی سه‌ربازیی خۆیان بۆسه‌ر كوردستان ده‌ست پێكرد، به‌داخه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌وجۆره‌ به‌راوردی له‌نێوان راگه‌یاندنی شه‌ڕه‌كه‌ی خۆی دژی پارتی و هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر كوردستان كرد كه‌ ده‌توانێت زۆر به‌ باشی به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بڵێت، تۆ له‌دوو به‌ره‌وه‌ و له‌یه‌ك كاتدا دوو شه‌ڕی چاره‌نووسسازت پێ ناكرێت، به‌ڵام پارتی دیموكراتی كوردستان به‌پشتگیری خه‌ڵك و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و له‌ سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كه‌ زۆر جوامێرانه‌ هه‌ڵوێستی خۆی پیشاندا به‌وه‌ی تێكه‌ڵی كێشه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان نابێت و ئه‌ركی ئه‌و پاراستنی سنووری كوردستانه‌ له‌ تیرۆریستانی داعش، ئه‌وا هه‌م هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان توانی خه‌ونه‌كانی تیرۆریستانی داعش پووچه‌ڵ بكاته‌وه‌ و هه‌میش سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان راشكاوانه‌ وه‌ڵامی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی دایه‌وه‌، به‌وه‌ی كاتێك ئێوه‌ به‌ئاشكرا شه‌ڕ دژی پارتی دیموكراتی كوردستان راده‌گه‌یه‌نن، ئه‌وا پارتی بیه‌وێت، یان نه‌یه‌وێت ناچاره‌ پێتان بڵێت، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌م له‌نێوانماندا هه‌بوو، كۆتایی هات و ده‌بێت به‌ میكانیزم و بیركردنه‌وه‌یه‌كی تازه‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوپه‌یمانیمان له‌ حكومه‌تێكی بنكه‌ فراوانی نیشتمانیدا، دانوستاندن بكه‌ینه‌وه‌و سه‌رله‌نوێ به‌ نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كی تازه‌ ده‌ست پێبكه‌ینه‌وه‌.
ئه‌و بارودۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌پێی ئه‌جیندایه‌كی تایبه‌تی خۆی له‌ كوردستان دروستی كرد، نه‌ك هه‌ر لای پارتی دیموكراتی كوردستان جێگه‌ی قبووڵكردن نییه‌، به‌ڵكو ته‌واوی هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان به‌و چوار لایه‌نه‌شی له‌گه‌ڵ گۆڕان پڕۆژه‌ی هاوبه‌شیان هه‌بووه‌، ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ و ره‌فتاره‌كانی یوسف محه‌مه‌د له‌ رۆژی 19ی ئابی 2015 به‌ هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر خراپ هه‌ژمار ده‌كه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ش دوای ئه‌وه‌ی پارتی بڕیاری دا سنوورێك بۆ شه‌ڕ و ئاژاوه‌گێڕییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دابنێت، هیچ لایه‌نێكی سیاسی به‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ خۆیان له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت نه‌كێشاوه‌ته‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ردا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ نایه‌وێت دان به‌ هه‌ڵه‌كانی خۆیدا بنێت، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پارتی به‌وه‌ رازی بێت، بارودۆخه‌كه‌ وه‌ك رۆژانی پێش 12ی ئۆكتۆبه‌ری 2015 لێبكاته‌وه‌. به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ رۆژانی پێش 12ی ئۆكتۆبه‌ری 2015، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پیلانی چۆنی بۆ تێكدانی كوردستان داڕشتبوو؟ ئایا بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ باره‌گا سووتاندن و كاولكردنی كوردستان؟ ئایا هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان به‌وه‌ رازی بن، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌موو په‌رله‌مان بكاته‌ چه‌كێك و بۆ ئامانجه‌ سیاسییه‌كانی خۆی به‌كاری بهێنێت؟ دیاره‌ پێش هه‌مووان بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆیشی وه‌ڵامی گونجاوی بۆ ئه‌م پرسیارانه‌ پێ نییه‌، ته‌نانه‌ت جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ده‌زانن، هه‌ڵه‌یه‌كی هێنده‌ گه‌وره‌یان كردووه‌، به‌ ئاسانی بۆیان پینه‌ ناكرێت، نوێنه‌ری هیچ ده‌وڵه‌تێكی جیهانیش پشتگیرییان لێ ناكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رێگه‌نه‌دان به‌وه‌ی چیتر یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان بێت، وه‌ك رێگرتن له‌ فیتنه‌و ئاژاوه‌ سه‌یرده‌كه‌ن و هه‌وڵه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك كوده‌تا و دروستكردنی ئاژاوه‌ له‌ كوردستاندا له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.
Top