بۆ ئەوەی (سەربەخۆ بین) دەبێ سەر بە (خۆ )بین

بۆ ئەوەی (سەربەخۆ بین) دەبێ سەر بە (خۆ )بین
بەم رستەیەی سەرەوە، هەڤاڵ مەسرور بارزانی هۆكاری راستەقینەی ناكۆكی نوخبەی سیاسیی كوردستانی لەسەر سەربەخۆیی رونكردەوە. سەربەخۆیی ئیرادەی سەربەخۆییخوازی دەوێ، سەربەخۆیی بە سەربە(خۆ)كان پێشڕەوایەتی دەكرێ. هەر كەس و لایەن و گروپێك ئیرادەی لە دەستی خۆیدا نەبێ، سەر بە (خۆ) نەبێ، ناتوانێ لەو پێشڕەوایەتییەدا جێ بگرێت.
ئەم حەق بێژی و خاڵ لەسەر پێت دانانە، لایەنگەلێكی توڕە و دەهری كردووە، كە هیچ شك نابەن بۆ وەڵامدانەوە و رەتكردنەوە، چەند رۆژێكە لە كاردانەوەی ئەو رستەیەدا، دەستیان داوەتەوە جنێودان و موهاتەراتی ئیعلامیی قێزەون.
ئاخر ئەم رستەیە و ئەم راستییە نكۆڵی لێناكرێت، خیلافی ناوخۆیی نوخبەی كوردستان لەسەر سەربەخۆییە، لەگەڵ دەسپێكی هەنگاوەكانی بەرەو سەربەخۆیی سەریهەڵدا، ئەگەر بەسەد بەهانەی دیكە تەعبیری لێبكرێت، ئەسڵی خیلافەكە وەك خۆی دەمێنێ و پەردەپۆش ناكرێ. هەرچی كرا بۆ گێچەڵنانەوە و ئاستەنگ كردنی هەنگاوەكانی بەرەو سەربەخۆیی بوو. وویستیان بە ناوی دیموكراتییەوە دامەزراوەكانی ووڵات لەو ناوەختەدا پەكبخەن. بە ناوی زۆرینەوە، كۆدەتا بەسەر پرنسیپی سازان و تەوافوقدا بكەن. پەرلەمان لە دەنگی گەلەوە بكەن بە دەزگایەكی یاخی لە ئیرادەی گەل و بەرژەوەندی وڵات. حكومەت بنكۆڵ و هەڵوەشاو و ووڵات بێ سەرۆك و بێ بڕیار بێ، شەقام خرۆشاو و پڕ ئاشوب، خەڵك بێمتمانە و سەلبی و لائوبالی بن،بەشێك لە كوردستان جیاكەنەوە و بیكەنە پاشكۆی بەغدا، وویستیان پێشمەرگە دەستی تفەنگ نەگرێ و كوردستان نەتوانێ دیفاع لە خۆی بكات. ئێستاش دەیانەوێ ریفراندۆم نەكرێ و گەل دەسەڵات و تەفویز نەداتە سەركردایەتییەكەی تا بە ناویەوە ئیعلانی سەربەخۆیی بكات. دواجار دەرفەت لەدەستبچێ و كوردستان بۆ هەتا هەتایە لە بندەستیدا بمێنێتەوە و بەڵام ئامانجەكەی ئەوان بێتەدی كە هیچ نییە جگە لەوەی (نابێ كوردستان لەسەر دەستی بارزانی بگاتە سەربەخۆیی، خوای دەكرد بۆ هەتا هەتایە بە بندەستی دەمایەوە) !!
ئەوانەی ئەم راستییەی سەرەوە ئینكار دەكەن، حاڵی حازر هەموویان برابچوك و هوتافكێشی پەكەكەن. ئەو پەكەكەیەی رێگرتن لە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بە ئەركی مێژویی خۆی دەزانێ و رۆژ بە رۆژ ئاشكراتر دروشم و ئامانجەكەی خۆی ئیعلان دەكات. بێ سڵەمینەوە دەڵێ: ئیمپریالیزم كاتی خۆی رۆژهەڵاتی ناوینی دابەش كردووە، رێگەنادەین لەوە زیاتر دابەشی بكات و (دەوڵەتی فاشیزمیی كوردستان) دروست بكات.
پەكەكە لە ئێستادا هێزی گوێلەمست و تەحتەلتەلەبی داگیركەرانە دژی سەربەخۆیی كوردستان. هیچ ناسنامە و ئیرادە و دروشم و ئامانجێكی نییە جگە لەوەی داگیركەران رایدەسپێرن و فرمانی پێدەكەن.
پەكەكە سەربە (خۆ)ی نییە، بۆیەش دوژمنی سەربەخۆییە، ئەوانەی لە باشور تا توانییان گێچەڵیان بە هەنگاوەكانی سەربەخۆیی كرد و ئێستا هوتاف بۆ پەكەكە دەكێشین و پشتگیریی لێدەكەن، بە چ پێوەرێك سەر بە (خۆ)ن و جیاوازن لە پەكەكە، تا بتوانن (سەربەخۆیی) خواز بن .
Top