میستەرەكان!

میستەرەكان!
دەنگدەران شەرمەزاری نەزانی و نەخوێندەواری نوێنەرەكانیانن. وەك ئەوە وایە منداڵێك شەرمەزاری ئەتواری ناشرینی باوكی بێت !!. تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دوو رۆژە سیغناغن لە سەركۆنەكردنی ئەو چوار كەسەی بە ناوی پەرلەمانەوە بێ ئەوەی كەس سەرپشكی كردبن، چونە ئەوروپا و نمونەیەكی قێزەون لە ( نەخوێنەواری و بێ ئەتەكێتی و گێلایەتی سیاسی و دیبلوماسی)یان خستە پاڵ كورد.
نامەی شەرمئاوەر و بێ مستەوا و پڕ غەڵەت و پەڵەت و هاوكاتیش دژ بە ئاوات و ئامانجەكانی كورد، كە ئەو چوار پۆپۆلیستە بە ناوی كوردەوە و بە هاوكاری پەكەكە، داویانە بە هەندێ پەرلەمانتاری ئەوروپی، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بە داخ و مخابنەوە ئەمدەست ئەو دەست دەكات و هەموان لێی شەرمەزارن.
جاری جاران رژێمەكانی بەغدا، بۆ رێگرتن لە زیادبونی پشتیوانی دەرەكی بۆ كورد و شۆڕشەكەی، پەنایان بۆ زۆر رێكار دەبرد، یەك لەوانە ناردنی هەندێ زۆڵە كورد بوو بە جلی كوردییەوە و لەرێی سەفارەتخانەكانی عێراقەوە بۆ دەرەوە تا لەوێ دژی كورد و شۆڕشەكەی و داوا رەواكانی، بە ناوی كوردەوە قسە بكەن.
ناوەڕۆكی نامە شەرمئاوەر و عەیبدارەكەی ئەو چوار كەسەش كە هیچ نییە جگە لەوەی دەڵێن : كورد نەیتوانیوە خۆی بەڕێوەببات و بۆیە شایانی بەدەوڵەت بوون و سەربەخۆیی نییە، هەمان دیمەنی ئەو كوردە شەرواڵ خوارانەی سەردەمی بەعسمان بیردێنێتەوە.
ئاخر نەك هەر نوێنەرانی كورد، لەم ئان و ساتەدا تەنانەت دۆستانی كورد و ئەوەی بە خوێی چێشتیش پێمان دەگات، دەمیان بە هەر نێوەندێك بگات دیفاع لە مەزڵومی و گەمارۆدروای ئابوری و سیاسی و دیفاع لە مافی موستەحەقی سەربەخۆیی و ئازادی خەڵكی كوردستان دەكەن. حاڵی حازر تەنانەت دوژمنە سەرسەختەكانیشمان شەرم ئەكەن دژی مافی چارەنوسی گەلی كورد بە راشكاوی قسە بكەن و بۆیە پەنا بۆ پەڵپ و بیانوو دەبەن . چ جای كورد هەبن بە ئینگلیزییەكی شەق و شڕ و ئابڕوبەرەوە لێرەوە هەڵتەك هەڵتەك بچنە ئەوروپا و بێ شەرم و سڵەمینەوە هەم بە نەخوێنەواری و بێ ئەتەكێتی و هەم بە هەڵبەستنی درۆ و دەلەسە، هەوڵی ناشرینكردن و ناشایستەكردنی میللەتی خۆیان بدەن.
هەڵوێستی نانیشتمانی و دژە سەربەخۆیی ئەمانە، تەفسیری ناوێ و ناسنامە و پاشخانیان دیارە، بەڵام نەخوێندەواری و نەزانینە ئابڕوبەرەكەیان دوو سێ هۆكاری هەیە :
- ئەمانە لەسەر ئەوە پەروەردە نەبوون وەك نوێنەری گەل لە نێوەندەكاندا دیفاع لە میلەتەكەیان بكەن هەر بۆیە قەت كاریان بە فێر بوونی زمان و ئەتەكێت و پرۆتۆكۆل و رێ و رەسمی ئامادەبوون و قسەكردنی ئەو نێوەندانە نەبووە.
- ئەمانە پۆپۆلیست و كارەكتەری بچوكی لۆكاڵین، ئەهلی چەلەحانێ و زمانی بازاڕی و فڕیودەری عەوام وشەڕە بوتڵی نێو پەرلەمان و رەمللێدان و سێركبازی سەر شاشەی كەناڵە نێوخۆییەكانن. بۆ مەحافلی دەولی و دەرەوە و نێو مەجلیسان ناشێن.
- ئەمانە قاڵبووی كۆڕی خەبات دژی داگیركەر و دوژمنانی كورد نین تا بتوانن نوێنەری دۆزی رەوای گەلەكەیان بن، ئەمانە لە پەنجەرەی تەسكی حزبایەتی لۆكاڵی و لە نێو شەرەبەردی نێوخۆیی مەهزەلەی بەردەركی سەرا و لە دژی موئەسەساتی بە خوێن بەرهەمهاتووی گەلی خۆیان هەڵتۆقین و لەسەری لوتی خۆیان بەرزتر ناتوانن ببینن.
ئەوان خەتابار نین و هەر ئەوەن كە هەن. خەتابار ئێمەی دەنگدەرین، كە زۆر خەمسارد و بێ دیققەت بەشێكی زۆری دەنگەكانی خۆمان دۆڕاند و نەك هەر ئەم چوار میستەرە، پەرلەمانمان پڕ كرد لەم جۆرە میستەرانە تا پەكی كەوت و نەیتوانی ئەركی نیشتمانی و چارەنوسسازی خۆی راپەرێنێ.
با ئەمە دەرس بێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.
Top