پیشەسازیی دوژمنایەتیكردنی دەسەڵات
April 26, 2017
وتار و بیروڕا
زۆر لە مەسەلەكانی ژیان رێكخراون و لەوانەیە یاساكان لە قۆناغێكدا رووبەڕووی بێ توانایی بن، بەڵام لە هەمان كاتدا سەرچاوەكانی یاسا تەنیا دەقی یاسایی نییە، بەڵكو لە عورف و فقه و عادەت و بڕیارەكانی دادگا رۆڵ دەبینن. لەبەر رۆشنایی ئەم خاڵانەی سەرەوە ئەوەی تێبینی دەكرێت لە هەرێمی كوردستان ماوەی نزیكەی 10 ساڵە لە هەوڵدان بۆ بنیادنانی پیشەسازیی دروستكردنی دوژمنایەتی بۆ دەسەڵات، واتە ئەوەی لە دەسەڵاتە تەنیا سەیری لایەنە نێگەتیڤەكانی دەكرێت و بە هیچ شێوەیەك باس لە لایەنە پۆزەتیڤەكانی ناكرێت، وێنەی دەسەڵات زۆر ناشیرین دەكرێت، دەبێت ئەم راستییە بزانین كە پێكهاتەكانی دەسەڵات تەنیا بریتی نییە لە سیاسییەكان، بەڵكو تەكنۆكراتەكان بەشدارن، و بە كاری هاوبەشی سیاسی و تەكنۆكرات كارەكانی دەسەڵات بەڕێوەدەچێت.
ئەم جۆرە پیشەسازییە مەبەستە شاراوەكانی تێكدانی سەقای سیاسی و ئابووری و دروستكردنی گرژیی كۆمەیەڵاتییە، لەئەنجامدا هەوڵدانە بۆ تێكدانی بنەماكانی ئاسایشی نەتەوەیی، ئەم جۆرە پیشەسازییەش وامان لێ دەكات وریا بین و دەبێت بزانین لە رووی یاساییەوە دەكەوێتە خانەی تاوانی دژی ئاسایشی ناوخۆ كە بە ترسناكترین تاوان هەژمار دەكرێن.
زۆر لە دەزگاكانی راگەیاندن و تەنانەت هەندێك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بەشێك لە ئەكادیمییەكان ئەم بابەتە دەقۆزنەوە و بەپێی زۆر لە ئەجێندا و سیناریۆكان دەكەوێتە شاڵاوی دژایەتیكردنی دەسەڵات بەم جۆرە پیشەسازییەوە سوودوەرگرتن لە كەشوهەوای دیموكراسی، تەكنەلۆجیای زانیاری خراپ بەكاردەهێنن، بەتایبەتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەشێك لە دەزگاكانی راگەیاندن.
لە راستیدا ئەوانەی لە پشت ئەم جۆرە پیشەسازییەن، كۆمەڵێ لە گیروگرفت و گرێی سایكۆلۆجی و نەخۆشیی دەروونییان هەیە، بۆیە پێویستە وریا بین، چونكە ئەگەر وابێت، هەموو رووەكانی دەسەڵات ناشیرینە، ئەی بۆ ژیان بەڕێوەدەچێت؟ بۆیە پێویستە لە ئیستادا زەنگی مەترسی بەرامبەر ئەم جۆرە پیشەسازییە لێبدرێت و بە شێوازی هەمەجۆر مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت و رەخنەگرتن لە دەسەڵات دەبێت لە سنووری كارەكانی بێت، نەك پەنا ببردرێت بۆ بابەتەكانی پەیوەست بە كەسایەتی و خێزان و جنێودان. هەروەها پێویستە دەسەڵات پێداچوونەوە بە خۆیدا بكات.