بۆ رزگاربوون لە رژێمی ئەسەد ئەمریكا ناتوانێت پشت بە رووسیا ببەستێت

بۆ رزگاربوون لە رژێمی ئەسەد  ئەمریكا ناتوانێت پشت بە رووسیا ببەستێت
سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بە شێوەیەكی زۆر بەرچاو بەرامبەر سووریا چۆتە پێشێ، هەتا ئەگەر ئەم چوونە پێشە جۆرێك لە سەركێشیش بێت، تەنیا لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا سەرۆك ترەمپ لەسەر دوو ئاست وەرچەرخانی زۆر گەورەی دروست كردووە، یەكەمیان لە دژایەتیكردنی توندیەوە بۆ دەستتێوەردانی سەربازی بۆ فەرماندان بە لێدانی رۆكێت لە رژێمی ئەسەد، دووەم لە رازیبوون بە مانەوەی بەشار ئەسەد لەدەسەڵاتدا بۆ دووبارە جەختكردنەوەی لە رزگاربوون لەدەستی.
ئێستا كاتی ئەوەیە كە هەنگاوی سێیەمیش هەڵبگرێت. بۆ ئەمەش گرنگە ریكیس تیلێرسۆن راشكاوانە لە رووسیا ئاماژە بەوە بدات كە ئیدارەی ترەمپ خۆی ئامادەدەكات بۆ وەرچەرخانێكی دیكە و لەبری ئەوەی ئەولەوییەت بداتە ئەوەی ئەمریكا لەگەڵ رووسیا پێكەوە لە سووریا كار بكەن، ئەولەوییەت بداتە ئەوەی گوشار بخاتە سەر رووسیا بۆ ئەوەی هاوكار بێت لە لابردنی رژێمی ئەسەد، ئەمەش ئەو ستراتیژیەتەیە كە گەورە بەرپرسانی ئەمریكا لە كۆتایی هەفتەی رابردوو چوارچێوەكەیان ئاشكرا كردووە، نیكی هانی باڵیۆزی ئەمریكاش لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئەمەی روون كردۆتەوە و رایگەیاندووە: «لەگەڵ رژێمی ئەسەد و لەژێر چەتری رووسیا بۆ هێشتنەوەی ئەسەد، ناتوانین ئاشتی لە سووریا و ناوچەكە ببینین.» رۆژی دووشەمەی رابردووش تیریزا مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە لێدوانێكی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە «مەی و ترەمپ لەسەر ئەوە هاوڕان، پەنجەرەیەك كراوەتەوە بۆ ئەوەی رووسیا بگەیێننە ئەو قەناعەتەی كە ئەو هاوپەیمانییەی لەگەڵ رژێمی ئەسەد لە بەرژەوەندی ستراتیژیەتی وڵاتەكەی نابێت.»
رۆژی 11ی نیسانی 2017 ریكس تیلێرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەمیانەی كۆنگرەی وەزیرانی دەرەوەی گروپی 7 بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەمریكا ئومێد دەخوازێت كە رووسیا دەستبەداری پشتگیریكردن لە رژێمی ئەسەد بێت و هەروەها لە مۆسكۆش تیلێرسۆن گوتوویەتی كە ئەمریكا ئومێد دەخوازێت رووسیا پشتیگیری خۆی بۆ رژێمی ئەسەد كۆتایی پێ بهێنێت و رزگاربوون لەئەسەد ئامانجێكی ماقووڵە لەبەر ئەوەی ئەسەد ئەو كەسەیە كە كارەساتی بەسەر هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە هێناوە. بۆیە هاتنە پێشەوەی رووسیا لەسەر ئەم پرسە دەبێتە هۆكاری بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، لەبری ئەوەی بەشار ئەسەد پشت بە مۆسكۆ ببەستێت بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا.
بەڵام كێشەی سەرەكی لێرەدا ئەوەیە، كە هیچ گەشبینییەك لە هەڵوێستی رووسیا نابیندرێت كە هاوشانی ئەمریكا بێتەپێشەوە و هاوكار بێت بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، ئەمە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ریكس تیلێرسۆن چ گوشارێك دەخاتەگەڕ بۆ ئەم ئامانجە، بۆیە واقیعەكە ئەوەیە ئەگەر واشنتۆن دەیەوێت بەشار ئەسەدی لە كۆڵ بێتەوە، ئەوا دەبێت ئەم كارە بەدەر لە رووسیا ئەنجامبدات، نەك بە هاوكاری لەگەڵیدا.
ئەم دەرەنجامە دوای ئەزموونی تاڵی چەندین ساڵە لەگەڵ رووسیا دەبێت ئاشكرا بێت و ببێتە وانەیەك بۆ ترەمپ. من وەك یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری ئەوروپا و ئۆراسیا زۆر جاران یاوەری وەزیری دەرەوەی ئەوكات (هیلاری كلینتۆن) بووم، لەو دیدارانەی لەگەڵ هاوشانەكەی سێرگی لاڤرۆڤ ئەنجامی دەدا، من ئامادە بووم كە تیایدا جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە، رووسیا دەست لە پشتیوانی بەشار ئەسەد هەڵبگرێت، بەڵام تەنیا نزیكبوونەوەیەك كە پێی گەیشتین، ئەوە بوو كە هەردوولا پێكەوە بەشداری كۆنگرەی ژنێڤ لە ساڵی 2012 بەسەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بكەن و گەیشتینە ئەوەی رێكبكەوین لەسەر رێككەوتنێك بۆ قۆناخی راگواستنی حكومەتی سووریا و سەركردەكانی ئەم حكومەتەش بە رازیبوونی هەردوولا (رژێمی ئەسەد و ئۆپۆزسیۆن) دەستنیشان بكرێن، ئەم دەستەواژەیە بۆ ئەمریكاو هاوپەیمانە ئەوروپی و عەرەبەكان، مانای ئەوە بوو تەنیا ئەگەر ئۆپۆزسیۆن رازی بێت، ئەگینا ئەسەد دەبێت بروا، بەڵام سێرگی لاڤرۆڤ زۆر بەخێرایی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەم دەستەواژەیە مانای ئەوەیە دەبێت ئەسەدیش رازی بێت، ئەمەش بەو مانایەی كە ئەسەد لەدەسەڵاتدا دەمێنێتەوە.
جۆن كیری كە دوای هیلاری كلینتۆن بووە وەزیری دەرەوە، كاتێك هەوڵیدەدا پشتگیری رووسیا بەدەست بهێنێت بۆ قۆناخی دوای رژێمی ئەسەد، رووبەڕووی هەمان ئەو ئاستەنگانە بووەوە تەنانەت ئەو كاتەی كە ئەمریكا پشتگیرییەكانی بۆ ئۆپۆزسێونی سووری زیاد كرد، رووسیا هەموو ریكارێكی گرتبەر بۆ ئەوی شەڕی ناوخۆ درێژە پێبدات، بیانووی سەرەكیی رووسیاش ئەوەیە كە بەردەوام ئەوەی رەتكردۆتەوە كە سیاسەتەكانی بەشار ئەسەد جۆرێك لە توندڕۆیی ئیسلامی بەرهەم دەهێنێت و پێویستە شەڕی لەگەڵ بكەین.
بەرپرسانی رووسیا بەردەوام ئەوەمان پێدەڵێن ئێمە بەرگریكاری ئەسەد نین، بەڵام هەر زۆر خێرا لەمە گرنگترمان پێدەڵێن و جەخت دەكەنەوە كە ئامادەنین رێگە بدەین ئێوە حكومەتی سووریا دیاری بكەن و ئەو نییەتەشمان نییە پشتی تێبكەین.
هەربۆیە ئەوانەی ئومێد دەخوازن و قەناعەتیان بەو جۆرەیە كە رووسیا لەسەر ئەم پرسە گۆڕانی بەسەردا دێت، یان ئەوانەی بەوجۆرە بیردەكەنەوە كە هەنگاو هەڵگرتن بۆ پێشەوە بەو ئاراستەیە دەبێت، ئەوا لەوە بێئاگان كە رووسیا بەوجۆرە دەبینێت كە قووڵایی بەرژەوەندی رووسیا لەوەدایە ئەسەد لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە. لەبەر ئەم هۆكارانە:
یەكەم: هەر بۆچوونێك باسی گۆڕینی رژێم بكات، ئەوە سەرۆك فلادمێر پۆتین بە توندی رەتیدەكاتەوە، ئەوجا ئەم رژێم گۆڕینە سەبارەت بە عێراق، یان سووریا، یان لیبیا بێت، ئەوا پۆتین زۆر بە توندی لە دژی رادەوەستێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو بەوجۆرە سەیری ئەم بۆچوونە دەكات، كاتێك هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە حەزیان لە حكومەتەكەی خۆیان نەبێت و پەنا بۆ چەك ببەن بۆ گۆڕینی حكومەتەكەیان، ئەوا ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی كە رووسیا بە دوژمنی جیۆپۆلیتكی خۆی دەزانێت، دێن بەدەنگیانەوە و رزگاریان دەكەن. من پێموایە بەشێك لە دەستتێوەردانەكانی رووسیا لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە 2016 بۆ ئەوە بوو هیلاری كلینتۆن بدۆڕێت، بەمەش پۆتین شێتیی گەورەی خۆی لەو ترسە پیشاندا كە هیلاری لە پرسی گۆڕینی رژێمەكانی لە مێشكیدایە، ئەمەش لەبەر ئەوەی هیلاری كلیتۆن زۆر بەتوندی رەخنەی لە هەڵبژاردنە بێ سەروبەرەكەی 2011 ی رووسیا گرت.
هەربۆیە پۆتین هەرچی لە توانایدا هەبێت، دەیكات بۆ ئەوەی گەرەنتی ئەوە بكات، سووریا نەبێتە پێشینەیەك بۆ ئەو حاڵەتەی كە بانگهێشتی هێزی دیكە بۆ ناوچەكە بكرێت، یان هەتا نەبێتە پێشینەیەكیش كە رۆژێك لە رۆژان هاووڵاتیانی رووسیا دەست بدەنە چەك بۆ گۆڕینی دەسەڵاتدارانی ئێستای مۆسكۆ.
هۆكاری دووەم كە مۆسكۆ زۆر دژی گۆڕینی رژیمی ئەسەد لە سوریا رادەوەستێتەوە، لەبەر ئەوەیە رووسیا پێیوایە - ئەم حاڵەتە بێ مەڵامەت نابێت- تەنیا ئاكامەكەی ئەوە نییە كە رژێمێكی پرۆ رۆژئاوای سەقامگیر دێتەكایەوە (كە ئەمە خۆی لە خۆیدا بە تێڕوانینی مۆسكۆ زۆر خراپە)، بەڵام لەمەش زیاتر لە روانگەی مۆسكۆەوە ئەم حاڵەتە تەنیا دەبێتە هۆكاری ئاژاوە و ناسەقامگیری و توندڕۆیی زیاتر لە ناوچەكەدا.
لە خاڵەدا، لەوانەیە رووسیا راستگۆ بێت كە دەڵێت ئێمە خۆشەویستییەكمان بۆ ئەسەد نییە هەتا لەدەستی بدەین، بەڵام تا رادەیەكی زۆر رژێمی ئەسەد لەو سوننە توندڕۆیانە بە باشتر دەزانین كە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی دەتوانن دەست بەسەر دیمەشقدا بگرن، یان لانیكەم لە ناو خۆیاندا شەڕبكەن لەو كاتەی بەكردەیی رژێمی ئەسەد دەڕووخێت.
ریكس تیلێرسۆن لەكوتایی هەفتەی رابردوو لە چاوپێكەوتنێكی رۆنامەنووسیدا گوتی: «ئومێد دەخوازین رووسیا بە هۆشیارییەوە بیر لە بەردەوامیدان بە هاوپەیمانی لەگەڵ رژێمی ئەسەد بكاتەوە.»، ماكماستەری راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیش هەمان ئومێدی دەربڕیوە و دەڵێت: «ئومێد دەخوازین رووسیا ببێتە بەشێك لە چارەسەر، ئەگەر بتوانێت دووبارە هەڵسەنگاندنەوە بۆ ئەو كارانەی بكات كە ئێستا دەیكات.»
بەڵام كێشەكە ئەوەیە رووسیا بەتەواوەتی دەزانێت چی دەكات، زۆر بەجددی بڕیاری داوە كە بەردەوام بێت لەسەری، بۆیە ئەگەر ئیدارەی ترەمپ چاوی لەوەیە كە مۆسكۆ تێڕوانینی خۆی بگۆڕێت، ئەوا دەبێت باشتر لەوە تێبگات كە ئەم پرسە پێویستی بە زیاتر لێدانی گروپێك موشەكە و دەبێت ئەوەش بكرێت.
* فلیپ گۆردن ئێستا توێژەری باڵایە لە ئامۆژگای پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا، لەماوەی ساڵانی 2009-2003 یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە بۆ كاروباری ئاسیا و ئۆراسیا، هەروەها لە ماوەی ساڵانی 2013-2015 یاریدەدەری تایبەتی سەرۆك بووە لە كۆشكی سپی و رێكخەری كاروبارەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا و دەوڵەتانی كەنداو بووە، ئەم وتارەشی لە رۆژی 11ی نیسانی 2017 لە واشنتۆن پۆست بڵاوكردۆتەوە.
Top