كاركردن بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئەركی هەموو لایەكمانە
April 18, 2017
وتار و بیروڕا
كورد وەك نەتەوەیەكی زیندووی رۆژهەڵاتی ناڤین لە رابردوودا رۆڵێكی كارای گێڕاوە لە بیناكردنی شارستانییەتی ناوچەكەدا، بەدڵنیاییەوە ئەگەر بواری پێبدرابایە، ئێستا دەیتوانی رۆڵێكی كاراتر ببینێت لە بیناكردنی كۆمەڵگەیەكی مۆدێرن و دیموكرات لە رۆژهەڵاتی ناڤینداو دەیتوانی نموونەیەكی زیندووی حوكمڕانی و پێكەوەژیان پێشكەشی هەموو جیهان بكات، بێگومان ئەمەش ئەو كاتە دەبێت كەوا گەلی كوردستان سەربەخۆو خاوەن دەوڵەتی خۆی بێت.
سەربەخۆبوونی كوردستان كەوا بابەتی گەرمی ئێستای میدیا جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆییەكانەو بۆتە جێی بایەخ و لێكۆڵینەوەی ناوەندە سیاسی و ئەكادیمییەكانی جیهان، وایكردووە كەوا دۆستمان زێدە بن و بەچاوی هیواوە لێمان بڕوانن. لەسەر ئێمەی گەلی كوردستان و سەركردایەتی سیاسی كوردستانە كەوا بە بایەخەوە لە و پشتیوانییە بڕوانین و ئەو هەلە لەدەست خۆمان نەدەین و بە هەموو لایەكمان و بە هاوبەشی كار بۆ سەربەخۆیی كوردستان بكەین و بیكەین بە پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانی، بۆئەم مەبەستەش پێویستە بە زووترین كات ناوەندی سیاسیی كوردستان رێكبخرێتەوە و لەو پەرشی و بڵاوییە دەرباز بكرێت و (ئەنجومەنی سیاسیی كوردستان) پێكبهێنرێت و تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بگرێتەخۆ.
پێكهێنانی (ئەنجومەنی سیاسیی كوردستان)؛ دەبێتە فاكتەرێكی بەهێز بۆ یەكڕیزی و یەكدەنگیی گەلی كوردستان و كۆكردنەوە و یەكخستنی توانا سیاسییەكانی گەلی كوردستان و، سەرەتایەك دەبێت بۆ خاوكردنەوەی گرژییە سیاسییەكان و كۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكان و دەبێتە مینبەرێكی سیاسیی بەهێزو مۆراڵ بەخش لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە.
دوای پێكهێنانی (ئەنجومەنی سیاسیی كوردستان)؛ پێویستە سەركردایەتی سیاسیی كوردستان (بۆردی سەربەخۆیی كوردستان) پێكبهێنێت، بۆئەوەی ئەم بۆردە بتوانێت كارنامەیەكی گشتگیر دابڕێژێت بۆ چۆنیەتی كاركردن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی كوردستان، بێگومان بۆ ئەمەش دەكرێ سوود لە ئەزموونی زۆر لە میللەتان و وڵاتان وەربگیردرێت، كەوا چۆن كاریان كردووە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی خۆیان.
پێویستە پێكهاتەی (بۆردی سەربەخۆیی كوردستان)؛ بریتی بێت لە كەسانی شارەزا لە یاسا نێودەوڵەتییەكان و كەسانی ناسراوو كاریگەری كورد و بیانی كەوا ناسراو بن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی؛ بۆئەوەی بتوانن لەسەر ئاستی جیهان و لە ناوەندە بڕیاربەدەستەكان، لۆبی بۆ سەربەخۆیی كوردستان بكەن، كەسایەتی وابن كەوا خودان ئەزموون و بەدەسەڵات بن بۆ ئەوەی گوێیان لێبگیردرێت، لەم رووەوەش دۆستی زۆر باشمان هەن.
پرسی (سەربەخۆیی كوردستان)؛ پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە، نەك پرسێكی حزبی، بۆیە پێویستە تەواوی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان لەم پرسەدا راوێژیان پێبكرێت و گوێیان لێبگیرێت و بۆچوونەكانیان بەهەند وەربگیردرێت، ئەمەش وادەكات كەوا ئەم پرسە ببێتە پرسێكی میللی و هەموو لایەك ئەم پرسە بە پرسی خۆی بزانێت و بە گەرمی كاری بۆ بكات.
ئەو هەلەی كەوا ئێستا بۆ گەلی كوردستان رەخساوە، هەلێكی مێژووییە و پێویستە سوودی لێوەربگرین و لەدەست خۆمانی نەدەین و، نەیكەینە قوربانیی بەرژەوەندییە حزبییەكان، لەم پێناوەدا پێویستە هەموو لایەكمان بەرژەوەندیی خۆمان لە بەرژەوەندیی گشتیدا ببینینەوە و، جلی تەنگی حزبایەتی فڕێ بدەین و جلی كوردایەتی بپۆشین.
ئەگەر هەموو لایەكمان سوودمان لەو هەلە مێژووییەی ئێستا وەرگرت و بەیەكەوە كارمان بۆ سەربەخۆیی كوردستان كرد، ئەوا شانازییەكی مێژوویی بۆ گەلی كوردستان تۆمار دەكەین، ئەگەر ئەوەشمان نەكرد، ئەوا مێژوو بەزەیی بەكەسدا نایەتەوە، بۆیە پێویستە بە رۆحییەتێكی نەتەوەیی و نیشتمانی كار بكەین و گەلی كوردستان بگەیەنین بە كەنارێكی ئارام، ئەو كەنارە ئارامەش تەنیا سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە.
١٤ / ٤ / ٢٠١٧ ــــ عەممان
* سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK