پاساوى وره به زێن
April 16, 2017
وتار و بیروڕا
ئێستا مەسەلەی گرنگ بۆ گەلی ئێمە بڕیاردانە لە چارەنووسی خۆی، ئەویش دوای راپرسیەكی سەرتاسەری و فەرمی كە بەو مانایەی حكوومەتی هەرێم خۆی نەك رێكخراوە ناحكومیەكان - وەك ئەوەی 2005 - پێی هەڵبستێت و وەك بەڵگەنامەیەكی فەرمی پیشانیی جیهان بدرێت كە ئەوە ڕای زۆرینەی گەلەكەمانە.
بەڵام سەیر دەكەیت ئەمڕۆ هەندێك لایەن هەر خەریكی گەڕانە بە شوێن بەهانە و دوو دڵ كردنی خەڵكە، لەو پرسەدا دەنا، ئەوە مانای چی كە هەر باس دێتە سەر باسی سەربەخۆیی ئیدی ئەوانە دنیایان لێ دەبێتە چەرمی چۆلەكە و تەنها مەترسیەكان دەبینن و لایەنی ئەرێنی ئەو بابەتە نابینن كە رزگاربوونی ئەم گەلە -لە كارەسات و ماڵوێرانی تر- تەنها بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دەبێت، چونكە ئەوكاتە ئێمەش وەك گەلانی خاوەن دەوڵەت ئەو مافەمان پێ ڕەوا دەبینرێت كە گەلانی تر زۆر لەمێژە بوونەتە خاوەنی و ئیدی مەسەلەكەمان لە مەسەلەیەكی ناوەخۆوە دەگوازرێتەوە بۆ مەسەلەیەكی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی تر دەتوانن لەنێوەندەوڵەتیەكاندا داكۆكیمان لێبكەن و خۆشمان دەبینە خاوەن بڕیار و سیادەی خۆمان.
ئیدی كاتی ئەوە هاتووە واز لە پاساوە ورەبەزێنە بهێنین كە ئیتر سنوورمان بە دەریاوە نییە و ئیتر وڵاتانی دەوروبەرمان بە دەوڵەتی ئێمە رازی نابن و دژی دەوەستنەوە و ئێمە ناتوانین دەوڵەت دروست بكەین چونكە سوپایەكی یەكگرتوومان نییە و حزبەكان لەنێو خۆیاندا ناكۆكن و دەیان بەهانەی تر كە دۆزینەوەیان بۆ ئەوانە زەحمەت نییە.
ئەم بەهانانە وا سەد ساڵە دووپات دەكرێنەوە و هەر جارە و بەشێوەیەكی نوێ دەرخواردی ئەم گەلە دەدرێت و مەبەست لێی تەنها ساردكردنەوە و كەڵەكەكردنی گومانە لای خەڵكی و هیچی تر و تەنها سوودمەندیش لێی هەر حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی بەغدابووە كە لەسەر سیاسەتی نكولیكردن لە مافە بنەڕەتیەكانی گەلەكەمان كە ئەویش دیاری كردنی سنوورەكانی خۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بووە.
ئەوە تەنها گەلی ئێمە نییە كە سنوورەكانی دوورە لە دەریا, ئەوە چیك و ئەوە چاد و ئەوە سویسرا و مەنگۆلیا، ئەفغانستان، نیگەر، مالی، نیپال، زامبیا، نەمسا،. هتد و دەیان نموونەی تر.
بۆ سوپای یەكگرتووش ئەوە ئیسرائیل تا نەبووە دەوڵەت سوپایەكی یەكگرتووی نەبوو، بۆیە بڕوامان وایە ئەمساڵ گەلەكەمان بەزۆرینەی دەنگ ئەو بڕیارە چارەنووسسازەی خۆی دەدات پاساوی ورەبەزێنیش بۆ سەرەنوێلكی مێژوو توڕ دەدا.