بڕیاری بوێرانەی ترەمپ و دوو جەمسەری تازەی نێوان ئەمریكا و رووسیا

بڕیاری بوێرانەی ترەمپ و دوو جەمسەری تازەی نێوان ئەمریكا و رووسیا
پرۆفیسۆر ستیفن بیدڵ راویژكاری پێشووی سوپای ئەمریكا لە عێراق و ئەفغانستان سەبارەت بە بریارە بویرەكەی ترەمپ بە لێدانی 59 رۆكێتی تۆماهۆك لە بنكەی ئاسمانی شوعەیراتی رژێمی ئەسەد لەوتارێكدا نووسیوویەتی : (هێرشی رۆكێتی بۆ سەر سوریا: ئیشتهای ترەمپی بۆ بریاری بوێرانەی دیكە دەكاتەوە)، پرۆفیسۆر بیدڵ كە تایبەتمەندە لە سیاسەتی ئاسایش و بەرگری ئەمریكا ، لەهەمانكاتدا لە نزیكەوەش لەگەڵ پێنتاگۆن و ئیدارەكانی ئەمریكا بۆ چۆنیەتی دروستكردنی بریاری شەڕ كاریكردووە، بۆیە ئەم بریارەی ترەمپ بەبریارێكی لەرادەبەر بوێرانە وەسف دەكات و تەنانەتە دەیگەیەنێتە ئەو ئاستەی كە ترەمپ لەشەوی پێنج شەمە 6/7ی نیسانی 2017 قوماری كردوو و قومارەكەشی بردەوە .
بۆیە چۆن ژەنراڵ ماكئارسەر لە ساڵی 1950 بڕیاری بڵاوە پێكردنی هێزێكی دەریایی زەمینی لەشەڕی ئەنچن لە كوریا دا و پاشان بریاری شەڕی یالۆی بەدوا هات، هەروەها چۆن جۆرج دەبلیو بوش بڕیاری شەڕی ئەفغانستانی داو پاش دووساڵ بریاری شەڕی عێراقیدا، ئەوا ترەمپ زۆر لەوان زیاتر حەزی لە بریاری بوێرانە و موجازەفەی ترسناكە و لەكاری بازرگانیشدا 6 جار لە ئاكامی بڕیاری بوێرانە و موجازەفەكردندا ئیفلاسی كردووە و پاشان بۆتەوە بەسەرۆكی كۆمپانیا و بلوێنێر ، بۆیە لەم روانگەیەوە بیدڵ، داوا لە ستاڤەكەی ترەمپ لە كۆشكی سپی دەكات بەوەی هەنگاوی هەستیار هەڵبگرن و هەوڵبدەن هەندێك لە موجازەفەكانی ترەمپ كەمبكەنەوە.
ئەم خوێندنەوەی ستیفن بیدڵ بۆ سایكۆلۆژیەت و شێوازی بریاردانی ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا ئەوەمان پێدەڵێت، ئەگەر لە شەوی 6/7 نیسانی 2017 موجازەفەی ترەمپ بەرامبەر دیمەشق بووبێت، ئەوا لە ئێستا بەدواوە دەبێت چاوەرێی بڕیاری بوێرانەی ترەمپ بین بەرامبەر بە مۆسكۆ، بەتایبەتی دوای ئەوەی ریكس تیلرسۆن بەدەستی بەتاڵ لە مۆسكۆ گەرایەوە، سەبارەت بەم ئاكامە نەرێنیەی ئەم سەردانە ، فلیپ گۆردن یاریدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەسەردەمی هیلاری كلینتۆن و یاریدەری سەرۆكی ئەمریكا لە ساڵانی 2013- 2015 ، وتارێكی لەرۆژی 11ی نیسانی 2017 لەرۆژنامەی واشنتۆن پۆست بەناونیشانی ( بۆ رزگار بوون لە بەشار ئەسەد: هەرگیز پشت بەرووسیا مەبەستن) بڵاوكردۆتەوە و تیایدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە هەوڵدان لەگەڵ روسیا بۆ ئەوەی ببێتە هاوبەشێكی ئەرێنی لەشەڕی دژی داعش و چارەسەكردنی كێشەی سوریا، ئاسنی سارد كووتانە و دەبێت سەرۆك ترامپ لەسەر چارەسەكردنی پرسی سوریا بەبێ رووسیا هەوڵبدات چارەسەرێك بدۆزیتەوەو بە بریاری بوێرانە هاوشێوەی بریاری لیدانی موشەكەكان مامەڵە لەگەڵ رژێمی سەد بكات. ئەمەش لەو روانگەیەوە دەخاتە روو، كە فلادیمێر پۆتین زۆر دژی گۆڕینی رژێمە دیكتاتۆرەكانە نەك هەر لەسوریا بەڵكو لە عێراق و لیبیا یان هەر شوێنێكی دیكەی ئەم جیهانە بێت، پۆتین بەوجۆرە سەیری ئەم پرسە دەكات ئەگەر گەلێك لە حكومەتەكەی خۆی هەڵبگەرێتەوە و هەوڵبدات بەچەك بیروخێنێت، ئەوا دەرگا دەكاتەوە بۆ ئەوەی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی بەدەنگ ئەو گەلەوە بێن و رزگاریان بكات، پاشانیش لەشوێنی ئەو رژێمە حكومەتێكی سەقامگیری پرۆ رۆژئاوا دروست دەبێت كە دەبێتە مەترسی لەسەر جێۆپۆلتكی رووسیا، لەمەش زیاتر پۆتین وای دەبینیت گۆڕینی رژێمەكان بەزەبری چەك دەبێتە پێشینەیەك بۆ خەڵكی رووسیا و هیچ دوورنیە رۆژێك لە رۆژان خەڵكی روسیا هەوڵبدەن ئەم رژێمەی ئێستای مۆسكۆ بە چەك بگۆرن، بەبۆچوونی گۆڕدۆن هۆكاری دەستێوەردانی پۆتین لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە 2016 بۆ ئەوە بوو هیلاری كلینتۆن بدۆرێت لەبەر ئەوەی هیلاری زۆر جەختی لەسەر گۆرینی رژێمە نادیموكراتی و دیكتاتۆرەكان دەكردەوە.
لێرەوە ئەگەر هەڵوەستەیەكی وورد لەسەر بۆچوونەكانی فلیپ گۆردن بكەین ، ئەو راستییە دەردەكەوێت كە عینادی رووسیا لەسەر مانەوەی بەشار ئەسەد ، چارەسەكردنی هەموو كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراستی تووشی حاڵەتێكی چەقبەستوویی كردووە كە هیچ دەروازەیەكی بۆ هەوڵە هاوبەشە نیودەوڵەتیەكان نەهێشتۆتەوە، بۆیە ئەم باردۆخە پێویستی بەوەیە ئەو حاڵەتی چەقبەسیتووییە بشكێنرێت و سەرۆك ترامپ بریاری بوێرانەی لەبارەوە بدات.
دیارە لەدوای بریارەكەی ترامپ بە رۆكێت بارانكردنی رژێمی ئەسەد ، هەموو ئەوانەی خۆیان بە دژ و لایەنگیری ترامپ دەزانن، لەسەر ئەوە كۆكن بریارەكەی ترەمپ بەرەو پێشەوەچوونێكی تازەی لە سیاسەتی ئەمریكا دروستكردووە و دەبێت ئەم بەرەو پێشەوەچوونەش زیاتر ببێت. بەڵام لەلایەكی دیكەوە زۆر لە چاودێران و ستراتیژزانان مەرجی بەرەوپێشەوەچوونی زیاتر لە سیاسەتی ئەمریكادا گریدەدەنەوە بەوەی كە نابێت دۆناڵد ترامپ هەمان هەڵەكانی هەردوو ئیدارەی جۆرج دەبلیو بوش و باراك ئۆباما دووبارە بكاتەوە، ئەمەش بەو مانایەی ئامانجی سەرەكی نابێت تەنیا بۆ سەركەوتنی شەڕەكان بێت بەڵكو دەبێت بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان و بردنەوەی تەواوی شەرەكە بێت.
كەواتە ئەم ئاراستەیە پێمان دەڵێت ئەگەر ترەمپ بیەوێت شەڕی دژی داعش بەتەواوەتی بباتەوە و سەركەوتنی سەربازی بگۆرێت بۆ سەركەوتنی سیاسی، ئەوا دەبێت پێش ئەوەی جەخت لەسەر تێكشكاندنی داعش لەسوریا بكاتەوە، دەبێت هەوڵبدات سەركەوتنە سەربازیەكەی دژی داعش لە عێراقدا بگۆرێت بۆ سەركەوتنی سیاسی و بردنەوەی تەواوی شەڕەكە، نەك وەك ساڵی 2003 سەرۆك بوش توانی جەنگی كۆتایهێنان بە رژێمی سەدام حوسێن لەماوەی كەمتر لە سێ هەفتە بباتەوە بەڵام شەڕەكەی دۆراند و نەیتوانی عێراق دووبارە بونیادبنێتەوە و پاشانیش باراك ئۆباما لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی خۆتیوەنەگلاندن لە كێشەكان باردۆخەكەی هێندەی دیكە خراپتر كرد، كە نەك هەر بەتەواوی بووە هۆكاری ئەوەی ئەمریكا لە عێراقدا بكشێتەوە، بەڵكو بووە هۆكاری ئەوەی ئەمریكا لە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بە ئاستێك دەستەوەستان بێت كە بگاتە ئەوەی بڵێن سەردەمی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا كۆتایی هات.
ئەم باكگراوەندە مێژووییەی سیاسەتی ئەمریكا لەماوەی كەمتر لە دوو دەیەدا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، ئەوەمان پێدەڵێن كە سەرەتای دروستبوونی شۆرشێك لە كاروباری سەربازی ئەمریكا لەشەڕی ئازادكردنی عێراقەوە لەدەستی سەدام حوسێن دەستی پێكرد و كارەساتی گەورەش كە بەسەر سیاسەتی ئەمریكادا هات لەرۆژهەڵاتی ناوەراستدا لەوەوە دەستی پێكرد كەئەمریكا لەبونیادنانەوەی عێراقدا سەركەتوو نەبوو، بۆیە ئەگەر ئیدارەی ترامپ بیەوێت دەرگایەكی تازە بۆ رۆڵ و پێگە و نفوزی ئەمریكا دووبارە لەرۆژهەڵاتی ناوەراستدا دروست بكاتەوە، ئەوا هەردەبێت لە عێراقەوە و بەشتگیریكردن لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەست پێبكات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كلیكی چارەسەكردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەگشتی و سوریا و عێراق بەتایبەتی لە دووبارە دارشتنەوەی نەخشەی ناوچەكە و رازیبوون لەسەر دروستبوونی دەوڵەتی نوێ دەست پێدەكات.
دیارە هەڵوێستی نەگۆڕی رووسیا لەسەر ئەم هەنگاوانەی ئەمریكا ئەوەیە ، كە ئەو چارەسەری لە عێراقدا دەگیرێتە بەر نەپەرێتەوە بۆ سوریا و لەسوریاشەوە نەپەرێتەوە بۆ شوێنی دیكە، بۆیە لەم حاڵەتەدا چاوەروانی ئیدارەی ترامپ بۆ ئەوەی بە هاوبەشی لەگەڵ رووسیا هەنگاو بۆ چارەسەكردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بگرێت، حاڵەتی چەقبەستوویی زیاتر دەكات و زیاتریش پێگەو نفوزی ئەمریكا لە ناوچەكەدا پاشەكشە دەكات.
لە ئێستادا دروستبوونەوەی حاڵەتی دووجەمسەری لە نێوان ئەمریكا و رووسیا لە رۆژهەڵاتی نیوەگۆی زەوی دەستی پێكردۆتەوە و ، وەك جیمیس جیفری باڵێۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق ئاماژەی پێكردووە ، ئێستا رووسیا وەك سەدەی نۆزدەهەم رەفتار دەكات و دەیەوێت بەزەبری هێز سنوری خۆی فراوان بكات و نابێت ئەمەشی لێ قبوڵ بكرێت، مەرجیش نیە ئەم قبوڵ نەكردنەش بە رووبەرووبوونەوەی سەربازی بێت، بەڵكو ئەمریكا ئامراز و كارتی زۆری لەبەر دەستە بۆ ئەوەی بتوانێت لەم شەڕەدا بەكاریان بهێنێت.
ئەو پسپۆر و تۆژەرانەی كار لەسەر ئاراستەی ستراتیژیەتی ئیدارەی ترەمپ دەكەن، ئەوەیان راگەیاندووە كە ستراتیژیەتی ئەمریكا بۆ سەركردایەتیكردنی جیهان لە ئیدارەی ترەمپدا گۆرانكاری بەسەردا هاتووەو ، ئامانجی سەرەكی ترەمپ ئەوەیە ئەمریكا لە رۆژئاوای نیوەی گۆی زەوی (Western hemisphere) سەركردایەتی بكات و لە رۆژهەڵاتی نیوە گۆی زەویش یاریزانی ژمارە یەك بێت، بۆیە لەم حاڵەتەدا كە ئەمە ستراتیژیەتی ئیدارەی ترەمپ بێت بۆ سەركردایەتی جیهان، ئەوا جارێكی دیكە رووسیا ئەو توانایەی نابێت كە هەموو گۆی زەوی لەگەڵ ئەمریكا بەش بكات، بەڵكو هەوڵدەدات كە هەژموونی خۆی لە رۆژهەڵاتی نیوەی گۆی زەوی هاوشانی ئەمریكا بكات، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا رووسیا ئەمەی بۆ دەكرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەو بریارانە دەیداتەوە كە دۆناڵد ترەمپ لە رۆژانی داهاتوو بۆ ئایندەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەرامبەر رووسیا وەریان دەگرێت.
Top