ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌ی بڕیاره‌ بوێره‌كه‌ی تره‌مپ دروستی كردووه‌

ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌ی بڕیاره‌ بوێره‌كه‌ی تره‌مپ دروستی كردووه‌
كاتێك ئامانجی سه‌ره‌كیی ریچارد نیكسۆن، بووه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت به‌هه‌ر نرخێك بێت شه‌ڕی ڤێتنام كۆتایی پێبهێنرێت، په‌ره‌ی به‌ تیۆری پیاوه‌ شێته‌كه‌ Madman Theory- دا، ئامانج له‌م تیۆره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌یاره‌كانی ئه‌مریكا به‌وجۆره‌ سه‌یری سه‌رۆكی ئه‌مریكا بكه‌ن كه‌ سه‌رۆكێكه‌ زۆر تووڕه‌ و شه‌ڕخواز و سه‌رشێته‌ و كاتێك ده‌چێته‌ پرۆسه‌ی دانوستاندنه‌وه‌ ده‌بێت نه‌یاره‌كه‌ی بزانێت ئه‌گه‌ر ئاكامی ئه‌و دانوستانه‌ به‌دڵی ئه‌و نه‌بێت، یان خواستی ئه‌و سه‌رۆكه‌ سه‌رشێته‌ جێبه‌جێ نه‌كات، ئه‌وا ده‌بێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ش بكات كه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا بڕیارێكی زۆر خراپ و قورس ده‌دات، ئه‌وجا ئاكامه‌كه‌ی هه‌ر كاره‌ساتێك بێت.

له‌و كاته‌وه‌ی تره‌مپ بۆته‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، زۆر له‌ رۆژنامه‌نووس و توێژه‌ران و ته‌نانه‌ت دیپلۆماتكارانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن و ده‌پرسن : ئایا تیۆره‌كه‌ی نیكسۆن به‌سه‌ر تره‌مپدا جێبه‌جێ ده‌بێت، یان نه‌؟ هه‌ندێك پێیانوایه‌ نیكسۆن، كیسنجه‌ری له‌گه‌ڵدا بوو، بۆیه‌ توانی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و تیۆره‌ سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ به‌ده‌ست بهێنێت، به‌ڵام ئایا تره‌مپ كێی له‌گه‌ڵدایه‌ كه‌ بتوانێت هه‌مان سه‌ركه‌وتنی نیكسۆن به‌ده‌ست بهێێنت؟ له‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌شدا ئه‌وانه‌ی باشتر سایكۆلۆژیه‌تی تره‌مپ و شێوازی سیاسه‌تكردنی تره‌مپ له‌ چوارچێوه‌ی هونه‌ری گرێدانی سه‌فقه‌ی بازرگانی ده‌خوێننه‌وه‌، ده‌ڵێن، راسته‌ تره‌مپ ئه‌زموونی نیكسۆنی نییه‌ و هه‌روه‌ها كیسنجه‌ریشی له‌گه‌ڵدا نییه‌، به‌ڵام ئه‌و ستاڤه‌ی هه‌ڵیبژاردووه‌ بۆ راپه‌ڕاندنی ئه‌و ستراتیژه‌ی كه‌ بڕوای پێیه‌تی، ستاڤێكی لێهاتوو و شایسته‌ن و به‌پێی ئه‌و ستراتیژه‌ هه‌ڵبژێردراون كه‌ تره‌مپ ده‌یه‌وێت جێبه‌جێی بكات، بۆیه‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا تره‌مپ راسته‌ خۆی دوایین بڕیار ده‌دات، به‌ڵام ستافه‌كه‌ی هاوكاری ته‌واوی ده‌كه‌ن و بڕیاره‌كه‌ به‌پیی پێویست دروست ده‌كه‌ن. له‌م حاڵه‌ته‌دا مه‌زنده‌ی ئه‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌وه‌ی نیكسۆن له‌چوارچێوه‌ی تیۆری پیاوه‌ شێته‌كه‌ نه‌یتوانی له‌گه‌ڵ هۆشی مینه‌ و ڤێتنام سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌وا تره‌مپ زۆر به‌ باشی ده‌تواێنت به‌رامبه‌ر ئێران و ته‌واوی كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ده‌ستی بهێنێت.

ئه‌م ئاراسته‌یه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌كات، كه‌ تره‌مپ بڕیاری سه‌رپێی نادات و هه‌روه‌ها موجازه‌فه‌ و موغامه‌ره‌ش له‌سه‌ر هیچ پرسێك ناكات، هه‌روه‌ك چۆن ریكس تیلرسۆن پێش ئه‌وه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بێت، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای ئیكسۆن موبیل بووه‌ و هۆكاری سه‌ركه‌وتنیشی له‌ بڕیاره‌كانی ئیكسۆن موبیلدا ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ هه‌رگیز موجازه‌فه‌ و موغامه‌ره‌ی نه‌كردووه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی ئیسكۆن موبیلیشی له‌سه‌رووی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی دیكه‌ سه‌یركردووه‌، بێگومان تره‌مپ-یش به‌هه‌مان شێوه‌ سه‌یری پرسه‌كان ده‌كات و به‌وجۆره‌ بڕیار ده‌دات كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریكا له‌سه‌رووی هه‌موو شتێكی دیكه‌ بێت.

به‌رژه‌وه‌ندیی ئێستای ئه‌مریكا له‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌هه‌ر بڕیارێك ده‌درێت، ئامانج لێی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و بڕیاره‌ خۆی په‌یامێك بێت و كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆست و دوژمنه‌كانی ئه‌مریكا له‌یه‌ك كاتدا هه‌بێت، ئه‌مه‌ش واته‌ له‌لایه‌ك دوژمنه‌كانی ئه‌مریكا له‌و راستییه‌ تێبگه‌ن كه‌ هه‌وڵنه‌ده‌ن ئیراده‌ی ئه‌مریكا تاقی بكه‌نه‌وه‌ و یاری به‌ئاگر نه‌كه‌ن، له‌لایه‌كی دیكه‌ش بۆ دۆستان و هاوپه‌یمانانی ئه‌مریكا مانای ئه‌وه‌یه‌ به‌رژوه‌ندیی ئه‌مریكا له‌وه‌دایه‌ كه‌ دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا به‌هێزبن و بتوانن له‌ شوێنی خۆیان له‌سه‌ر ئاستی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان كۆنتڕۆڵی كێشه‌كان له‌ناوچه‌كانی خۆیان بكه‌ن.

ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌بڕیاری وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازیی ئه‌مجاره‌ی ئه‌مریكا له‌ رژێمی ئه‌سه‌د بده‌ین، ده‌بینین هه‌موو نه‌یار و دوژمنه‌كانی ئه‌مریكا له‌وه‌ تێگه‌یشتن كاتێك به‌رژوه‌ندی و شكۆی ئه‌مریكا پێویستی به‌هه‌ر بڕیار و كاردانه‌وه‌یه‌ك هه‌بێت، ئه‌مریكا چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ناكات ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی شه‌رعییه‌تی نێوده‌ڵه‌تی پێببه‌خشێت و ماوه‌ی چه‌ندین مانگ له‌ناو ئه‌نجومه‌نی ئاسایشدا دانوستاندنی له‌سه‌ر بكرێت و پاشانیش بڕیاره‌كه‌ نه‌درێت، له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی ئه‌مریكاش ئه‌و په‌یامه‌ی پێداین كاتێك به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریكا پێویستی به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پێویست و بڕیاری بوێرانه‌ هه‌بوو، ئه‌وا ئه‌میشیان پێویست ناكات له‌ كۆنگرێسدا بڕیاره‌كه‌ بكه‌وێته‌ به‌رده‌می ململانێی حزبی دیموكراتی و كۆمارییه‌كان و بڕیاره‌كه‌ به‌مردوویی له‌دایك بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌ستووری ئه‌مریكا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی داوه‌ به‌ سه‌رۆك كه‌ بڕیاری خۆی بدات و پاشان كۆنگرێس پرسیاری لێ بكات، ئه‌و بڕیاره‌ی له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك داوه‌، ئه‌م شێوازه‌ بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ مێژووی ئه‌مریكادا ئه‌براهام لنكۆڵن داویه‌تی و له‌هه‌مانكاتیشدا كه‌پیتۆڵ هۆڵی نوێكردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بینانه‌ نوێیه‌كه‌ی كه‌پیتۆڵ هۆڵ له‌سه‌ر بڕیاری شه‌ڕی دژی كۆیلایه‌تی لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت. له‌م بڕیاره‌دا تره‌مپ به‌ هاوشێوه‌ی لنكۆڵن بڕیاریداوه‌ و ئاماده‌شه‌ كۆنگرێس لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا بڕیاره‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ئێستای ئه‌مریكا ئه‌وه‌نده‌ گرنگ بوو كه‌ پێش ئه‌وه‌ی كۆنگرێس لێی بپرسێت چۆن بڕیاره‌كه‌ دراوه‌، پشتگیری خۆیان بۆ بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ ده‌ربڕی.

كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر په‌یامی ئه‌م بڕیاره‌ بۆ نه‌یار و دوژمنه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌وه‌ بووبێت كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا یاری به‌ ئاگر ناكرێت، ئایا په‌یامی ئه‌م بڕیاره‌ بۆ دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا چی بووه‌؟ له‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا دینس رۆس له‌ وتاره‌كه‌یدا ده‌ڵێت: ئه‌م بڕیاره‌ ئاوێكی ساردی كرد به‌ ده‌روونی گه‌رم و تووڕه‌ی دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانمان له‌ عه‌ره‌ب و ئیسرائیل له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ركه‌وت كه‌ ئیداره‌ی تازه‌ی ئه‌مریكا خۆی به‌ به‌رپرسیار ده‌زانێت به‌رامبه‌ر به‌ كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ و چیدیكه‌ ئێران وه‌ك به‌شێك له‌چاره‌سه‌رری كێشه‌كان سه‌یر ناكات، به‌ڵكو وه‌ك سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات، هه‌ر ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ش له‌ پێوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی شا سه‌لمانی پادشای سعودیه‌ و پشتگیری ئیسرائیل و ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی ده‌خوێندرێته‌وه‌ كه‌ خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئه‌و بڕیاره‌ ده‌ربڕی و ده‌وڵه‌تانی ناتۆ و یه‌كێتی ئه‌وروپاشی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی رۆژئاوای له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا پێكه‌وه‌ كۆكرده‌وه‌.

له‌م بازنه‌یه‌دا ئه‌وه‌ روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تانی ناتۆ و یه‌كێتی ئه‌وروپا و هاوپه‌یمانه‌كانی رۆژئاوا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌هه‌مبه‌ر خوێندنه‌وه‌ی كێشه‌كان و یه‌كخستنی هه‌وڵه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌، نه‌بوونی یه‌كده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی بووبێت ، ئه‌وا ئه‌م بڕیاره‌ ئه‌و گرفته‌ی نه‌هێشت و هه‌موو گه‌یشتنه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر جار په‌نابردن بۆ هێزی سه‌بازی كاره‌ساتی مرۆیی نه‌خوازراو به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، به‌ڵام مێژووی دیپلۆماتییش ئه‌و راستییه‌ی سه‌لماندووه‌ ، له‌ زۆر حاڵه‌تدا ئه‌گه‌ر هه‌وڵه‌ دیپلۆماتییه‌كان به‌ هێزی سه‌بازی پشتگیری لێ نه‌كرێت و هێزی سه‌ربازی نه‌كرێته‌ ئامێرێك بۆ خزمه‌تی هه‌وڵه‌ دیپلۆماتییه‌كان، ئه‌وا شه‌ڕی هاوشێوه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كۆتایی نایه‌ت و پاشاگه‌ردانی له‌ناوچه‌كه‌دا كۆتایی پێنایه‌ت.
Top